"حەج‌و عومرە"ش بووە بەمۆدیل
  2026-03-27       876       
ژنێک: بەم عومرەو شتانە مێردەکەم‌و ماڵە خەوزورانم گەوجاندووە

ئا: شیلان محەمەد

 

چەند ساڵێکە خەڵکێکی زۆر دەچنە عومرە، بەشێکیان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنها بۆ "خۆدەرخستن‌و نمایش" دەچن‌و بەکردەوە فڕیان بەسەر پابەندبوون بەڕێسا ئایینییەکانەوە نییە،  سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فتواش لەکوردستان دەڵێت "ئامۆژگاریمان بۆ عومرەکاران ئەوەیە کە بەئیخلاسەوە بچن بۆ عومرە، بۆ خۆدەرخستن‌و گەشت‌و پیاسەو کات بەسەربردن نەچن، بەپارەی حەڵاڵ بچن‌و تێکەڵ بەنامەحرەم نەبن، واز لەسێڵڤیگرتن‌و نیشاندانی خۆشیان بهێنن".

 

جاران پیرەکان دەچوون‌و ئێستا گەنجەکان

دایکی مەئوا تەمەنی ٣١ ساڵەو  یەکێکە لەو ژنانەی ساڵی ٢٠٢٣ چۆتە عومرەو ئاماژە بەوە دەکات  کە لەحەج‌و عەمرەی ئێستادا جیاوازییەکی زۆر هەیە بەتایبەت لەڕووی گەشتن بەشوێنەکە، ئەو وتی "جاران گەشتن ئاسان نەبوو، ئێستا ئاسانکارییەکی زۆر کراوە، هەم لەڕووی هاتنەوەی ڤیزا بۆ سەردانکردن، هەم لەوڕووەشەوە کە ئەوانەی توانای گەشتکردن بەفڕۆکەیان نەبێت دەتوانن بەپاس‌و  ئۆتۆمبێل بچن تا خەرجییان کەمتر بێت، جیاوازیەکی دیکەش ئەوەیە لەڕابردوودا بەتەمەنەکان دەچونە حەج‌و عومرە، ئێستا زیاتر گەنجن".

وتیشی "هەرچەندە کۆمەڵێک گەنج هەن هێشتا عەقیدەیان تەواو نییەو ئامادە نین دەسبەرداری هەندێ شتی دوور لەئایین بن، بەڵام وەک مۆدێلێک دەچن‌و بووە بەمۆدەو زۆرێک بۆ چاولێکەری‌و لەبەر خاتری دوو وێنەو سناپ ئامادەن دووبارەو سێبارەش بچنەوەو هیچ گۆڕانکاری لەخۆشیان ناکەن، تەنانەت ئێستا وایلێهاتووە کە بەشێک لەکوڕان پێشنیاری مارەیی بەعەمرەیەک دەکەن بۆ کچان‌و دەیانەوێ بەو شتانە قۆڵیان ببڕن".

 

عومرەش بووە بەقیست

هەروەها مامۆستا موحسین، کە ساڵی ٢٠٠٦ سەردانی حەجی کردوە، بەئاوێنەی وت "ئێستا زۆر ئاسانکاریی بۆ عومرە کراوە بۆیە خەڵک بەزۆری ڕوی تێدەکات، بۆ نمونە کاتی خۆی تاوەکو ساڵی ٢٠١٠ بەئاسانی پاسپۆرت دەرنەدەکرا، هەروەها ئاسانکاری ڕێگای هاتوچۆکەی، دەیان کۆمپانیاش لەشارو شارۆچکەکان ریکلامی بۆ دەکەن".

وتیشی "ئێستا گەر کەسێ لەڕووی ماددیش توانای نەبێت، دەتوانێت بەقیست بڕوات، هەندێک کەسیش وەک گەشتێک، وەک ڕیایی دەچێتە سەردانی ماڵی خودا، بەڵام کاتی خۆی وا نەبوو".

