ئا: هێڤی ئاوات
هەرێمی کوردستان لەچەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی فراوانی هێرشی درۆنیو مووشەکی بەخۆیەوە بینی، ژمارەی هێرشو قوربانییەکان لەهەڵکشاندان، ئامانجەکانیش فراوانتر دەبن، شارەزایەکی کاروباری سەربازیو ئەمنی دەڵێت "هەرچەندە هەموو بەرپرسانی هەرێم جەغت لەوە دەکەن کە ههرێمی كوردستان بهشێك نییه لهشهڕو ناشبێته پێگهیهك بۆ نیگهرانیی ئێرانی دراوسێمان، بەڵام ئێران بەگومانەوە لەکورد دەڕوانێتو هێرشو هەڕەشەکانی بەردەوام دەبێت".
شەهید کەیوان مزەفەر، یەکێک بوو لەو شەش شەهیدەی، کە بەرەبەیانی رۆژی ٢٤ی ئازار، لەئەنجامی هێرشی مووشەکی بالیستی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لەسپیلک لەسنووری سۆرانو لەگوندی کەڵەکینی خەلیفان، شەهید بوون.
"شوان" برای شەهید کەیوان، بەدڵێکی خەمبارو پڕ کەسەرەوە باس لەوە دەکات کە کەیوانی برای تەمەنی ٢١ ساڵ بووەو ماوەی ١٠ مانگە هاوسەرگیری کردووەو هاوسەرەکەی دووگیانەو چاوەڕوانی لەدایکبوونی منداڵەکەیان بوو، بەڵام بەرلەوەی جگەرگۆشەکەی ببینێ، بەمووشەکی ئێران شەهید بوو، ئەو بەئاوێنەی وت "کەیوانی برام ماوەی سێ ساڵە بووە بەپێشمەرگە، ئێوارەی پێش رووداوەکە بەئۆتۆمبێلەکەی خۆم گەیاندمە شوێنی دەوامەکەی، نیو کاتژمێریش لەگەڵ هاوڕێکانی مامەوە، شەو هەر دەنگی درۆنو مووشەک دەهات لەسۆران، کاتژمێر ٤ی بەیانی ئامۆزایەکمو دوای ئەویش برادەرێکم تەلەفونی بۆ کردم وتیان مووشەک لەسپیلکی داوە، زانیبوویان کەیوان لەوێیە، کە بەڕێکەوتین بۆ سپیلک، ئاگر لەهەر چواردەوری بارەگای پێشمەرگەکان هەڵدەسا، وتیان کەیوان شەهید بووەو تەرمەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی ئاکرێ کراوە، لەوێ تەرمەکەیمان وەرگرتەوە، داخێکی گەورەیە کە ماوەی ١٠ مانگە هاوسەرگری کردووەو خودا منداڵێکی پیداون، بەڵام گیانی بەخشیو نەمنداڵەکە باوکی دەبینێو نەباوکیشی منداڵەکە دەبینێ".
شوان شانازی بەخۆیو خێزانەکەیانەوە دەکات کە جگە لەکەیوان، خۆیشیو برایەکی تریو باوکیشی پێشمەرگەی کوردستانن، ئەو وتی "باوکم لەشەڕی داعشدا لەمەخمور بەسەختی بریندار بوو، بەهۆیەوە هەردوو قاچیو دەستێکی لەکارکەوتووە، مامیشم شەهید بووە، بەشەهیدبوونی کەیوانیش سەرمان بەرزترە".
هێرشکردنە سەر بارەگای پێشمەرگە لەسپلیکو کەڵەکین کە شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی لێکەوتەوە، بەشێک بوو لەو زنجیرە هێرشانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لەگەڵ تێپەڕینی کاتیشدا تا دێ ئەم هێرشە درۆنیو مووشەکانە بۆ سەر کوردستان فراوانترو زیاتر دەبن.
