واشنتۆن پۆست: هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا زۆر زیاترە لەوەی کە باس دەکرا
  2026-05-06       372       
هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەقەتەر

ئا: ئاوێنە

 

وێنەی مانگە دەستکردەکان کە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوەو لەلایەن واشنتۆن پۆستەوە پشتڕاستکراونەتەوە، دەریدەخەن کە لانیکەم ٢٢٨ باڵەخانە یان شوێن لەبنکە سەربازییەکانی ئەمریکا زیانیان پێگەیشتووە لەماوەی ٤٠ رۆژی شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەل ئێراندا.

 

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاماژە بەوە دەکات کە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە لانیکەم ٢٢٨ بینا یان شوێن لەدامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانیان بەرکەوتووە یان لەناوبراون لەلایەن ئێرانەوە.

بەپێی شیکارییەکی واشنتۆن پۆست بۆ وێنە مانگە دەستکردەکان، ئامانجەکان بریتی بوون لەفڕۆکەکان، کۆگای سووتەمەنی، ڕادارو چەکی بەرگری ئاسمانی‌و ڕادەی زیانەکان زۆر زیاترە لەوەی کە حکومەتی ئەمریکا بەئاشکرا دانی پێدا ناوە یان ڕاپۆرتی کردووە.

هەڕەشەی هێرشەکان وایکرد بەشێک لەبنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە زۆر مەترسیدار بن بۆ ئەوەی بە توانای تەواوەوە کاربکەن و فەرماندەکانیان لە سەرەتای شەڕەکەدا زۆربەی کارمەندەکانیان لەناوچەکانی مەودای هێرشەکانی ئێران دوورخستەوە، بەپێی قسەی بەرپرسان.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە لە ٢٨ی شوباتەوە، حەوت سەربازی سوپای ئەمریکا لەهێرشەکاندا بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا لەناوچەکە کوژراون، شەشیان لەکوەیت و یەکێکیشیان لەسعودیە، هاوکات تا کۆتایی مانگی نیسان زیاتر لە ٤٠٠ سەرباز برینداربوون. هەرچەندە زۆربەی بریندارەکان لەماوەی چەند ڕۆژێکدا گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان، بەڵام لانیکەم ١٢ کەس برینداربوون کە بەرپرسانی سەربازی بەسەختی وەسفیان کردووە.

بەدەستهێنانی وێنەی مانگی دەستکردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم کاتەدا بە شێوەیەکی نائاسایی قورسە. دوو لە گەورەترین دابینکەرانی بازرگانی، ڤانتۆر و پلانێت، پابەند بوون بەداواکارییەکانی حکومەتی ئەمریکا- گەورەترین کڕیاریان- بۆ سنووردارکردن، دواخستنی، یان بۆ ماوەیەکی نادیار بڵاوکردنەوەی وێنەی ناوچەکە بۆ ماوەی شەڕەکە، ئەمەش وایکرد هەڵسەنگاندنی دژە هێرشەکانی ئێران قورس بێت یان مەحاڵ بێت . ئەم سنووردارکردنانە کەمتر لە دوو هەفتە دوای دەستپێکردنی شەڕ دەستیپێکرد.

بەڵام ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران لەسەرەتای جەنگەوە لەهەژمارە سۆشیال میدیاکانی خۆیاندا وێنەی مانگی دەستکردی وردی کوالێتی بەرز بڵاودەکەنەوەو بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لێدانەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا بەدیکۆمێنت دەکەن.

نۆ تانکی سووتەمەنی لەبنکەی ئاسمانی عەلی ئەلسالم لەکوێت زیانیان بەرکەوت. میدیاکانی ئێران وێنەکانیان بڵاوکردەوە، واشنتۆن پۆستیش بۆ پشتڕاستکردنەوەی زیانەکان، وێنەی مانگی دەستکردی لەپلانێتەوە بەکارهێنا.

 

بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە- یەکێک لەیەکەم تۆمارەکانی زیانگەیاندن بەدامەزراوە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا- ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست زیاتر لە ١٠٠ وێنەی مانگی دەستکردی کوالێتی بەرزی پشکنیوە کە لەلایەن ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە. ڕۆژنامەکە ڕەسەنایەتی ١٠٩ دانەیان پشتڕاستکردەوە بە بەراوردکردنیان لەگەڵ وێنەی ڕوونی کەمتر لەسیستەمی مانگی دەستکردی کۆپەرنیکۆسی ئەوروپی، هەروەها لەگەڵ وێنەی ئکوالێتی بەرز لە پلانێت، لەو شوێنانەی کە بەردەستن. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست 19 وێنەی ئێرانی لەشیکاری زیانەکانی خۆی دەرهێنا، چونکە بەراوردکردن لەگەڵ وێنەکانی کۆپەرنیکۆس بێ ئەنجام بوو. هیچ کام لە وێنە ئێرانییەکان بەساختەو دەستکاریکردن دەرنەکەوتوون.

