ئا: ئایھان سەعید
لەناوجەرگەی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیلو ئەمریکاو ھەروەھا گرژییە سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو، "کۆنگرەی ئازادی ئێران" لە ٢٨-٢٩ی مارسی ٢٠٢٦ لە لەندەن بەڕێوەچوو، بەئامانجی ڕاگەیەندراو بۆ دروستکردنی سەکۆیەکی فرەدەنگ بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئۆپۆزسیۆن، گواستنەوەی دیموکراسی و بەھێزکردنی فرەیی.
کۆبوونەوەکە لە لەندەن بەئامادەبوونی سەدان چالاکوانی سیاسی، مەدەنی و ئەکادیمی کە ھەوڵدەدەن بەسەر پەرشوبڵاوی ھێزەکاندا زاڵ بن و لانی کەم ھاوبەشییەک بۆ داھاتووی ئێران دروست بکەن. بەڵام ھەمان ئەم ئامانجە، ھەر لە یەکەم ھەنگاوەوە، ڕووبەڕووی دژایەتییەکی جددی بووەتەوە: کەلێنی نێوان ئیدیعای "پلۆرالیزم"و واقیعی "دەرکردن".
لەو چوارچێوەیەدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دوای دورخستنەوەیان لەکۆنگرەکە لەبەیاننامەیەکی ڕەخنەگرانەدا کۆنگرەی بەلادان لەپرەنسیپە ڕاگەیەندراوەکانی باس کردووەو بە ڕاشکاوی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پرۆسەی نەھێشتنی نوێنەرانی خۆی نەک ھەر ناشەفاف و نادیموکراسی بووە، بەڵکو بە تێوەگلانی ھەندێک ڕەوتی - لە نێویاندا حیزبە کوردییەکانی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە، ھەروەھا بەشێک لەئۆپۆزسیونی دەستە ڕاستی بەڕێوەچووە.
ژمارەیەک لەکەسایەتییە ئەکادیمییەکان و نووسەران و ڕۆشنبیران ڕەخنەیان لەرێگەنەدان بە پژاک گرت و ئەم کارەیان بەپێچەوانەی پرەنسیپە دیموکراسیەکان ڕاگەیاندو وەک نیشانەی ناڕەزایەتی بایکۆتی کۆنگرەیان کرد. لە نێویاندا پرۆفیسۆر عەباس وەلی کە ئامادەنەبوو بەشداری کۆنگرەکە بکاتو ڕاگەیاند "ئەم پرۆسەیە ناشەفاف و نادیموکراتیکە و داوای لێپرسینەوەی لە ڕێکخەران و ھتد کرد".
دواتر لەژێر فشاری خەڵک و نۆخبەی سیاسی رۆژھەڵاتی کوردستان دووبارە پارتی پژاک بانگھێشتکرا بۆ کۆنگرەکە و لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاوێنە نێردراوە ڕایانگەیاند «گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نوێیان لەگەڵ ھەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ھەماھەنگی کۆنگرەکە کردووە، بەم گوێرەیە بانگھێشتنامەی نوێنەرانی پژاک نوێ کراوەتەوە و نوێنەری سەرەکی پارتەکەیان بەشداریی کۆنگرەکە دەکات و گوتارێک پێشکەش دەکات».
ئەم کاردانەوانە ئەوە دەردەخەن کە قەیرانی کۆنگرەکە تەنیا ناکۆکییەکی سیاسی سنووردار نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستێکی بێمتمانەیی پێکھاتەیی کە تەنانەت نوخبەی ڕۆشنبیرو ئەکادیمیشی ناچار کردووە ھەڵوێستی گشتی بگرنە بەر.
لەم نێوەندەدا، ڕاپۆرت و شیکارییەکانی دەرەوەش سووتەمەنی ناڕوونی زیاتریان داوە؛ لە ئەگەری ڕۆڵی لۆبییە بیانییەکان لە ڕێکخستنی میدیای کۆنگرێسەوە تا سیناریۆکان سەبارەت بە فشارەکانی ڕەوتی ناوەندگەرایی یان تەنانەت کاریگەری ئەکتەرە دەرەکییەکان. ھەرچەندە ھیچ کام لەم حاڵەتانە بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام ھەر دروستبوونی ئەم جۆرە گومانانە ئاماژەیە بۆ ناسکی متمانە لە سەرەتاوە.
لەم گفتوگۆیەی "گوڵان فەھیم" ئەندامی ئەنجومەنی پژاکو بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو پارتە لەگەڵ ئاوێنە، دەڵێت "ھەندێ لایەن نەیاندەخواست ئێمە بەشداری کونگرە بین".
سەبارەت بەوەی بۆچی سەرەتا ناوی پژاک لابراو دواتر لە"کۆنگرەی ئازادی ئێران"دا گەڕێنرایەوە؟ ئەمە چ پەیوەندییەکی بەکێبڕکێی سیاسی و فشارە جیۆپۆلیتیکییەکان و قەیرانی نوێنەرایەتی لە ئۆپۆزسیۆندا ھەیە؟ وە بەڕاستی پێگە و ئامانجەکانی پژاک بەبوونی خۆیەوە چییە؟
گوڵان فەھیم ئەندامی ئەنجومەنی پژاک، بەرپرسی پیوەندیەکانی پژاک بەئاوێنەی راگەیاند "پژاک ماوەیەک پێش لەلایەن کومیتەی ئامادەکاری کونگرەی ئازادی بۆ ئێران کە لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی مانگی ٣ لە شاری لەندەن بەڕێوە چوو، بانگێشت کرابوو. پژاکیش دوای تاوتوێکردنی ئەو بانگێشتە، بڕیاری بەشداربوونی دا، بەڵام ٢ رۆژ بەرلە کاتی بەڕێوەچوونی کونگرەکە، لە لایەن بەڕێوەبەرانی کونگرەکە ئاگادار کراینەوە کە ھەندێ لایەن ناخوازن ئێمە بەشداری کونگرە بین. ئێمە بە راگەیاندنێک ئەو ھەڵوێستانەی کە دەیانخواست بەربەست لەبەر بەشداربوونی پژاک لەو کونگرە دروست بکەنمان بە توندی رخنە کرد. راگەیاندنەکەی پژاک زۆر پێشوازی لێکراو و زۆر لایەن و کەسایەتی جەختیان لەسەر گرنگی بەشدا بوونی پژاک لەو کونگرەیە کرد. ئێمە جارێکیتر ئەو ھەڵوێستانە سڵاو دەکەین. ئەو ھەڵوێستانە ئەوەندە بەھێزبوون تەنانەت دوور لە چاوەڕوانی بەڕێوەبەرانی کونگرە بوو".
گوڵان فەھیم ئاماژەوەی بەوەش کرد "ئێمە ئەو ھەڵوێستانە لەلایەکەوە وەک ئاکامی خەباتی خۆمان دەزانین و لە لایەکیتریشەو ئاکامی بەھێز بوونی دەنگی ئازادیخوازی و دیموکراسیخوازی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دەبینین. دوای ھەڵوێستی بەھێزی پژاک و ئەو پاڵپشتیە گەورەیەی کە لە ھەڵوێستەکەی کرا، بەڕێوەبەرانی کونگرە لەگەڵمان کەوتنە پەیوەندی. دانیان بە ھەڵەکان داناو داوایانکرد رۆژی دووھەمی کونگرەکە بەشداری بکەین و پەیامی خۆمان پێشکەش بکەین. دیسان دوای تاوتوێکردنێک بۆ رێزگرتن لەو ھەڵوێستە ھێژایانەی کە بە بەرفراوانی نوێندرا و بۆ ئەوەی ئەو ھەڵوێستانە بگەن بە ئاکامی خۆیان، ئێمە قبووڵی بەشداریمان کرد و لەوێ پەیامی خۆمان پێشکەش کرد. حزوور و پەیامی پژاکیش پێشوازیەکی زۆری لێکراو بەدڵنیاییەوە یەکێک لە پەیامە بەھێز و پڕناوەڕۆکەکانی کونگرە بوو".
ئەندامی ئەنجومەنی پژاک باسی لەوەش کرد؛ "ئەو ھەڵسووکەوتە نادیموکراتیکەی کە سەرەتا لەبەرابەر پژاک دەکرا، لە ئاکامدا مایەپووچ بوو و نەگەیەشت بە ئارمانجی خۆی. بێگومان لەو بارەوە بۆ گوتن شت ھەیە، بەڵام زیاتر بۆ پاراستنی یەکڕیزی کوردان بە پێویستی نازانین زیاتر لەسەری بچین. گرنگ ئەوەیە ئاکامەکە بەپێچەوانەی ئەو ھەوڵدانانە دەرکەوت. ئەو ھەوڵدانانە دەتوانێ لایەنی نێوخۆیی، کێبرکێ سیاسی و گوشاری ژئوپلوتیکیشی تێدا ھەبووبێت. بۆ پەژاک ئازادی گەلی کورد، ژنان، ماباقی گەلانی ئێران و پێشکەوتنی دموکراسی و ئازادی لە کوردستان، ئێران و سەرجەم ھەرێمەکەدا وەک پێوان و بنەمای کار و خەباتن. ھەمووی ئەوانەیش لە پەیامی پژاک بۆ ئەو کونگرەیە بەرجەستە بوون. پژاک لە رەوتی کار و خەباتی خۆی بۆ گەیشتن بە ئەو ئارمانجانە ئەوڕۆ بووەتە یەکێک لە لایەنە بەھێزەکانی کوردستان و ئێران. چیدی کەس ناتوانێ نادیدەی بگرێت و نکۆڵی لێبکات. رووداوەکانی ئەم کۆنگرەیەش ئەوەی بە باشی خستە بەر دیدی ھەموان و سەلماندی".
لەئەنجامدا «کۆنگرەی ئازادی ئێران» بووەتە گۆڕەپانی شەڕ بۆ «مافی بەشداریکردن»، پێش ئەوەی ببێتە سەکۆیەک بۆ بنیاتنانی تەوافوق؛ کە پرسیاری سەرەکی چیتر تەنیا سەبارەت بە داھاتووی ئێران نییە، بەڵکو ئەوەیە کە کێ مافی ئەوەی ھەیە لە پێناسەکردنی ئەو داھاتووەدا ئامادە بێت.
ئەم ناکۆکیانەی لە “کۆنگرەی ئازادی ئێران”دا لەنێوان پارتە کوردیەکانی رۆژھەڵاتی کوردستاندا روویداوە لە کاتێکدایە کە لە ٢٢ی شۆباتی ٢٠٢٦ پێنج حزبی رۆژھەلاتی کوردستان کە پێکھاتبوون لە: (حیزبی دیموکرات کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان) دواتر بە ئەندامبوونی کۆمەڵەی گشتی کوردستانی ئێران پێکھێناوە، ئەم ھاوپەیمانیە دەتوانرێت بە ھەنگاوێکی گرنگ ھەژمار بکرێت بۆ کۆتاییھێنان بە دابەشبوونە وەرچەرخانەکانی ناو بزووتنەوەی کوردی. لە ھەلومەرجێکدا کە پارچەپارچەبوونی ھێزەکان ھەمیشە پێگەی کوردستانی لە ھاوکێشە سیاسییەکانی ئێراندا لاواز کردووە، پێکھێنانی بەرەیەکی ھاوبەش دەتوانێت توانای موزایەدەی سیاسی زیاد بکات و ڕۆژھەڵات لە “پرسێکی ئەمنی”ەوە بۆ “ئەکتەرێکی سیاسی” بەرز بکاتەوە. ئەم لێکنزیکبوونەوەیە، لە ئاستێکی ڕەمزیدا، پەیامێکی ڕوونی پێگەیشتنی سیاسی و تێگەیشتن لە ساتەوەختی مێژوویی گواستنەوەش دەنێرێت.
بە گشتی ئەم ھاوپەیمانییە ھەم بە "دەرفەتێکی مێژوویی" و ھەم بە ھۆی ناکۆکیەکان بە "پڕۆژەیەکی مەترسیدار" ھەژمار دەکرێت؛ سەرکەوتنەکەی پەیوەست نییە بە ڕاگەیاندنی یەکێتییەوە، بەڵکو بەندە بە توانای بەڕێوەبردنی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی سەربەخۆیی و گۆڕینی گوتار بۆ پێکھاتەی پراکتیکی.