لەچێرنۆبڵ کە زۆر مەترسیدارە بۆ ژیانی مرۆڤ، کێویترین ئەسپەکانی جیهان بەئازادی دێنو دەڕۆن - فۆتۆکان: ئەسۆشێتد پرێس
ئا: ئاوێنە
لە ٢٦ی نیسانی ١٩٨٦دا تەقینەوەیەک لەوێستگەیەکی ئەتۆمیدا تیشکی لەسەرانسەری ئەوروپادا بڵاوکردەوەو تەواوی شاری چێرنۆبڵی ناچارکرد بەوەی چۆڵی بکەنو دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون. خراپترین کارەساتی ئەتۆمی بوو لەمێژوودا، ناوچەیەکی فراوانی کیشوەری ئەوروپای بەچۆڵی هێشتەوە.

دوای چوار دەیە، چێرنۆبڵ تا ئێستاش زۆر مەترسیدارە بۆ ژیانی مرۆڤ. بەڵام لەغیابی مرۆڤدا ئاژەڵە کێوییەکان دەستیان بەسەردا گرتووە.
لەگەڵ نەمانی ئاسەواری مرۆڤدا، دیمەنی ناوچەی ئیستنای گەورە گەڕاوەتەوە بۆ دیمەنێک وەک ئەوەی چەند سەدەیەک لەمەوبەر هەبوو.

گۆڕانی دیمەنەکان لەهەموو شوێنێکدا دیارە: دارەکان لەبینا جێهێڵراوەکانەوە بەرزدەبنەوە، کۆمەڵێک لەدارە گەنجەکان شەقامەکانیان داگیر کردووە، هێما کاڵبووەکانی سەردەمی سۆڤیەت بەنیوە شاراوەیی لەناو ڕووەکی گەشاوەدا وەستاون.

ئێستا گورگەکان لەناوچەی بەرفراوانی پارێزراوی نێوان ئۆکرانیاو بێلاڕووسدا دەسوڕێنەوە، لەکاتێکدا ورچە قاوەییەکان دوای زیاتر لەسەدەیەک گەڕاونەتەوە. پڕبووە لەئاسکە سوور، پشیلە کێوییەکان و تەنانەت سەگی کێویش.

دێنیس ڤیشنێڤسکی، سەرۆکی ژینگەپارێزی ناوچەکە دەڵێت "یەکێک لەو ئاژەڵە کێویانەی لەم ناوچەیەدا سەرنج رادەکێشن، ئەو ئەسپە ناوازانەن کە بەئەسپی مەنگۆلی ناودەبرێن، کە جیاوازن لەجۆری ئەسپە لۆکاڵییەکان، چونکە 33 جووت کرۆمۆسۆمیان هەیە، بە بەراورد بە 32 جووتە کرۆمۆسۆم بۆ ئەسپی لۆکاڵی".
کامێرای شاراوە ئەسپەکان دەگرێت کە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ ئەو سروشتەدا. ئەوان لە ئەشکەوتە وێرانەکان و خانووە جێهێڵراوەکاندا بۆ پەناگە دەگەڕێن، بەکاریاندەهێنن بۆ ڕزگاربوون لەکەشوهەوای سەخت و ئاژەڵر دڕندەکان.
ویسنیڤسکی دەڵێت: “بۆ ئێمە کە خەمی پاراستنی ژینگەو ئیکۆلۆژیامان هەیە، ئەوە شتێکی موعجیزەییە”. "ئەم ناوچەیە سەردەمانێک بە شێوەیەکی زۆر رەتێنرایەوە، کشتوکاڵ، شارەکان، ژێرخانی ئابوری، بەڵام سروشت توانیویەتی لە بنەڕەتدا بیگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی سەرەتایی خۆی".

سەرەڕای ئەو تیشکدەرەوەی کە هەیە، زاناکان تا ئێستا مردنی بەکۆمەڵیان تۆمار نەکردووە، هەرچەندە کاریگەرییەکانی بەرچاون: هەندێک لەچۆلەکە پێستی تۆختریان بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا باڵندەکانی ئەو ناوچانەی ئاستی تیشکییان زیاترە، زیاتر تووشی ئاوی سپی چاو دەبن.

هەروەها سروشت خۆی لەگەڵ واقیعی تیشکدەردا گونجاندووە، هەرچەندە ئێستا هەڕەشەی نوێ سەریانهەڵداوە.

لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی ٢٠٢٢ شەڕەکانی هێنایە ناوچەی ئیستنای، لە کاتێکدا سەربازەکان بەرەو کیێڤ پێشڕەوییان کردو سەنگەریان لەنزیکی ئەم ناوچەیە هەڵکەند. ئاگری چالاکییە سەربازییەکان دارستانەکانی سووتاندووە. زانایان باس لە زیادبوونی ژمارەی دارە کەوتووەکان و ئاژەڵە مردووەکان دەکەن - قوربانی هەردوو زستانە توندەکان و خەندەقە کاتییەکان.

ئۆلێکساندر پۆلیسوک، سەرۆکی بەشی ئاگرکوژێنەوەی ناوخۆیی ڕوونی دەکاتەوە "زۆربەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ڕوودەدات کە دەخرێنە خوارەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "هەندێکجار دەبێت دەیان کیلۆمەتر ببڕین بۆ ئەوەی بگەینە ئەوان، ئاگرەکان دەتوانن گەردیلە تیشکدەرەکان دەربکەن بۆ ناو بەرگەهەوا".

سەرچاوە: ئەسۆشێتد پرێس