لەگەڵ هەڵکشانی رێژەی کۆچی گەنجاندا بۆ درەوەی وڵات، رێژەی هەڵكشانی قەیرەبوونی كچانیش لەدەڤەری راپەڕین لەزیاد بووندایە
ئا: هێڤی ئاوات
زۆرترین رێژەی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لەچەند ساڵی رابردوودا له‌سنوری راپەڕین بووە، ئەمەش قه‌یره‌بوون‌و بێ مێردمانه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆری كچانی ئەو ناوچەیەی لێکەوتووەتەوە.
شیرین، كچه فه‌رمانبه‌رێكی شاری رانیەیە‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی گه‌شتووه‌ته ٤٤ ساڵ، كه‌چی هێشتا شووی نه‌كردووه، ئەو بەئاوینەی وت "سه‌رتاپای ژیانم بووه به‌سه‌راب‌و كچانی قه‌یره ئه‌وه‌ی پێی بڵێی تروسكایی له‌ژیانیاندا نییه".
ئه‌م كچه كه به‌شی گه‌وره‌ی هۆكاری قه‌یره‌یی كچان ده‌خاته ئه‌ستۆی "كۆمه‌ڵگه‌و لوت به‌رزی ئافره‌تان خۆیان"، ئه‌وه ناشارێته‌وه كه لهناوچەکانی پشدەرو بتوێن‌و ئیدارەی راپەڕین جگه له‌م دوو هۆكاره، كۆچی به‌رده‌وام‌و به‌كۆمه‌ڵی كوڕان كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر به‌قه‌یره مانه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌كچان‌و ده‌ڵێت "كۆچی هه‌موو كوڕێك خه‌ونی كچێك په‌ژمورده ده‌كات".
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە لەلایەن ئاوینەوە کراون، کۆچی بەلێشاوی گەنجانی راپەڕین بۆ دەرەوەی وڵات، باڵانسی رەگەزیی لە سنوری راپەڕین لاسەنگ کردووە، بەجۆرێک لەبەشێک لەناوەندەکانی خوێندن رێژەی کچان نزیکەی دوو ئەوەندەی کوڕانە.
قایمقامی قەزای پشدەر ئاماژە بەوە دەکات لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهەزاران گەنجی قەڵادزێ‌و رانیەو پشدەر کۆچیانکردووە بۆ دەرەوەی وڵات‌و ئەمەش وایکردووە ئێستا کچان چوار هێندەی کوڕان بن، ئەو بەئاوینەی وت "کۆچی بەردەوامی گەنجان وایکردووە راپەڕین‌و قەزای پشدەر وەک خانەی پیرو بەساڵاچووان دەرکەوێت، روخساری پیری بەپشدەرەوە زۆر دیارە".
وتیشی "تەنانەت جیاوازی لەنێوان رێژەی جێندەر دروستبووە، بەرادەیەک لەخوێندنگەکان رەگەزی نێر بووە بەیەک لەسەر چوار، تەنانەت لەپۆلە بنەڕەتییەکانیش وەکو نۆی بنەڕەتی کوڕەکان دەستیانکردووە بەکۆچکردن‌و رێژەی کچ‌و کوڕ لەخوێندنگاکان تێکچووە".
کۆچکردن لەسنوری راپەرین لەحاڵەتەوە بووە بەدیاردە، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەشی کۆچیان کردووە تەمەنیان لەنێوان ١٦ بۆ ٣٥ ساڵە‌و بەشی هەرە زۆریشیان لەرەگەزی نێرن.
سۆز، کچێکی تەمەن ٢٦ ساڵە‌و ماوی سێ ساڵە خوێندنی لەزانکۆی راپەڕین تەواو کردووە، باس لەوە دەکات کە لەبەشەکەیاندا زیاتر لە ٥٥ خوێندکار بوون، ٤٧یان کچ بوون‌و تەنها ٨یان کوڕ بوون، ئەو بەئاوینەی وت "هێشتا چوار ساڵی کۆلیژمان تەواو نەکردبوو کە ٣ کوڕیان وازیان لەخوێندنی زانکۆ هێناو روویان کردە دەرەوەی وڵات".
سۆز ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی له‌یاسا‌و دابونه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌یه كه "ته‌نها ده‌رگای كۆچ له‌سه‌ر كوڕان واڵاده‌كات‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا كچان به‌قه‌یره‌یی یاخود شووكردنی سه‌ربه‌هه‌وێ ده‌سپێرێت"، ئەو وتی "راپەڕین به‌ره‌و شارێكی یه‌ك ڕه‌گه‌ز ده‌ڕوات، لەکاتێکدا کە ده‌سته ده‌سته كوڕان ڕوویان له‌ده‌ره‌وه کردووە، كه‌چی كچان هه‌ر له‌جێگای خۆیاندان".
كۆچی به‌كۆمه‌ڵی گه‌نجانی لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ئه‌وروپا، له‌ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه تا ئێستا به‌رده‌وامه، هه‌رچه‌نده تا ئێستا ئامارێكی فه‌رمیی لەئارادا نییە لەبارەی ژماره‌ی ئەوانەی کۆچیان بۆ دەرەوە کردووە، بەڵام زۆربەی بەدواداچوونەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەڤەری راپەڕین پشکی شێری بەردەکەوێت.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرترین ژمارەی ئەو گەنجانەی لەهەرێمی کوردستانەوە کۆچ بەرەو دەرەوەی وڵات دەکەن، گەنجانی دەڤەری راپەڕینن کە لەهەلومەرجی ژیانێکی سەخت رادەکەن، ئەو دەڵێت "لەساڵی ٢٠٢٢دا، ٢٨ هەزار هاوڵاتی لەهەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات کەهەرێمێکی ٥ ملیۆن کەسییە، لەو ٢٨ هەزار هاوڵاتییە، ٧ هەزارو ٨٠٠ کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن کە ژمارەی دانیشتوانی ٤٥٠ هەزار کەسە. لەساڵی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥ لەهەرێمی کوردستان نزیکەی ٨ هەزار کەس کۆچیان کردووەو بەشی هەرەزۆریان گەنجن، لەو ژمارەیەشدا ٢ هەزارو ٣٠٠ کەس خەڵکی دەڤەری راپەڕینن، لە ٢٠٢٤دا ٤٦ گەنجی هەرێمی کوردستان لەڕێی هەندەراندا گیانیان لەدەستداوە، کە ١٦یان خەڵکی راپەڕین بوون".
زۆرێک له‌گه‌نجان هۆكاری كۆچكردنیان ده‌گێڕنه‌وه بۆ ئه‌و بێكاری‌و ژیانه ناخۆشه‌ی كه رۆَژانه ده‌یگوزه‌رێنن‌و گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی هات‌و نه‌هات به‌باشترین چاره‌سه‌ر داده‌نێن، لەگەڵ هەڵکشانی رێژەی کۆچی گەنجاندا بۆ درەوەی وڵات، رێژەی هەڵكشانی قەیرەبوونی كچانیش لەدەڤەری راپەڕین لەزیاد بووندایە.
سیما، كچێكی تری ته‌مه‌ن ٤٥ ساڵە‌و مامۆستایە لەڕاپەڕین، باس لەوە دەکات کە مووچه‌یه‌كی باشی هه‌یه‌و خه‌ونی ئه‌وه‌یه "بچێته ژیانی هاوسه‌رییه‌وه‌و ماڵێكی هه‌بێت‌و دوو منداڵی هه‌بێت ڕۆژانه خزمه‌تیان بكات"، به‌ڵام كه ته‌ماشای بارودۆخی ئێستای راپەڕین ده‌كات په‌شیمانه له‌و "لووت به‌رزی‌و ناڕه‌زاییانه‌ی پێشتر بۆ مێردكردن هه‌یبووه"، ئەو بەئاوێنەی وت "كوڕانی لای ئێمه زۆربه‌یان سه‌فه‌ریان كردووه‌و ئه‌وانه‌شی ماونه‌ته‌وه زیاتر بۆ لای كچانی ته‌مه‌ن منداڵ ده‌ڕۆن، هه‌ر جوان بێت ئیتر بایه‌خ به‌لایه‌نی سه‌لیقه‌و ماڵداری ناده‌ن".
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەهۆی ئەو قەیرانە دارایی‌و هەلومەرجە ئابورییە سەختەی کوردستانی پیا تێدەپەڕێت رێژەی هاوسەرگیریی کەم کردوەتەوە لەکوردستان‌و رێژەی قەیرەبوونی کچانیشی زیاد کردووە.
توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، ژیان مستەفا ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لەو کچانەی تەمەنیان هەڵکشاوەو هاوسەرگیرییان نەکردووە، ناوهێنانیان بە"قەیرە" پێناخۆشە، ئەو بەئاوێنەی وت "دیارده‌ی قه‌یره‌یی گشتگیره‌و هۆكاره‌كانی فره‌جۆره، به‌ڵام لەسنوری ڕاپەڕیندا له‌په‌نا هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و ئابوورییه‌كاندا، هۆكارێكی تریشی هه‌یه كه ئه‌ویش كۆچی به‌رده‌وامی گه‌نجانه بۆ ئه‌وروپا".
ئه‌م توێژەرە کۆمەلایەتییە ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه ڕێژه‌ی قه‌یره‌یی رۆژ له‌دوای رۆژ ڕوو له‌زیادبوونه، ئەو وتی "چه‌ندین کۆبوونەوە بۆ ئەم پرسە ئه‌نجامدراوه‌و په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نی په‌یوه‌ندی‌داره‌وه كراوه، به‌ڵام ئاسته‌مه چاره‌سه‌ری واخێرای بۆ بدۆزرێته‌وه".
وتیشی "بەداخەوە تا ئێستا توێژینه‌وه‌یەکی ورد‌و مەیدانی له‌سه‌ر قه‌یره‌بوونی کچان لەهەرێمی کوردستان بەگشتی‌و لەراثەڕین بەتایبەتی نەکراوە تا هۆكاره‌كانی چاره‌سه‌ربكرێن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات