ئا: ئاوێنە
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کە ئاماژە بەو سەرچاوانە دەکات کە دەڵێن سەربازانی کەشتیی یو ئێس ئێس ترابلوس کە دووەم کەشتی هێرشبەری ئەمریکایە، دەگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی هەینی، ئەو ڕۆژە نوێیەی دۆناڵد ترەمپ دیاریکردووە وەک ئۆلتیماتۆم بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەگەڵ ئێران.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، پنتاگۆن بیر لە ناردنی نزیکەی سێ هەزار پەرەشوتەری فیرقەی 82ی ئاسمانی ئەمریکا دەکاتەوە وەک هێزێکی کاردانەوەی خێرا بۆ پشتیوانی لەئۆپەراسیۆنە ئەگەرییەکان لەئێران، بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ کە ناوەندی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، ئەگەر پێویست بکات.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئەو لیوایە کە بەشێکە لە "هێزی کاردانەوەی خێرا"، دەتوانرێت لە ماوەی ١٨ کاتژمێردا لە هەر شوێنێکی جیهان جێگیر بکرێت و دواتر دەتوانێت پشتگیری لە یەکەکانی دەریایی بکات کە پێشتر لە ناوچەکە جێگیرکراون.
بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکان، هێزەکانی مارێنز سەرەتا دەتوانن دەستوەردان بکەن بۆ دەستەبەرکردن و چاککردنەوەی ژێرخانی فڕۆکەخانەکانی دوورگەکە، کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکاوە زیانیان پێگەیشتووە، ئەمەش ڕێگەی بە فڕۆکەکانی گواستنەوەی سی-١٣٠ داوە کە دواتر کەرەستە و پێداویستی و سەرباز بهێننە ناوەوە. پەرەشوتەکانی فیرقەی ٨٢ سەرەڕای کەمی ئامێری قورس، پشتگیرییەکی خێرایان دەکرد و دەیانتوانی یەکەکانی دەریایی بەهێز بکەن دوای هێرشی سەرەتایی.
کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی جیراڵد فۆرد بۆ چاککردنەوە گەڕایەوە بۆ کریت
کەشتیی USS Gerald R. Ford کە گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکایە، دوێنێ ڕۆژی دووشەممە گەیشتە کریت بەمەبەستی چاککردنەوەی. دوایین جار لەمانگی شوباتدا لەوێ وەستابوو بۆ پڕکردنەوەی بەخۆراک و سووتەمەنی و تەقەمەنی پێش ئەوەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت. کەشتییەکە لە 12ی ئاداردا، لەناوەراستی شەڕ لەگەڵ ئێران، لە لەبەشیکیدا ئاگرکەوتەوەو زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. بەو پێیەی ئێستا فۆرد لە یۆناندایە، ئێستا سوپای ئەمریکا تەنها یەک کەشتی فڕۆکەهەڵگری لەم ململانێیەدا هەیە. هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کەشتیی جیراڵد ئاڕ فۆرد بۆ چاککردنەوە گەیشتووەتە دورگەی کریت.
ئیسلام ئاباد: "ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی گفتوگۆکان ئەگەر هەردوولا ڕێکبکەون"
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند، ئیسلام ئاباد "لەئێستاوە ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی دانوستانەکان" لەنێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، دوای چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی تاران ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە واشنتۆن و تاران لە کۆتایی هەفتەدا کەناڵە دیپلۆماسییەکانیان کردۆتەوە".
تاهیر حسێن ئەندرابی وتەبێژی حکومەتی پاکستان وتی "ئەگەر هەردوولا هاوڕا بن، پاکستان هەمیشە ئامادەیە میوانداری وتووێژ بکات".
لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای ئێران و ئەمریکا لێدوانی دژبەیەکیان سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان دوو وڵات بڵاو کردەوە، هاوکات کەناڵە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندن باسیان لەوە کردووە کە تا ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی نوێنەرانی وڵاتانی دیکەوە لە نێویاندا تورکیا و میسر، لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە ڕووی داوە.
سی بی ئێس: "هەواڵگری ئەمریکا مەزەندە دەکات کە دوانزە مین لە گەرووی هورمزدا هەبن"
بەرپرسانی ئەمریکا بە کەناڵی سی بی ئێسیان ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا گەرووی هورمز پڕ بووە لەدەیان مینی ئێرانی، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان کە ئاماژەن بۆ بوونی ئامێری ژێر ئاو بەدرێژایی ڕێڕەوی ستراتیژی، کە بۆ بازرگانی جیهانی زۆر گرنگن.
ئەو مینانەی ئێران بەکاری دەهێنێت، پێدەچێت لە ناوخۆدا بەرهەم هێنراو بن.
ینێت: "واشنتۆن ٩ی نیسان دیاریدەکات بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ"
بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، واشنتۆن ڕۆژی ٩ی نیسانی وەک وادەی ئامانج بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە دیاری کردووە و نزیکەی ٢١ ڕۆژ ماوە بۆ بەردەوامبوونی شەڕ و دانوستانەکان.
ڕۆژنامەی ینێتی ئیسرائیلی لەمبارەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە پاکستان ئەنجام بدرێت و واشنتۆن ئیسرائیلی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاگادار نەکردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە لە کۆتاییدا دەڵێت، کۆتاییهێنان بە شەڕەکە تا ئەو وادەیە دەتوانێت ڕێگە بە ترەمپ بدات لە ڕۆژی سەربەخۆیی (کە ئەمساڵ دەکەوێتە ٢٢ی نیسان) سەردانی ئیسرائیل بکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئیسرائیل.