ئاکسیۆس: ترەمپ کار لەسەر ئەم شەش خاڵە دەکات بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران
  2026-03-23       692       

دوای سێ هەفتە لە شەڕ، ئیدارەی ترەمپ یەکەم گفتوگۆی لەبارەی قۆناغی داهاتوو و چۆنیەتیی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران دەستپێکردووە، بە وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاکسیۆس دەڵێن "سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت ئێران شەش بەڵێن بدات".

 

 ئاوێنە: ترەمپ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە بیر لە"کۆتاییهێنان" بەشەڕەکە دەکاتەوە، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە پێشبینی دەکرێت دوو بۆ سێ هەفتەی دیکە شەڕ بەردەوام بێت.

لەم نێوەندەدا، ڕاوێژکارانی ترەمپ دەیانەوێت دەست بکەن بەدانانی زەمینەسازی بۆ بەشداریکردنی دیپلۆماسی‌و  لەپشت پەردەوە بەپێی سەرچاوەکان، جارێد کوشنەرو ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بەشدارن لەگفتوگۆکان سەبارەت بەئەگەری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.

 ئێران لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار زۆرێک لەو داواکاریانەی ڕەتکردۆتەوە و سەرکردەکانی تاران ئاماژەیان بە سەختی دانوستان لەگەڵ سەرۆکێک کردووە کە لە ڕابردوودا خەریکی دانوستان بووە تەنها بۆ ئەوەی لەناکاو بۆردومانیان بکات.

بەرپرسێکی ئەمەریکی بەئاکسیۆسی راگەیاندووە کە "ڕەنگە بوار بۆ دانوستان هەبێت بۆ گەڕانەوەی سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران".

بەپێی ئاکسیۆس، تیمەکەی ترەمپ لە ئێستادا هەوڵ دەدەن وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییە بدەنەوە کە "لەئێران کێ باشترین کەسە بۆ دانوستان و کام وڵات باشترین ناوبژیوانە؟".

سەرچاوەکان دەڵێن ڕاوێژکارانی ترەمپ دەیانەوێت ئامادەبن لە ئەگەری ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا دانوستان لەگەڵ ئێران شێوەی خۆی هەبێت‌و هەر ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە دەبوو کردنەوەی گەرووی هورمز و چارەسەرکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و هەروەها دامەزراندنی ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و مووشەکی بالیستیک و پشتیوانی لە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا لەخۆ بگرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکاو ئێراندا نەبووە، هەرچەندە میسر، قەتەر و بەریتانیا پەیامیان لەنێوان هەردوولادا گەیاندووە، بە وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی میسرو قەتەر، ئەمریکاو ئیسرائیلیان ئاگادار کردۆتەوە کە ئێران ئارەزووی دانوستان دەکات، بەڵام بە مەرجی زۆر توند.

داواکارییەکانی ئێران بریتین لەئاگربەست، گەرەنتی ئەوەی کە لەداهاتوودا شەڕ دەستپێناکاتەوە، هەروەها قەرەبووکردنەوە.

بەوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی‌و سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاکسیۆس "ئەمریکا دەیەوێت ئێران ئەم شەش بەڵێنە بدات:

١/ بۆ ماوەی پێنج ساڵ هیچ چالاکیەکی مووشەکی ئەنجام نەدات.

٢/ پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنێتە خاڵی سفر.

٣/ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ، کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کران.

٤/ پرۆتۆکۆڵی توندی چاودێری دەرەکی سەبارەت بە دروستکردن و بەکارهێنانی سەنتەرفیوژ و ئامێرە پەیوەندیدارەکان کە دەتوانن بەرنامەیەکی چەکی ئەتۆمی پێشبخەن.

٥/ رێککەوتنی کۆنترۆڵکردنی چەک لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کە کڵاوەی مووشەکی لەهەزار دانە زیاتر نەبێت.

٦/ هیچ بودجەیەک بۆ بریکارەکانی وەک حزبوڵڵا لەلوبنان، حوسییەکان لەیەمەن، یان حەماس لەغەززە دابین نەکات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×