 

"بەم عومرەو شتانە مێردەکەم‌و ماڵە خەوزورانم گەوجاندووە"

بەسۆز (ناوێکی خوازراوە)، یەکێکە لەو ژنانەی تەمەنی ٣٩ ساڵەو تا ئێستا سێ جار چووە بەعومرە، ئەوەش ناشارێتەوە کە جارێکیان لەگەڵ هاوڕێیەکی پیاوی نامەحرەمدا رۆشتووە، جارێکیشیان کچە تمەن ١٩ ساڵەکەشی لەگەل خۆی بردووە، ئەو بەئاوێنەی وت "عومرە خێرەو بۆ رزق‌و رۆزییە، هەر جارێک هاتومەتەوە هەر زوو بەتاڵ بووەتەوە، لەبەر ئەوەی فێری گەڕان‌و ئەمسەرو ئەوسەرو پۆشینی جلوبەرگێکی کراوە بووم‌".

وتیشی "بەڵام ئەوەی باشە بەم عومرەو خۆبەئیماندار پیشاندان‌و دانانی ئایەت‌و حەدیسانە لەسەر پرۆفایلی سۆشیال میدیاکانم، مێردەکەم‌‌و ماڵە خەزورانم گەوجاندووە".

 

"ئەوانەی دەچن بۆ عومرە واز لەسێڵڤیگرتن‌و خۆنمایشکردن بهێنن"

پرۆفیسۆر دکتۆر حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فتوا لەکوردستان، بەئاوێنەی وت  "ئێمە ناتوانین دڵ‌و نییەتی خەڵکی بخوێنینەوە هەتا بزانین نییەتیان چییە بۆ دەچنە سەفەری پیرۆزی عومرە، موسوڵمان پێویستە گومانی چاک بەرێت،  ئامۆژگاریمان بۆ عومرەکاران بەگشتی ئەوەیە کە بەئیخلاسەوە بچن، بۆ دونیاو شوهرەت‌و خۆدەرخستن‌و گەشت‌و پیاسەو کات بەسەربردن نەچن، بەپارەی حەڵاڵ بچن‌و ئیسراف‌و زیادەڕەوی نەکەن، خۆیان بپارێزن لەتێکەڵی بەنامەحرەم، کاتەکانیان زیاتر لەخزمەت حەزرەتی پێغەمبەر‌و مزگەوتی حەرامدا بەسەر بەرن، واز لەسێڵڤیگرتن‌و نیشاندانی خۆیان بهێنن، چونکە ئەسڵ لەبەندایەتیدا شاردنەوەو سەترە نەک راگەیاندن‌و ئاشکرا کردنی".

وتیشی "ئێمەش پێمان وایە کە حەرامە بەبێ مەحرەم ئافرەت بچێتە حەج‌و عومرە، مەگەر لەگەڵ کۆمەڵێک ئافرەتی متمانەپێکراودا بن، ئەوکات دروستە بڕۆن، بەڵام پاش وەرگرتنی مۆڵەت لەمێردو سەرپەرشیارەکانیان، لەوێش پێویستە لەیەکتر نەپچڕێن‌و تێکەڵی نامەحرەم نەبن، چونکە پیرۆزی ئەو جێگە زۆر هەستیارەو پێویستە زۆر بەچاکی پارێزگاری لەسنووری شەریعەت بکەن".

لەبارەی ئەوەی ئایا حەج‌و عومرە کردن بووە بەبازرگانی، ئەو وتی "بێگومان مەبەستی بازرگانی شاراوە نییە لەکاری کۆمپانیاکانی حەج‌و عومرەداو بۆ خۆشیان نایشارنەوە، ئەوەش دروستە بەڵام لەچوارچێوەی شەرعدا، بۆیە پێویستە هاوکاربن، چاوچنۆک نەبن، ئیستیغلالی  کاتە پیرۆزەکانی وەک مانگی رەمەزان نەکەن، بەهیچ شێوەیەک فێڵ نەکەن لەعومرەکاران".

 

لیژنەی فتوا: نابێت ژنان بێ مەحرەم‌و کچان بەتەنها بچن بۆ عومرە

کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمی بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج‌و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوانەی دەچنە حەج‌و عومرە دیارە مەبەستیان لەوەیە عیبادەت بکەن، گەر بۆ گەشتێک بوایە دەچونە جێگاو وڵاتێکی دیکە، ئەوەش رووندەکاتەوە کە حکومەتی سعودییە چەند ڕێنماییەکی نوێی دەرکردووە کە نابێت ژنان بێ مەحرەم بچنە سەردانی حەج یاخود عومرە، ئەو وتی "حەج جیایە لەگەڵ عومرە، ئێمە لەحەج  سیستەمێکمان هەیە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، هیچ ژنێک بێ مەحرەم تۆمار ناکەین، پێنج پۆڵینمان هەیە، ژن بەتەنها، ژنی تەمەن گەورە، پیاو بەتەنها، ژن‌و مێرد پێکەوە، ئافرەت‌و کوڕی خۆی، هەروەها پیاوێک کە حەجی کردووە دەیەوێت جارێکی دیکە خێزانەکەی لەگەڵ خۆی ببات، دەتوانێت دووبارە ناوی خۆی بنوسێت، پۆڵینی پێنجەمیش کە سیانییە ژن‌و مێردو دایک یان باوک، یاخود دوو خوشک‌و برایەک، برایەک‌و دایکێک‌و خوشکەکەی، هەر ژنێکیش سەرو ٤٥ ساڵ نەبێت ناوی نانوسرێت بۆ حەج".

لەبارەی عومرەش، ستونی وتی "ڕێژەی عومرەکاران بەرەو زیاد بوون چووە، لەبەرئەوە لیژنەی فتوا پێش چەند ڕۆژێک فتوای دەرکردووە بەپشت بەستن بەو فتوایانەی پێشتر هەبووە، بەگوناهی دەزانن ئافرەت بچێتە عومرە بێ مەحرەم، ئەمە ئەو کچانە دەگرێتەوە کە بەتەنها دەچن، هەر ئافرەتێک هاوسەریشی هەبێت تەمەنی خوار ٤٥ ساڵ بێت، نابێت بێ مەحرەم بچن‌و ئێمەش پشتگیری لەو بڕیارەی لیژنەی باڵای فتوا دەکەین، چونکە ئەمە پرسێکی تایبەتە بەلیژنەی فتواو داواکاریشین لەهاوڵاتیان پابەند بن پێوەی".

 

"عومرەکردن واجبە نەک مۆدە"

دکتۆر عەبدوڵا کەلاری پێشنوێژو وتار خوێنی مزگەوتی ئاشتی کەلار، جەغت لەوە دەکات کە حەج‌و عومرە کردن واجبە لەدیندا نەک مۆدێل، ئەو بەئاوێنەی وت "چەند مەرجێک دەبێت لەکەسێکدا هەبێت پێش ئەوەی بچێتە سەردانی حەج‌و عومرە، دەبێ کەسێکی موسڵمان بێت‌و توانای دارایی‌و جەستەیی باش بێت، حەج‌و عومرە وەکو پەرستشەکانی تر دەبێ ببێتە مایەی ڕەنگدانەوەی ڕەوشتی بەرز بۆ نێو کۆمەڵگا، ئەگەرنا تەنها خەرجکردنی ماڵێکەو هیچیتر، سەفەرێکی بێ بەرهەم دەبێت‌و هیچ بەرهەمێکی بۆ دواڕۆژ نابێت".

وتیشی "ئەگەر کەسێک پارەی تەواوی پێنەبێت، بۆچی بەقەرز دەچێ‌و پارە لەحەج‌و عومرەدا خەرج دەکات؟! بچێت منداڵەکانی تێر بکات باشترە، خودا هیچ پێویستی بەم جۆرە پەرستشانە نییە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×