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، شەپۆلێکی فراوانی هێرشی درۆنی بۆ سەر کوردستان دەستپێکردووەو زیاتر لە ٣٠ هێرشی درۆنی ئەنجامدراوەو ئەوەی جێی سەرنجە لەم هێرسانەدا بەئامانج گرتنی بارەگای مەسعود بارزانی بووە لەمەسیفو ماڵی نێچیرڤان بارزانی بووە لەدهۆکو هەولێر، کە کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لیوا محەمەد سابیر هەمەوەندی، شارەزای کاروباری سەربازیو ئەمنی، ئاماژە بەوە دەکات "کە کوردستان کەوتوەتە نێو قەیرانێکی ئەوپەڕی نادیارەرەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "هەرچەندە هەموو بەرپرسانی هەرێم جەغت لەوە دەکەن کە ههرێمی كوردستان بهشێك نییه لهشهڕو ناشبێته پێگهیهك بۆ نیگهرانیی ئێرانی دراوسێمان، بەڵام ئێران بەگومانەوە لەکورد دەڕوانێتو بەردەوام هەڕەشە دەکات، هێرشە درۆنیو مووشەکییەکانی بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی یان بۆ سەر هێزی پێشمەرگە یاخود بۆ سەر بنکەی هێزەکانی رۆژهەڵات لەکۆیەو سورداشو زڕگوێز، گەیاندنی مەسجو پەیامو هەڕەشەیە".
ئەم شارەزا سەربازییە هۆشداری بەهەرێم دەدات کە شەڕی ئێران مەترسی زۆر هەیەو وا پێویستە کورد خۆی بۆ ئەوە ئامادە بکات کە دوور نییە لەم شەڕەوە تێوەبگلێت، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەم شەڕە مەترسی هەیە لەسەر هەموو ناوچەکە، ئەگەر سەرنج بدەین تا دط ژمارەی هێرشە درۆنیو مووشەکییەکان زیاتر دەبن، ئەم شەڕە کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر ناوچەکە بەگشتیو لەسەر کوردستان بەتایبەتی، چونکە کوردستان لەناوجەرگەی شەڕەکەدایەو وا پێویستە خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکات".
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ، جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێیناوەتە مانگی دووەمییەوەو بەپێی نوێترین راپۆرتی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئهمریكی تاوهكو ئێستا ٤٧٤ هێرش كراونهته سهر ههرێمی كوردستان، سوپای پاسدارانی ئێران ١٧٩ هێرشو گروپە هاوپەیوەندەکانی لەعێراق ٢٩٥ هێرشیان ئەنجامداوەو لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەشەوە ١٠٧ کەس بونەتە قوربانی: ١٤ شههیدو ٩٣ بریندار.
زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بوون کە ژمارەیان ٣٧٠ هێرش بووە، ٩٠ هێرشیش بۆ سەر پارێزگای سلێمانی بووە، پارێزگای دهۆکیش ١١ جار هێرشی كراوهتهسهرو پارێزگای هەڵەبجەش ٣ هێرش.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (سی پی تی) ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات لەم هێرشانەی سوپای پاسدارانی ئێرانو گروپە هاوپەیوەندەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چەندین شوێنی نیشتەجێبوونو دامەزراوەی مەدەنیو ئەمنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامانج گیراون کە هیچ پەیوەندییەکیان بەجەنگی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لەدژی ئێران نەبووە، ئەو بەئاوینەی وت "وهك لهراپۆرتهكهدا هاتوه، سەرباری زیانی گیانی، بەهۆی هێرشەکانەوە بەلایەنی کەمەوە زیان بەر ٤٦ خانوی هاوڵاتی مەدەنی کەتووەو ٣٢ ئۆتۆمبێلی خەڵکی مەدەنیش زیانیان بەرکەتوەو بووەتە هۆی وەستاندنی خوێندن لەقوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆکان"
وتیشی "گۆڕانکارییەکانی ئەم جەنگەو زیادبوونی ژمارەی هێرشەکان جێی نیگەرانییەکی قوڵە، بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانو دامەزراوە فەرمیو مەدەنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانو کۆمپانیا بازرگانییەکان، مەترسی فراونتر بوونی شەڕەکەی لێدەکرێتو کاریگەرییەکانیشی لەسەر ژیانی هاوڵاتییان زیاتر دەبێت".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات