ئامێری "Ghost Murmur": ئەو چەکە نهێنییەی سی ئای ئەی چییە کە ڕۆڵێکی 'گرنگ'ی بینی لەدۆزینەوەی فڕۆکەوانە ونبووەکەدا؟
  2026-04-09       666       

ئا: ئاوێنە

 

دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئامێری "Ghost Murmur" ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لەڕزگارکردنی فڕۆکەوانی فڕۆکە جەنگیەکە کە لە ئێران کەوتە خوارەوە. ئەم تەکنەلۆجیا نهێنییەی سی ئای ئەی مشتومڕی زانایانی لێکەوتەوە بەهۆی ئەو بانگەشەیەی کە دەتوانێ لەدوورەوە لێدانی دڵ دەستنیشان بکات.

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئامێرێکی سی ئای ئەی کە پێشتر نەناسرابوو بە ناوی "Ghost Murmur" ڕۆڵێکی "گرنگ"ی هەبوو لە ڕزگارکردنی فڕۆکەوانی فڕۆکەی جەنگی F-15E کە لە ئێران کەوتە خوارەوە.

ترمپ بەڕۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ڕایگەیاند "ئەوە زۆر گرنگ بوو، سی ئای ئەی کارێکی خەیاڵی کرد، کەس نازانێت چییە، پێشتر کەس نەیبیستووە، هەمووان سەریان سوڕما، ئێمە زۆر ئامێری دیکەمان هەیە کە تا ئێستا کەس نەبینیوەو نەیبیستووە".

ئەم ئامێرە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە توانای دەستنیشانکردنی لێدانی دڵی هەیە لەدوورییەکی زۆرەوە، جیهانی زانستی سەرسام‌و دابەش کردووە.

بەگوتەی شارەزایان، ڕەنگە ئەم تەکنەلۆژیایە بە بەکارهێنانی هەستەوەرە تایبەتەکانی کوانتەم دەتوانێت سیگناڵە بایۆلۆژییەکانی مرۆڤ تەنانەت لە مەودای دووریشەوە جیا بکاتەوە.

بەڵام زۆربەی شارەزایان پێیان وایە، بە پێچەوانەی قسەکانی ترەمپ، پرۆسەی دۆزینەوەکە لەدوورییەکی زۆر نزیکترەوە ئەنجامدراوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، تاد واکەر، مامۆستای فیزیا لە زانکۆی ویسکۆنسێن-مادیسۆن، ئاماژەی بەوە دا کە میکانیزمێکی لەو شێوەیە تەنها دەتوانێت زۆر نزیک لەسەرچاوەکە کاربکات و ئاماژەی بەوەشکرد "دیاریکردنی لێدانی دڵ تەنانەت لە دووری 100 مەتریشدا لەڕادەبەدەر قورسە".

واکەر هەروەها ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ تەکنەلۆژیاکانی ئێستادا، پرۆسێسکردنی داتاکان بۆ گرتنی سیگناڵێکی لەو شێوەیە چەند ڕۆژێکی دەوێت.

بەڵام ترەمپ لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکەوانەکە لە دووری نزیکەی ٦٤ کیلۆمەترەوە بینراوە.

پاتریک مالێتینسکی، زانای فیزیایی زانکۆی بازل ڕایگەیاند، ئەو کارۆ موگناتیسییەی دڵ دروستی دەکات لەگەڵ دوورییدا بە خێرایی لاواز دەبێت، هەروەها دەستنیشانکردنی لە چەندین کیلۆمەتر دوورەوە زۆر لە تواناکانی تەکنەلۆژیای هەستەوەرەکانی ئێستا زیاترە.

مالێتینسکی جەختی لەوە کردەوە کە بوونی سیستەمێکی لەو جۆرە "لە ڕوانگەی زانستییەوە شۆڕشگێڕانە دەبێت".

هەندێک لە زاناکان باس لەوە دەکەن کە لەوانەیە میکانیزمەکە سیگناڵی جیاوازی دەستنیشان کردبێت نەک ڕاستەوخۆ لێدانی دڵ.

دیمیتری بودکەر لە زانکۆی کالیفۆرنیا ڕایگەیاند کە ڕەنگە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و جوڵەی فڕۆکەوانەکە لەلایەن هەستەوەرەکانەوە دەستنیشانکرابن.

هەروەها پێشنیار دەکرێت کە ئەو گواستنەوەی سیگناڵەی کە فڕۆکەوانەکە بەکاری هێناوە ڕەنگە ڕۆڵی هەبووبێت لەدۆزینەوەکەدا. 

لە لایەکی دیکەوە شارەزایان پێیان وایە کە "Ghost Murmur" ڕەنگە بەشێک بێت لەسیستەمێکی فرە هەستەوەر نەک یەک هەستەوەر.

بەم پێیە باس لەوە دەکرێت کە دەتوانرێت ئەنجامێکی وردتر بەدەست بهێنرێت بە بەکارهێنانی هەستەوەری کوانتەم و زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیاکانی تری دۆزینەوە پێکەوە.

یەکەی DARPA ی پنتاگۆن بەو شێوەیە ناسراوە کە کار لەسەر هەستەوەری موگناتیسی پێشکەوتوو دەکات کە ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی سیگناڵە بایۆلۆژییەکان لە ژینگەی سروشتی خۆیاندا.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×