"موجتەبا خامنەیی بەسەختی سووتاوە، چاوەڕێی قاچی دەستکردو نەشتەرگەری جوانکاریی دەکات"
  2026-04-25       974       

ئا: ئاوێنە

 

سەرچاوە ئێرانییەکان بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی کە لەبۆردومانەدا باوکی کوژرا، بەسەختی بریندار بووە، تا ئێستا سێ نەشتەرگەری بۆ قاچی کراوەو بەهۆی سووتانی دەموچاوو لێوەکانیەوە کێشەی قسەکردنی هەیە. هەر بۆیەش خۆی لەتۆمارکردنی وتارێکی ڤیدیۆیی بەدوور گرتووە. سەرۆک کۆماری ئێرانیش کە پزیشکی دڵە، هاوکاری تیمی پزیشکی چارەسەرکردنی موجتەبا دەکات. تۆڕێکی نێردراوان بەنهێنی پەیامی نووسراو دەگوازنەوە، لەترسی ئەوەی شوێنەکەی ئاشکرا بێت‌و تیرۆر بکرێت. جەند ژەنەڕاڵێکی سوپای پاسداران، کۆماری ئیسلامی بەڕێوەدەبەن "وەک دەستەی سەرۆکایەتی".

 

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، وردەکاری نوێی سەبارەت بە بارودۆخی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێران بڵاوکردەوەو بەپێی ئەو زانیاریانە، سوپای پاسداران بەتوندی بازنەی دەستڕاگەیشتن بەناوبراویان بەرتەسک کردووەتەوە لەترسی ئەوەی کە ئیسرائیل شوێنپێی بکەوێت‌و لەناوی ببات.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، خامنەیی کە لەبەرەبەیانی هەڵگیرسانی شەڕەکەدا لە ٢٨ی شوبات کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی و هەروەها هاوسەر و کوڕەکەی، موجتەبا بریندار بووە، ئێستا بەپلەی یەکەم لەلایەن تیمێکی پزیشکی‌و کارمەندانی فریاگوزاری پزیشکییەوە گەمارۆ دراوە کە چارەسەری ئەو برینانەی دەکەن لەو کاتەدا تووشی بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی تایمز، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران کە بەپزیشکی نەشتەرگەری دڵە، بە شێوەیەکی شەخسی بەشدارە لەچارەسەرکردنی موجتەبا خامنەیی و وەزیری تەندروستیش بەشداری دەکات.

هەرچەندە خامنەیی لەو هێرشەدا بە سەختی بریندار بووە، بەڵام دەگوترێ کە ناوبراو لە ڕووی دەروونییەوە ساغلەمەو لەگەڵ کەسانی دەوروبەری پەیوەندییەکی باشی هەیە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە کە لەسەر بنەمای لێدوانی چوار بەرپرسی ئێرانی ئاگادار لە تەندروستی خامنەیی ئامادەکراوە، سێ جار نەشتەرگەری بۆ یەکێک لەقاچەکانی کراوە و ئێستا چاوەڕێی قاچی دەستکردە.

دەستێکی نەشتەرگەری بۆ کراوەو وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ کارکردن.

ئەو بەرپرسانە دەڵێن، دەموچاوو لێوەکانی تووشی سووتانی توند بوون، ئەمەش وایکردووە قسەکردنی قورس بێت و دواجار پێویستی بەنەشتەرگەری جوانکاری دەبێت.

ئەو سەرچاوانەی قسەیان لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کردووە بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، خامنەیی تا ئێستا ڤیدیۆ و کلیپێکی دەنگی تۆمار نەکردووە، چونکە نایەوێت لە یەکەم وتاری گشتیدا بەلاوازی‌و شێواوی دەربکەوێت. بەڵکو بە دەرکردنی چەندین بەیاننامەی نووسراو ڕازی بووە، کە بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکراونەتەوەو لەتەلەفزیۆنی دەوڵەتیدا خوێندراونەتەوە.

ئەو پەیامانەی کە بە خامنەیی کوڕ دەگەیەنرێن، بەدەست دەگەیەنرێن، بەمۆر لە زەرفێکدا بۆی دەنێردرێت –  لە لایەن زنجیرەیەکی مرۆیی نێردراوەوە دەگەیەنرێنە دەستی کە نامەکە بۆ یەکتر دەگوازنەوە. بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بە ڕێگاوبانەکاندا دەڕۆن تا دەگەنە حەشارگەکەی. ئەوانیش بەهەمان شێوە پەیامەکانی ئەو دەگەیەننە کەسانی تر. فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی باڵای حکومەت سەردانی خامنەیی ناکەن و گومانیان هەیە ئیسرائیل شوێنەکەی بدۆزێتەوە.

بە پێی ئەو سەرچاوانەی کە قسەیان لەگەڵ ڕۆژنامەکە کردووە، ئەوانەی ئێستا لە ڕووی ئاسایش و شەڕو دیپلۆماسییەوە وڵات بەڕێوەدەبەن، کۆمەڵێک فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و هاوپەیمانەکانیانن.

موجتەبا خامنەیی وەک جۆرێک لە "سەرۆکی دەستەی کارگێڕی" وڵات بەڕێوە دەبات، بەڵام زۆر پشت بەڕێنماییەکانی ئەم "دەستەی سەرۆکایەتییە" دەبەستێت، کە لەلایەن ژەنەراڵەکانەوە پێکهێنراوە.

لەڕاپۆرتەکەدا بەتایبەتی، ئەحمەد تەوحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران؛ ژەنەڕاڵ محەمەد باقر زۆڵقەدر کە بەم دواییە وەک سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکرا؛ ژەنەڕاڵی توندڕەو یەحیا ڕەحیم سەفایی کە وەک ڕاوێژکاری باڵای سەربازی هەردوو عەلی خامنەیی ڕێبەری کوژراوو موجتەبای کوڕی کاری کردووە.

ئەو بەرپرسانەی کە ڕۆژنامەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردووە، ڕایانگەیاندووە، ژەنەراڵەکان شەڕی ئێستا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بە مەترسی بۆ سەر مانەوەی ڕێژیم دەزانن، بەڵام دوای پێنج هەفتە شەڕی توند دڵنیان لەوەی کە سەرکەوتوو بوون لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو مەترسییە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە لەدانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ واشنتۆن پەراوێزخراوە، ئەو دانوستانانەی کە پێش شەڕەکە سەرکردایەتیی کردووەو لەشوێنی ئەویش محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دانراوە.

بەپێی زانیارییەکان، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، خۆی لەگەڵ ژەنەراڵەکاندا هاوتەریب کردووەو بەگوێرەی سەرچاوەکان، بە دەگمەن، دژایەتی بڕیارەکانیانی کردووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەم فەرماندانەی سوپای پاسداران بوون کە ستراتیژی پشت هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداو و هەروەها داخستنی گەرووی هورمزیان داڕشت و هەروەها ئەوانە بوون کە ڕازیبوون بە ئاگربەستێکی کاتی لەگەڵ واشنتۆن و لە ڕێگەی کەناڵە نهێنییەکانەوە.

هەروەها ئەوان بوون کە قالیبافیان هەڵبژارد بۆ سەرکردایەتیکردنی دانوستانەکان لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس لەپاکستان. ئەم شاندە، بۆ یەکەمجار ژەنەڕاڵەکانی سوپای پاسدارانی لە خولەکانی دانوستاندا لەخۆ گرتبوو.

موجتەبا خامنەیی کاتێک تەمەنی ١٧ ساڵ بوو، خۆبەخشانە لە شەڕی ئێران و عێراقدا بەشداری کردو لەبەرەکانی جەنگدا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ فەرماندەکانی ئێستای سوپای پاسداراندا دروست کرد، زۆرێک لەهاوڕێکانی ئەو سەردەمەی بەرزبوونەوە بۆ پۆستە سەرەکییەکانی دەزگای سەربازی و هەواڵگری و هاوڕێ نزیکەکانی بریتین لەحوسێن تەیب، سەرۆکی پێشووی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران؛ ژەنەڕاڵ موحسین ڕەزایی کە لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا فەرماندەی سوپای پاسداران بووە، هەروەها سەرۆکی ئێستای پەرلەمان، قلیباف.

موجتەبا ساڵانێکە هەفتەی جارێک لەگەڵ تەیب‌و قالیباف کۆدەبووەوە بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ، لەوێدا هەڵوێستەکانیان هەماهەنگ دەکرد. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئێستا ئەم پەیوەندییانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دینامیکی نێوان خامنەیی و ژەنەراڵەکان هەیە: ئەوەندە لەیەکەوە نزیکن کە ئەوان بەناوی یەکەمی خۆیانەوە یەکتر بانگ دەکەن، نەک وەک سەرکردەو بنکردە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×