ئاکسیۆس: ترەمپ پێشنیاری نەتانیاهۆی ڕەتکردەوە بۆ ئەوەی داوا لەگەلی ئێران بکەن راپەڕن
  2026-03-26       294       

ئا: ئاوێنە

 

ئاکسیۆس دەڵێت "ناتانیاهۆ و ترەمپ ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی چاوەڕێ بکەن و بزانن ئایا ئێرانییەکان لەڕۆژی نەورۆزدا بۆ ناڕەزایی دەربڕین دەچنە سەر شەقامەکان یان نا".

 

دوو بەرپرسی ئەمریکی‌و سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە"ئاکسیۆس"یان راگەیاندووە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەفتەی ڕابردوو ویستویەتی داوا لەئێرانییەکان بکات بڕژێنە سەر شەقامەکان‌و ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بەحکومەتەکەیان، بەڵام سەرۆک ترامپ پێی ڕاگەیاندووە کە "ئەوە زۆر مەترسیدارە".

ئاکسیۆس دەڵێت "ترەمپ لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییاندا، بە نەتانیاهۆی وتووە، بۆچی بەخەڵک بڵێین بڕژێنە سەر شەقامەکان لەکاتێکدا دەکوژرێن؟".

ئەمریکاو ئیسرائیل لەسەر زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانی شەڕەکە کۆکن، بەڵام بۆچوونیان جیاوازە لەسەر پرسی گۆڕینی ڕژێم لەئێران.

لە کاتێکدا نەتانیاهۆ ئاماژە بە دروستکردنی هەلومەرجی ڕاپەڕینی جەماوەری دەکات لە نێوان ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیلدا، بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ترەمپ مکوڕ نییە لەسەر ئەوە. هەرچەندە لەسەرەتای شەڕەکەدا وتی کە گەلی ئێران دەرفەتی ئەوەیان دەبێت کە دەست بەسەر حکومەتدا بگرن کاتێک ئۆپەراسیۆنە شەڕکەرەکانی ئەمریکا کۆتایی دێت، بەڵام لەو کاتەوە بە دەگمەن ئەو شتەی دووبارە کردووەتەوە.

ئیسڕائیلییەکان سێشەممەی ڕابردوو لە لێدانی جیادا، عەلی لاریجانی، بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و ڕێبەری بەوەکالەتی دیفاکتۆی وڵاتەکەیان و غوڵامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزی بەسیجیان لەگەڵ چەند یاریدەدەرێکی کوشت.

کاربەدەستانی ئیسرائیل دەڵێن، کوشتنی فەرماندەی بەسیج بەمەبەستی ڕاپەڕینێکی جەماوەری بووە، چونکە ناوبراو بەرپرسیار بووە لەسەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.
چەند کاتژمێرێک دوای کوشتنەکە، نەتانیاهۆ لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ وتویەتی ڕژێمی ئێران لەپشێویدایەو پەنجەرەیەکی دەرفەت هەیە بۆ زیاتر تێکدانی سەقامگیریی‌و ناتانیاهۆ پێشنیاری کردووە کە خۆی و ترەمپ بانگەوازێکی گشتی پێکەوە بۆ گەلی ئێران بکەن کە بێنە سەر شەقامەکان‌و راپەڕن.

بەڵام ترەمپ نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی کە بانگەوازێکی لەو شێوەیە تەنیا دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژی. پێش شەڕەکە هەزاران خۆپیشاندەری ئێرانی کوژراون. هەربۆیە نەتانیاهۆ بەتەنیا چووەتە بانگەوازەکەی کردووە.

نەتانیاهۆ، لەبارەگای هێزی ئاسمانییەوە قسەی کردو وتی "فڕۆکەکانمان، لەشەقام و گۆڕەپانە گشتییەکان هێرش دەکەنە سەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، ئەمەش بەمەبەستی ڕێگەدان بەگەلی ئازای ئێرانە کە جەژنی نەورۆز بکەن، داواکارم بچنە دەرەوەو ئاهەنگ بگێڕن، ئێمە لەئاسمانەوە چاودێری دەکەین".

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×