عەلی زەیدی ​لەنێوان گەمارۆی واشنتۆن و ڤیتۆی تاران
  2026-05-11       274       

ئا: ئاوێنە

 

​لە کاتێکدا عێراق بە قۆناغێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، کەوتووەتە ناو چەقی گەردەلوولێکی سیاسییەوە. بەگوێرەی زانیارییە وردەکانی ڕۆژنامەی (شەرق ئەوسەت)، ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا گەیشتووەتە لوتکە و کابینەکەی زەیدی بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ئەم ململانێیە.

هەوڵەکانی واشنتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێک کە بەتەواوی لە دەرەوەی هەژموونی تاران بێت، ئێرانییەکانی خێرا هێناوەتە سەر خەت. گەیشتنی کتوپڕی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ پایتەختی عێراق، پەیامێکی ڕوونی تێدابوو؛ تاران بە فەرمی (ڤیتۆ)ی دژی هەر هەوڵێک بەکارهێنا کە ئامانج لێی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان بێت لە کابینەی نوێ. قائانی داوایەکی توندی ئاراستەی نوێنەرانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) کردووە کە بە هیچ شێوەیەک دەنگ بەو حکوومەتە نەدەن کە ئەمریکا دەیەوێت بیسەپێنێت.

 

​فشاری ئەمریکا و پشتیوانییەکانی ترەمپ

لە بەرامبەردا، عەلی زەیدی کە لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦ بۆ ئەم پۆستە ڕاسپێردراوە، پاڵپشتییەکی بەهێزی لە دۆناڵد ترەمپەوە پێگەیشتووە، تا ئەو ڕادەیەی ترەمپ گەیشتنی زەیدی بەم پۆستەی بە "سەرکەوتنێکی مەزن" وەسف کردووە. ستراتیژیی ئێستای واشنتن فرەڕەهەندە؛ تەنیا بە دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە وەزارەتەکان ناوەستێت، بەڵکوو هەوڵێکی چڕ دەدات بۆ بڕینی سەرجەم ئەو ڕێگایانەی کە لەوانەیە ببنە هۆی دەستگەیشتنی ئەو گرووپانە بە سەرچاوە داراییەکان و سێکتەری نەوت، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەی دانانی کەسانی جێگرەوە و سێبەرەوە بێت.

 

​گرێکوێرەی وەزارەتەکان و داواکاریی لایەنەکان

ئەم کەشە گرژە، دانوستانە ناوخۆییەکانیشی ئاڵۆزتر کردووە. گرووپی (عەسائیب ئەهلی حەق) کە خاوەنی ٢٧ کورسیی پەرلەمانین، چاویان بڕیوەتە وەزارەتی نەوت و پێداگری لەسەر وەرگرتنی دەکەن، ئەمەش بۆ ئەمریکییەکان هێڵێکی سووری تێپەڕنەکراوە. بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو پێشنیاری کردووە کە پشکی ئەو لایەنانە بدرێت بەو هێزانەی کاریگەرییان کەمترە، یانیش هەندێک لە وەزارەتەکان بە بەتاڵی بهێڵرێنەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێک لە تووڕەیی لە ناو هێزە لایەنگرەکانی ئێران، کە سوورن لەسەر پاراستنی پێگەی خۆیان لەناو وەزارەتە سیادییەکاندا.

 

​بۆسەیەکی مەترسیدار و هەڕەشەی سزای ئابووری

بە بڕوای ڕاوێژکارێکی باڵای شیعە کە هۆشداریی داوەتە ڕۆژنامەکە، عێراق ئێستا لەسەر لێواری بۆسەیەکی زۆر مەترسیداردایە. دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە یان دەبێت واشنتن و تاران بگەنە جۆرێک لە ڕێککەوتنی کاتی، یانیش ململانێکان پەرە دەستێنن و بەتەواوی کۆتایی بە کاندیدبوونی عەلی زەیدی دەهێنێت. لێکەوتەی ئەم شکستەش کارەساتبار دەبێت، چونکە پێشبینی دەکرێت بەغدا ڕووبەڕووی سزای قورسی ئابووری ببێتەوە. لە ئێستادا واشنتن دەستوەردان لە بچووکترین وردەکارییەکاندا دەکات و زانیاریی تەواوی لەبەردەستدایە لەسەر ئەو (فێڵ) و تاکتیکانەی کە گرووپەکان بۆ تێپەڕاندنی مەرجەکانی ئەمریکا بەکاری دەهێنن.

 

​کاتژمێرەکە لە زیانی زەیدی کار دەکات

سەرەڕای هەموو ئەم ئاستەنگە سیاسی و نێودەوڵەتییانە، فاکتەری کات گەورەترین دوژمنی عەلی زەیدییە. ئەو تەنیا مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژی هەیە بۆ ڕاگەیاندن و پێکهێنانی کابینەکەی. هاوکات، قەیرانێکی لۆجستی و یاساییش سەریهەڵداوە؛ بەهۆی سەفەرکردنی دەیان پەرلەمانتار بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، مەترسییەکی ڕاستەقینە دروست بووە کە لە کاتی دەنگدان بە کابینەکەدا نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواو نەبێت، ئەمەش دۆخەکەی هێندەی دیکە لەسەر سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو قورس و ئاڵۆز کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×