پەیامنێرانی ڕۆژنامەکە لە گەڕانێکی جیادا بۆ وێنەکانی پلانێت، ١٠ بینای وێران یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە کە لە وێنەکاندا نەگیراون کە لەلایەن ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە . بەگشتی واشنتۆن پۆست ٢١٧ بینا و ١١ پارچە ئامێری دەستنیشانکردووە کە لە ١٥ دامەزراوەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیانیان بەرکەوتووە یان لەناوچوون .

شارەزایان کە پێداچوونەوەیان بە شیکارییەکانی واشنتۆن پۆستدا کردووە، دەڵێن زیانەکانی دامەزراوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە سوپای ئەمریکا تواناکانی بە ئامانجگرتنی ئێرانی بە کەم سەیر کردووەو بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ شەڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مۆدێرن خۆی نەگونجاندووە و هەندێک بنکەیان بە شێوەیەکی ناتەواو پارێزراو بەجێهێشتووە.

مارک کانسیان، ڕاوێژکاری باڵای سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی و عەقیدێکی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی کە لەسەر داوای واشنتۆن پۆست پێداچوونەوەی بە وێنە ئێرانییەکاندا کردووە، دەڵێت "هێرشەکانی ئێران ورد بوون". ڕۆژنامەکە پێشتر ئاشکرای کردبوو کە ڕووسیا زانیاری لەسەر بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا داوەتە ئێران.

ڕەنگە بەشێک لە زیانەکان دوای ئەوە بووبێت کە هێزەکانی ئەمریکا پێشتر بنکەکانیان بەجێهێشتبوو، ئەمەش وایکردووە کە پاراستنی دامەزراوەکان کەمتر گرنگ بێت. مارک کانسیان و شارەزایانی دیکەش ڕایانگەیاندووە، باوەڕیان بەوە نییە کە هێرشەکان توانای سوپای ئەمریکا بۆ درێژەدان بە هەڵمەتی بۆردومانکردن دژی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو سنووردار کردبێت.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) کە بەرپرسیارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێکی ورد لەسەر ئەنجامەکانی واشنتۆن پۆست بدات. وتەبێژی سەربازی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە هەڵسەنگاندنی زیانەکان پرۆسەیەکی ئاڵۆزەو لەهەندێک حاڵەتدا دەتوانێت ببێتە هۆی دەرەنجامە چەواشەکارەکان، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کۆتاییهاتنی ململانێکان، بەرپرسانی سەربازی دەتوانن وێنەیەکی تەواوتر لەهێرشەکانی ئێران بخەنەڕوو.

لە هەفتەکانی سەرەتای جەنگەکەدا چەندین دەزگای میدیا هەڵسەنگاندنی زیانەکانیان بڵاوکردەوە، لەنێویاندا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە هێرشەکانی بۆ سەر ١٤ بنکەی سەربازی یان دامەزراوەی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا دەستنیشانکرد . لە کۆتایی مانگی نیساندا، کەناڵی NBC News بڵاویکردەوە کە فڕۆکەیەکی جەنگی ئێرانی بنکەیەکی ئەمریکای لە کوێت بۆردومان کردووە، ئەمەش یەکەمجارە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا فڕۆکەیەکی جەنگی دوژمن بنکەیەکی ئەمریکای بکاتە ئامانج، ئەمەش بە ئاماژەدان بە لێکۆڵینەوەیەک کە دەرکەوتووە ئێران ١٠٠ ئامانجی لە ١١ بنکەدا پێکاوە. کەناڵی سی ئێن ئێن هەفتەی ڕابردوو بڵاویکردەوە کە ١٦ دامەزراوەی ئەمریکی زیانیان بەرکەوتووە.

بەڵام لێکۆڵینەوەکانی واشنتۆن پۆست کە لەسەر بنەمای وێنەکانی سەرەتای شەڕەکە تا ١٤ی نیسان، ئاشکرای دەکات کە دەیان ئامانج کەوتوونەتە بەر ئەو هێرشانە.

لە سەرەوە لەچەپەوە بۆ ڕاست: بنکەی پشتیوانی دەریایی بەحرەین، بنکەی ئاسمانی عیسا، بنکەی ئاسمانی ڕیفا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بنکەی ئاسمانی هەریر، بنکەی ئاسمانی عەلی ئەلسالم، کەمپی عارفجان، کەمپی بویرینگ، بەندەری شوعەیبە، بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید، بنکەی ئاسمانی شازادە سوڵتان، بنکەی ئاسمانی ئەلزەفرە. (وێنەکان لە میدیای ئێرانی پەیوەست بە ڕێژیمەوە وەرگیراوە.)

 

وێنەکان دەریدەخەن کە هێرشە ئاسمانییەکان زیانیان بە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازگە، هەنگار یان کۆگاکانی زیاتر لە نیوەی ئەو بنکە ئەمریکییانە گەیاندووە کە لەلایەن واشنتۆن پۆستەوە پشکنینیان بۆ کراوە.

ویلیام گودهاید، توێژەر لە پرۆگرامی توێژینەوەی سەربەخۆی کۆنتێستد گراوند کە پێداچوونەوەی بە وێنەکاندا کردووە، دەڵێت: "ئێرانییەکان بە ئەنقەست بینای نیشتەجێبوونیان لە چەندین دامەزراوەدا کردە ئامانج بە ئامانجی گەیاندنی زیانی گیانی بەکۆمەڵ". "نەک تەنها ئامێر و کۆگاکانی سووتەمەنی و ژێرخانی بنکە ئاسمانییەکان لێیاندرا، بەڵکو هۆڵەکانی وەرزش و شوێنی نانخواردن و شوێنی نیشتەجێبوونیش لێیاندرا."

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست هەروەها بۆی دەرکەوتووە کە هێرشەکان بەر دامەزراوەیەکی پەیوەندییەکانی مانگی دەستکرد لە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید لە قەتەر، کەرەستەی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت لە بنکە ئاسمانییەکانی ڕیفا و عیسا لە بەحرەین و بنکەی ئاسمانی عەلی ئەلسالم لە کوەیت، دیشێکی مانگی دەستکرد لە بنکەی پشتیوانی دەریایی لە بەحرەین - کە وەک بارەگای بەلەمی پێنجەمی ئەمریکا کاردەکات -، وێستگەیەکی کارەبا لە کەمپی بویرینگ لە کوێت، هەروەها پێنج دامەزراوەی هەڵگرتنی سووتەمەنی لە سێ بنکە.

هەروەها وێنە ئێرانییەکان زیان یان لەناوچوونی پێشتر ناسراو بە قوبە ڕادارەکان لە کەمپی عارفجان و بنکەی ئاسمانی عەلی ئەلسالم لە کوێت و هەروەها بارەگای بەلەمی پێنجەم تۆمار کردووە. زیان بە ڕادار و ئامێرەکانی THAAD لە بنکەی ئاسمانی موعەفەق سالتی لە ئوردن و لە دوو دامەزراوە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و دامەزراوەی دووەمی پەیوەندی مانگی دەستکرد لە ئەلعودەید و هەروەها فڕۆکەیەکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و فەرماندەیی E-3 Sentry و تانکەرێکی سووتەمەنی فڕیو لە بنکەی ئاسمانی شازادە سوڵتان لە سعودیە ڕاگەیەندراوە.

زیاتر لە نیوەی ئەو زیانانەی کە واشنتۆن پۆست پشکنینیان بۆ کردووە لەکەشتی فرۆکەهەڵگری پێنجەم و سێ بنکە لە کوێت بووە — بنکەی ئاسمانی عەلی ئەلسالم، کەمپی عارفجان و کەمپی بوهرینگ. کەمپی عارفجان بارەگای ناوچەییە بۆ سوپای ئەمریکا.

زیانەکانی کەمپی عارفجان لە کوێت، وەک لە ٤ی ئازاردا تۆمارکراوە.(هەسار)

 

بەشێک لەوڵاتانی کەنداو ڕەتیانکردەوە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانیانەوە ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە ئەنجام بدەن. بەڕپرسێکی ئه مریکا ڕایگەیاند، بنکەکانی بەحرەین و کوەیت ڕووبەڕووی هێرشێکی قورس بوونەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێگەیان داوه لەناو خاکی خۆیانەوه هێرش بکرێته سەڕ ئێران.

کانسیان وتی ڕەنگە بەشێک لە زیانەکان بەهۆی هەڵبژاردنی هۆشیارانە یان تاکتیکی فریودەرەوە بووبێت لەلایەن ئەمریکاوە . ڕەنگە هێزەکانی ئەمریکا ڕێگەیان بە مووشەکێکی هاتوو هەڵبژاردبێت کە ئامانجێک بپێکێت کە بە گرنگییەکی کەم دادەنرێت، لەکاتێکدا ئەگەری ئەوەش هەیە فەرماندەکان هەوڵی چەواشەکردنی هێزەکانی ئێرانیان دابێت .

