ئا: هێڤی ئاوات
به‌بڕوای زۆرێك له‌دایک‌و باوکه‌کان نه‌بوونی کوڕ خه‌مێكی گه‌وره‌یه، بۆیه به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کوڕێکیان ببێت‌و پێیان نه‌ڵێن وه‌جاخ كوێر، به‌ڵام بەشێک لەخێزانه‌كانیش نەبوونی كوڕ كێشه‌ی گه‌وره‌یانه‌و زۆرجار هەوڵی لەباربردنی کۆرپەلەکانیان دەدەن کە دەزانن کچە، کارمەندیکی عەیادەی سۆنەر دەڵێت "کاتێک کە باوک‌و دایکێک دەڵێیت کۆرپەلەکەت کوڕە، دڵخۆش دەبن‌و کە دەشڵێیت کچە، ماتییەک دایاندەگرێت".
بەهەشت، زیاتر له ١٥ ساڵە هاوسەرگیریی کردووە‌و چوار کچی هەیە، ئێستا سکی هەیەو پشکنینی کردووە‌و دەرکەوتووە کە کۆرپەلەکەی ناو سکی دیسان کچە، ئەو بەئاوێنەی وت "لەدوای نۆبەرەو یەکەم منداڵمەوە کە کچ بوو، هەر بەنیازی کوڕ من‌و هاوسەرەکەم هێشتومانە جارێکی‌تر سکم ببێت، تەنانەت نەک دکتۆر، سەردانی شێخ‌و مەزاریشم کردووە بۆ ئەوەی کوڕم ببێت، چوومەتە مەزاری شێخی باڵەکان لەحاجی ئۆمەران‌و دوعام کردووە‌و پاڕاومەتەوە کوڕێکم بەنسیب بکات، بەڵام کوڕ هەر نەهات، دیارە بەخت‌و شانسی من وایەو ئیرادەی خوایە، بۆیە حەز ناکەم منداڵی پێنجەممان ببێت کە کوڕ نەبێت، چونکە باری داراییمان باش نییەو بوونی منداڵێکی تریش ئەرک‌و بارگرانییەکی زیاترمان بۆ دروست دەکات".
وتیشی "ماوەی چەند رۆژێکە بەدوای دکتۆرێک یان مامانێکدا دەگەڕێم منداڵەکەم بۆ لەبار ببات".
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری ئاوێنە سەدان کۆرپەلەی کچ لەهەرێمی کوردستان لەباربراون، لەبەرئەوەی خێزانەکان ویستویانە کوڕیان ببێت نەک کچ.
بەسۆز عەبدوڵا، کە سكرتێره‌ی دكتۆرێكی سۆنه‌ره لەشاری هەولێر، ئاماژه بەوە دەدات رۆژانه ژماره‌یه‌كی زۆر له‌نه‌خۆش سه‌ردانی عیاده‌كه‌ی ئه‌وان ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی سۆنه‌ركردن، زۆربه‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌شی سه‌ردانیان ده‌كه‌ن ئافره‌تی دوو گیانن، ئەو بەئاوینەی وت "کە دێن بۆ سۆنەر به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا دیاره كه ئاره‌زووی زانینی ره‌گه‌زی منداڵه‌كانیان ده‌كه‌ن".
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە مه‌به‌ست له‌سۆنه‌ره‌كه زۆر هۆكاری هه‌یه‌و راده‌ی رۆشنبیری ژن‌و مێرده‌كه‌ش له‌گه‌ڵ باری ئابووریی‌و كه‌لتووریی ناوچه‌كه كاریگه‌ریان هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه سۆنه‌ر بۆچی ده‌كه‌ن، ئەو وتی "ئه‌و ژن‌و مێردانه‌ی كه تاڕاده‌یه‌ك رۆشنبیرن ئامانجی سه‌ره‌كییان له سۆنه‌ره‌كه هه‌ڵسه‌نگاندنی باری ته‌ندروستی منداڵه‌كه‌یه پاشان له‌دوایدا پرسیاری ره‌گه‌زه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرجار راده‌ی رۆشنبیریشیان به‌رزه، به‌ڵام یه‌كه‌م پرسیار ده‌ڵێن كوڕه یان كچ؟ ئه‌وه‌ی له‌لا گرنگتره".
وتیشی "بەئاشکرا بەروخساری زۆربەیانەوە دیارە کاتێک کە دەڵێیت کۆرپەلەکەت کوڕە، دڵخۆش دەبن‌و بەپێچەوانەشەوە کە دەڵێیت کچە، ماتییەک دایاندەگرێت".
ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە وایکردووە کە زۆرێک پێیانوابێت توندوتیژی بەرامبەر ژنان‌و کچان لەپێش لەدایک بونیانەوە دەستپێدەکات، کە کۆمەڵگە بایەخێکی زیاتر دەدات بەکۆرپەلەی نێر وەک لەمێ، هێشتا چاویان هەڵنەهێناوە مێیەکان رووبەڕووی ململانێی مان‌و نەمان دەبنەوەو لەبار دەبرێن، تەنها لەبەرئەوەی کچن.
دەشنێ محەمەد، كه دووه‌م منداڵ له‌سكیدایه حه‌زی ده‌كرد بزانێت منداڵه‌كه‌ی كوڕه یان كچه، ئەو بەئاوێنەی وت "گرنگ نیه له‌لام كوڕ بێت یان كچ، چونكه كوڕێكم هه‌یه، به‌ڵام زیاتر مێرده‌كەم‌و ماڵە خەزورانم حه‌ز دەکەن كوڕ بێت".
وتیشی "به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر كچت ببێت هه‌میشه له‌به‌خته‌كه‌ی ده‌ترسیت، چونكه ئه‌گه‌ر به‌ختی خراپ بوو رۆژڕه‌شی چاوه‌ڕێیه‌تی، چونكه لای ئێمه هه‌میشه كۆمه‌ڵگه بڕیاده‌ره بۆ هه‌موو شتێكی كچ".
لەکۆمەڵگەی پیاوسالاری کوردەوارییدا، زۆربەی خەڵکی رەگەزی نێر دەخەنە پێش رەگەزی نێرەوەو هەر کوڕیان لا باشترە وەک لەکچ.
د. ئیمان مەغدید، کە لەعیادەی سۆنەردا کار دەکات، بەسەرسوڕمانەوە نمونەیەک لەئەزمونی خۆی بۆ ئاوینە دەگێڕێتەوە، سەبارەت بەدیاریکردنی رەگەزی کۆرپەلە، ئەو وتی "جارێكیان ژن‌و مێردێك له‌ئەوروپاوە هاتبوونه‌وه وامزانی هاتوون بۆ سۆنەر تا له‌باری ته‌ندروستی كۆرپه‌له‌كه بپرسنه‌وه، به‌ڵام یه‌كه‌م پرسیار كردیان وتیان كچه یان كوڕ؟ كه وتم كچه، پیاوه‌كه زۆر تێكچوو، زۆرم بەلاوە سەیر بوو، هەرگیز له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووم وا بكات، کەچی وتی لەوەتەی دنیا دنیایە هه‌ر كوڕ باشتر بووه له‌کچ".
وتیشی "هه‌ست ده‌كه‌م خه‌ڵك له‌م ساڵانه‌ی دوایدا زیاتر هۆشیار بونه‌ته‌وه، بەڵام هێشتا کۆمەڵگەی کوردەواری زۆری ماوە تا بەچاوێکی یەکسان سەیری رەگەزی نێر‌و مێ بکات".
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەهەرێمی کوردستان‌و عێراقیشدا، لەباربردن قەدەغەیەو لەیاسادا وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێ کە ڕاپۆرتی پزیشکی تایبەت رێگەی پێبدات، بەپێی یاساش هەر پزیشکێک ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام بدات، دەکرێت بۆماوەی سێ ساڵ زیندانی بکرێت‌و مۆڵەتەکەشی لەدەستبدات.
هاوکات لەباربردنی منداڵ لەڕووی شەرعیشەوە رێگەپێدراو نییە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری ئاوێنە سەرباری ئەوەش بەشێوەیەكی نهێنی‌و بەپارەیەکی باش منداڵ لەهەرێمی کوردستاندا لەباردەبرێت‌و زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەشی لەباردەبرێن کۆرپەلەی کچن.
کۆمەڵناسانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشوازی نەکردن لەمنداڵی کچ‌و لەباربردنیان نەریتێکی کۆنی کۆمەڵگە پیاوسالاریەکانە.
سەمیرە نەجمەدین، توێژەری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات کە لەکۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا زۆرجار دایک دەکەوێتە ژێر فشارێکی دەرونی یەکجار زۆرەوە بۆ ئەوەی کوڕی ببێت، یاخود ژن تاوانبار دەکرێت بەوەی کە کوڕی نابێت، یان تاوانبار دەکرێت بەوەی کە هەر کچی دەبێت، ئەو بەئاوینەی وت "ئەم لێکدانەوانە لەڕووی زانستییەوە سەلمێنراون کە بێ بنەمان‌و دوورن لەراستییەوە، چونکە ئەوە کرۆمۆسۆمەکانی پیاوە (ئێکس‌و وای) کە رەگەزی منداڵەکە دیاریدەکات نەک هی ژن (ئێکس ئێکس)، ئەم بۆچوونە هەڵانە زۆرجار دەبێتە هۆی تێکچوونی خێزان‌و ئەوەی پیاوەکە بیکات بەبیانوو بۆ ئەوەی ژنی دوهەم بهێنێت تەنها بۆ ئەوەی کوڕیان ببێت! وەک ئەوەی ژنەکە تاوانێکی گەورەی کردبێت کە کچی دەبێت".
وتیشی "کۆمەڵگەی کوردی تا ئێستاش کۆمەڵگەیەکی کوڕپەرستە، تەنانەت لەناو ژنانیشدا هێشتا هەر گوێت لەوە دەبێ کە بەدایک‌و باوکی کچان دەوترێت خوا کوڕتان باتێ، بە دایکی کوڕان بیت، یاخود دەڵێن خۆزگە کوڕێکیشتان ببوایە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات