پاسداران‌و بەسیج، کامیان شەڕ دەکەن‌و بۆچی؟
  2026-04-03       617       
سوپای پاسداران

ئا: ئاوێنە

 

لەئێراندا، چەند هێزێکی چەکدار هەن، هەریەکەو ئەرکێکیقان پێسپێردراوە، جگە لەسوپا، دوو هێزی سەرەکی بەرگریکردن لەئێران هیزەکانی پاسداران‌و بەسیجن.

 

"سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی " بەگرنگترین کۆڵەکەی مانەوەو پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران دادەنرێت، کە لەلایەن ئایەتوڵڵا  خومەینی دوو مانگ دوای شۆڕشی 1979ی ئیسلامی بۆ بەرگری لەکۆماری ئیسلامی لەدژی دەستێوەردانی دەرەکی‌و هەروەها کودەتاو ڕاپەڕینەکانی ناوخۆ دامەزرا. لە کاتێکدا سوپای ئاسایی ("ئەرتەش") سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی" وڵات لە هێرشی دەرەکی دەپارێزێت . ژمارەی پاسداران بە ٥٠٠ هەزار بۆ ٦٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

 

سوپای پاسداران لەچەند بەشێک پێکدێت:

هێزی وشکانی (١٥٠ هەزار کەس لەگەڵ یەدەگ) لەناوخۆی ئێران‌و سەر سنوورەکان جێگیر کراون.

هێزی دەریایی (٢٠ هەزار کەس) کە ئێستا کۆنترۆڵی گەرووی هورمزیان کردووە.

 هێزی ئاسمانی (١٥ هەزار کەس) گرنگترین چکیان درۆن‌و مووشەکی بالیستیکییە.

هێزی قودس (٥ هەزار کەسع، کە هێزێکی راهێنراوی تایبەتە بەجەنگی سیخوڕی‌و سەربازی، بەئامانجی "هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی" و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەدەرەوەی سنوورەکانی ئێران‌و کۆمەک کردن بە"گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران کە ناوی (بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی)یان لەخۆیان ناوەو شەڕی بەوەکالەتبۆ ئێران دەکەن

 

هێزەکانی بەسیج

ژمارەیان نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەسی ئامادەو یەدەگە، ئەرکی پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیان پێسپێردراوە.

 

سوپای پاسداران چۆن بوو بەبڕبڕەی پشتی کۆماری ئیسلامی‌و دەوڵەتێک لەچوارچێوەی دەوڵەتێکداو ڕۆڵی سەرەکی لەئاسایشی ناوخۆو سیاسەتی دەرەوەو ئابووریدا گێڕا؟

خومەینی لەساڵی ١٩٧٩دا، لیوایەکی سوپای پاسدارانی دامەزراند، کە ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتی دەدا بەڕێبەری باڵا، بەمەبەستی پاراستنی خۆی لەو سوپاو پۆلیسەی لەرژێمی شاوە بەمیرات بۆ رژێمی نوێ بەجێمابوو، متمانەی پێی نەبوو.

لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، خومەینی ئیلهامبەخشی کۆماری ئیسلامی لە"کۆمار"ی ئەفلاتونەوە وەرگرتووە، پاسەوانەکان هاوتای چینی "پارێزەران"  بوون .

لەساڵی ١٩٨٠شدا، بەسیج وەک میلیشیایەکی گەنجی خۆبەخشی بەپەرۆش دامەزراو لەگەڵ پاسەوانەکاندا "هێرشی شەپۆلی مرۆیییان بەرامبەر بەسوپای عیراق"  ئەنجامدا، لەو رۆژگارەدا کە جەنگی عێراق‌و ئێران هەڵگیرسا بوو، هێرشیان دەکردە سەر پێگە عێراقییەکان‌و زۆرترین کەسیان لێکوژرا.

دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لەساڵی ١٩٨٨، پاسداراکان لەڕێگەی کۆمپانیایەکی ئابوورییەوە کە لە بواری بیناسازیدا چالاک بوون، دەستیان گرت بەسەر ئەو بوارەداو وردە وردە کەرتەکانی وزەو پەیوەندییەکان‌و یەک لەسەر سێی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کرد، لەهەشتەکانی سەدەی رابردووەوە تا ئێستا ئابوری‌و دارایی ئێران بەشێوەیەکی سەرەکی بەدەست سوپای پاسدارانەوەیە.

دوای سزاکانی ئەمریکا، بەهێزتر بوون، تۆڕی قاچاخی بەهێزیان پەرەپێدا. ساڵی ٢٠٢٢ فەرماندەیی پاراستن و ئاسایشی ناوەندە ئەتۆمییەکانیان پەرەپێدا. لەهەمان کاتدا سوپای قودس لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پارەی حیزبوڵڵایان دابین کردووەو هاوکاری حەماسیان کردووەو لەبەحرەین‌و ئەفغانستانیش چالاک بوون.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ میلیشیا شیعەکانیان لەعێراق دژی ئەمریکییەکان ڕێکخست‌و لە ساڵی ٢٠١١ەوە پشتیوانی بەشار ئەسەدیان کرد لەسوریا. لەیەمەنیش هاوکاری حوسییەکانیان کردو تەنانەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ روسیاش لەدژی ئۆکرانیا دابین کرد.

 

دووانەی پاسداران و ئەرتەش چۆن کاردەکات؟ 

ئومێد سورێسرافیل، ڕۆژنامەنووس کە دانیشتووی شاری سیدنییەو نووسەری کتێبی شۆڕش لەئێران (٢٠٠١)، دوو دەیەی تەرخان کردووە بۆ نووسینی بەرهەمێکی بەرفراوان لەسەر "جەنگەکانی بەوەکالەت" ی ئێران . ئەوە رووندەکاتەوە کە "پاسداران، لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراقەوە، ئامادەبوون بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان زیاد بکات، بەئیرادەی عەلی خامنەیی، سەرکردەی باڵا لەساڵی 1989ەوە. پلانەکە لەسەر بنەمای دروستکردنی بنکەی ژێرزەمینی، فەراهەمکردنی پێداویستی  لۆجستیکی، دابینکردنی کەرەستە، وەک پێکهاتەکانی مووشەک، چاککردنەوەی ژێرخانی زیانلێکەوتوو، هەروەها بەرگری ئاسمانی ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت لەئەگەری دەستێوەردانی زەمینی، بەتۆپخانەو زرێپۆش‌و چەکی قورس، بەڵام ئێستا قۆناغی یەکەمی شەڕی ناهاوسەنگ لەلایەن پاسدارانەوە بەڕێوەدەچێت، ئەوان شەڕی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدەن‌و پێدەچێت چین یارمەتیان بدات بەپێدانی زانیاری لەمانگە دەستکردەکانەوە کە زۆر گرنگە بۆ ئامانجکردن، لەکاتێکدا رووسیا هاوکاری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات بەئامرازی ئۆپەراسیۆنی دیجیتاڵی ناوەکی کە ڕێگریکردنیان قورس دەکات ".

دەشڵێت"یەکە تایبەتەکانی سوپای پاسداران چۆنیەتی  بەڕێوەبردنی جەنگی بەوەکالەت لەعێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن دیاری دەکەن، یەکەکان تۆڕەکان ڕێکدەخەن، پارەدارکردنیانهو هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بزووتنەوە جوداخوازە ئەگەرییەکان (کورد، بەلووچەکان) دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی پاسدارانەوە، وەک هەندێک لەوڵاتانی دراوسێ ڕێکخراون، بۆیە پاسداران بانگەوازیان بۆ دەکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان بەشێوەیەکی چالاکانە لە دەرەوەی وڵات، هێزەکانی سوپای پاسداران زیاتر ئەزموونی شەڕیان هەیە بەهۆی بەشداریکردنیان لەشەڕەکانی عێراق‌و سوریاو لوبنان".

پاسداران ئیمتیازیان هەیە بۆ دەستڕاگەیشتن بەپۆستەکانی سەرکردایەتی سیاسی و حکومەت‌و باڵێزەکان‌و بودجەو دەرفەتی دامەزراندنی کارمەند. دەسەڵاتیان بەئەندازەیەک زۆرە کە گوێ لەسەرۆک کۆمار پزیشکیان ناگرن‌و بەقسەی ناکەن، وەک لەهێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداودا دەرکەوت. هەروەها وەک لەهەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری باڵادا دەردەکەوێ‌و هێزەکانی دیکەی وەک ئەرتەش لەپەراوێزدایەو پێشبینیش دەکرێت ئەگەر هێرشی زەمینی ئەمریکا بۆ سەر ئێران رووبدات، سوپای پاسداران رۆلی سەرەکی لەبەرەنگاربوونەوەیدا ببینن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×