شارەزایان دەڵێن پێدەچێت لاوازی دامەزراوە سەربازییەکان بۆ هێرشەکانی ئێران بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بێت.
ئەوان دەڵێن، سەرەکیترینیان ئەوەیە کە هێزەکانی ئێران خۆڕاگریان سەلماندووە لەوەی کە ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ چاوەڕێی کردبێت.

بەپێی خەمڵاندنێکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، سوپای ئەمریکا لانیکەم 190 مووشەکی ڕێگریکەری THAAD و 1060 مووشەکی ڕێگری پاتریۆت لە نێوان 28ی شوبات و 8ی نیساندا بەکارهێناوە.

جەستن برۆنک، لێکۆڵەرێکی باڵای هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆژیا لە پەیمانگای ڕۆیاڵ یونایتد سێرڤیس لە لەندەن، ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانان "کاری سەرسامکەر"یان ئەنجامداوە لە ڕێگریکردن لە هێرشەکان، بەڵام "بە تێچووی زۆر لە مووشەکی سەرزەوی بۆ ئاسمانی و مووشەکی ئاسمانی بۆ ئاسمان".

لە هەمان کاتدا شارەزایان باسیان لەوە دەکرد کە سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی پێویست خۆی لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکازی نەگونجاندووە، هەرچەندە وانەیەک لە شەڕی ئۆکرانیا فێربووە.

دێکەر ئیڤلێس، شرۆڤەکاری سەنتەری شیکاری دەریایی دەڵێت "هەرچەندە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەندێکیان زیانێکی گەورەیان نەگەیاندووە، بەڵام ڕێگریکردنیان قورسترەو زۆر گرانترە، ئەمەش وایکردووە ببنە مەترسییەکی زۆر گەورەتر بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا".

هەروەها پسپۆڕان ئاماژەیان بە کێشە بنەڕەتییەکان کرد، وەک نەبوونی پەناگەی قەڵادار کە بتوانێت سەرباز و ئامێرەکان لە پێگە سەرەکییەکان و ئامانجە ئەگەرییەکان بپارێزێت.

بۆ نموونە ناوەندی ئۆپەراسیۆنە تاکتیکییەکان لە کوەیت کە لە سەرەتای مانگی ئازاردا شەش ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمریکی لە هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێراندا کوژران، ئامڕازی بەرگرەنگاربوونەوەی دژ بەفڕۆکە بێ فڕۆکەکان بەهێز نەبوو.

بەندەری شوعەیبە لە کوەیت، ساڵی ٢٠٢١. سەقفی بیناکە کە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانەوە کەوتووەتە خوارەوە، پێدەچێت لە کانزای وەرەقە دروستکراوە. (وێنەی سەربازی ئەمریکا.)

لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا، وێنەی مانگی دەستکرد دەریدەخات کە فڕۆکەیەکی پێشوەختەی ئاگادارکردنەوە و فەرماندەیی E-3 Sentry لە بنکەی ئاسمانی شازادە سوڵتان لە سعودیە، پێدەچێت لەناوچووبێت، دوای ئەوەی چەندین جار لەسەر هەمان ڕێڕەوی تاکسی بێ پاسەوانی وەستابوو.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر خەمڵاندنی شارەزایان بۆ زیانەکان بدات.

ماکسیمیلیان بریمەر ، هاوڕێی سەنتەری ستیمسۆن و ئەفسەری خانەنشینکراوی هێزی ئاسمانی، وتی هێرشەکان بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا وایکردووە پلاندانەرانی سەربازی بیر لە دووفاقییە گرینگەکان بکەنەوە : یان سەربازەکان بکشێننەوە بۆ شوێنە سەلامەتترەکان، توانای ئۆپەراسیۆنەکانیان سنووردارتر بکەن، یان بنکەکان وەک خۆیان بهێڵنەوە، مەترسی قوربانیی زیاتر قبوڵ بکەن.

کاربەدەستێکی ئەمریکی ڕایگەیاند کە زیانەکانی بنکەی پشتیوانی دەریایی لە بەحرەین "بەرفراوانن" و بارەگاکانی ئەوێ گواستراونەتەوە بۆ بنکەی هێزی ئاسمانی ماکدیل لە تامپای ویلایەتی فلۆریدا کە بارەگای سەرەکی کۆمپانیای CENTCOM لێیە. ئەو مەزەندەی کردووە کە پێناچێت کارمەندانی سەربازی و بەڵێندەر و مەدەنی بگەڕێنەوە بۆ بنکەکە "لە داهاتوویەکی نزیکدا".

دوو بەرپرسی دیکەش ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەنگە هەرگیز هێزەکانی ئەمریکا بە کۆمەڵ نەگەڕێنەوە بۆ بنکەکانی ناوچەکە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە.

 

سەرچاوە: واشنتۆن پۆست

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×