جیمس رۆغان، بەناوبانگترینو پڕ بینەرترین بۆدکاستەری ئەمریکا، سولیت "ترەمپ شەڕێکی لە دژی ئێران دەستپێکرد بۆ بەخاکسپاردنی فایلەکانی ئەپستاین، کلینتۆنیش هەمان کاری کرد بۆ لەبیربردنەوەی سکانداڵەکەی مۆنیکا لڤینسکی".
ئاوێنە: بۆدکاستەری ژمارە یەک، جۆ ڕۆگان هێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ بەهۆی شەڕی ئێرانەوەو ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە ترەمپ شەڕی لەئێران دەستپێکردبێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئەمریکا سەرقاڵ بکاتو فایلەکانی ئەپستاینیان لەبیربەرێتەوە.
ئەوەشی روونکردەوە کە "ئاڕاستەکردن"، هێمای سیاسەتی ئەمریکایەو وتی "بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کاتی خۆی دەستیکرد بە"بۆردومانکردنی هەندێک وڵاتی دیکە" - کە ئاماژەیە بۆ بۆردومانکردنی یوگۆسلاڤیا لە ساڵی ١٩٩٩ - بۆ ئەوەی چاوی ئەمریکییەکان لەسەر سکانداڵەکەی مۆنیکا لیڤینسکی دووربخاتەوە، ترەمپیش کارێکی هاوشێوەی لەگەڵ ئێران کرد".
پاشان ڕۆگان بانگەشەی ئەوەی کرد کە شەڕی ئەمریکا لەدژی ئێران دوایین نموونەی سیاسەتی دەسەڵاتدارانە کە شەڕ بۆ دوورخستنەوەی رای گشتی لەپرسە ناوخۆییەکان بەکاردەهێننو بەشەڕەوە سەرقاڵیان دەکەن.
رۆغان وتی "بڕوانن، فایلەکانی ئەپستاین دێنە دەرەوەو ئێمە دەچینە شەڕەوە لەگەڵ ئێران، ئەمە ڕێگەیەکی باشە بۆ ئەوەی خەڵک واز لەباسکردنی هەندێک شت بهێنن، تۆ کێشەیەکی نوێیان پێدەدەیت کە بیری لێبکەنەوە".
وتیشی "ناوی ترەمپ لەهەموو فایلەکانی ئەپستایندا چەندین جار ئاماژەی پێکراوەو هاوڕێی دێرینی ئەو تۆمەتبارە بووە کە بازرگانی سێکسی منداڵان بووە".
ئەو پۆدکاستەرە ڕەخنەی لەترەمپ گرتووە سەبارەت بەئێرانو هەروەها تەمەنی ترەمپی خستە ژێر پرسیارەوەو ترسی خۆی دەربڕی لەوەی ترەمپی تەمەن 79 ساڵ، ڕەنگە بێباکانە مامەڵە بکات، چونکە "شتێکی زۆری نییە بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە لەدەستی بدات".
ڕۆغان لە ساڵی 2024 پاڵپشتی ترەمپی کرد لەهەڵماتی هەڵبژاردندا، بەڵام لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێرانەوە بۆچوونەکەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەسەردا هاتووەو بووەتە رەخنەگرێکی سەرسەختی ترەمپ، کە لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا بانگەشەی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕەکان دەکردو ئێستا ئەمریکای خستوەتە چەندین شەڕەوە.
رۆغان ڕایگەیاند کە لایەنگرانی ترەمپ هەستیان بە"خیانەت" کردووە بەهۆی بڕیارەکەیەوە بۆ ئەوەی بچێتە شەڕەوەو وتی "زۆرێک لەخەڵک هەست بەخیانەت دەکەن، ئەو بەدروشمی 'چیتر شەڕەکان کۆتاییان بێت'، 'کۆتایی بەم شەڕە گەمژانەو بێمانایانە بهێنن' هەڵمەتی دەکرد، کەچی ئێستا پێچەوانەکەی دەکات".
وتیشی "ناسیونالیستە شێتەکانی مەسیحی پەیوەست بوون بەبزووتنەوەی ماگاوە وەک ڕێگایەک بۆ گەڕانەوەی عیسا بەئەسپێکی سپییەوە، شەڕ لەدژی ئێران بەرەوپێش دەبەن".