ئا: ئاوێنە
لە چاوپێکەوتنێکی دەگمەن و کراوەدا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پەردە لەسەر کۆمەڵێک نهێنیی قووڵی مێژوویی و سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵدەداتەوە. لە ڕەتکردنەوەی پێشنیازێکی مەترسیداری داعشەوە، تا دەگاتە گفتوگۆ ئاڵۆزەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد و پەیوەندییە خێزانییەکەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، عەبدی وردەکاریی قۆناغە سەختەکان دەگێڕێتەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای دەکات کە دوای گەڕانەوەی بۆ سووریا لە ساڵی ٢٠١١، دوو جار ڕووبەڕوو لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆبووەتەوە. داواکارییەکی سەرەکیی ئەو گۆڕینی ناوی "کۆماری عەرەبیی سووریا" بووە بۆ "کۆماری سووریا" بە ئامانجی ئەوەی وڵاتەکە گوزارشت لە سەرجەم پێکهاتەکان بکات. کاتێک ئەسەد پێداگری لەسەر ناسنامەی عەرەبی کردووەتەوە، عەبدی بە ڕوونی پێی وتووە کە "ناتوانن ئەو ناسنامەیە بەسەر کورددا بسەپێنن"، بەمەش کۆبوونەوەکان بێ ئەنجام کۆتاییان هاتووە.
پێشنیازەکەی داعش و دەستپێکی داستانێک
یەکێک لە سوپرایزەکانی گێڕانەوەکەی مەزڵووم عەبدی، ئاشکراکردنی پەیامێکی نهێنیی ڕێکخراوی داعشە پێش هێرشە گەورەکەی سەر کۆبانێ. بە وتەی ناوبراو، داعش ئامادە بووە "ویلایەتێکی کوردی" ڕابگەیەنێت و ڕێگە بە قسەکردن بە زمانی کوردی بدات، تەنیا بەو مەرجەی هەسەدە بەیعەتیان پێ بدات. دوای ئەوەی عەبدی ئەو داواکارییەی بە توندی ڕەتکردووەتەوە، داعش لە چوار قۆڵەوە پەلاماری کۆبانێی داوە، کە دواتر بە بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە و پەکەکە، بووە سەختترین و مێژووییترین جەنگ لە دژی ئەو ڕێکخراوە.
سەرەتای پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی سلێمانییەوە
سەبارەت بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، عەبدی ڕوونیدەکاتەوە کە سەرەتا ئەمریکا و هاوپەیمانان سڵیان دەکردەوە و تەنیا دەیانویست بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی سڤیل هاوکار بن. ئاشکراشی دەکات کە یەکەمین پەیوەندییەکان لە ڕێگەی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستانەوە دروست بووە. دواتر کاتێک هاوپەیمانان بینییان شەڕڤانان پاشەکشە ناکەن، پشتیوانییەکانیان فراوان کرد و یەپەگە بووە یەکەمین هێزی زەمینی کە بە پاڵپشتیی ئاسمانیی ئەمریکا ناوچەکانی لە داعش پاککردەوە.
ئۆجەلان لە کۆبانێ و قۆناغەکانی زیندان
عەبدی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خوێندکاریی خۆی لە حەلەب و ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە چوار جار لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر کراوە، ئەمەش وای لێکردووە زانکۆ جێبهێڵێت و ڕوو لە خەباتی سەربازی بکات. لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە، دەڵێت لە هەشتاکانەوە لایەنگری ئەو پارتە بووە. هەروەها ئەو نهێنییە ئاشکرا دەکات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، سەردەمانێک لە ماڵی باوکی ئەوان لە کۆبانێ ماوەتەوە.
ئازادکردنی کۆبانێ و پاراستنی سوپای سووریا
سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی ناوچە کوردییەکان لە تەممووزی ٢٠١٢، عەبدی دەڵێت بڕیاری ئازادکردنی کۆبانێیان داوە دوای ئەوەی ڕژێم هەڕەشەی بۆردومانی کردوون. پرۆسەکە بەبێ خوێنڕشتن ئەنجامدراوە و سوپای سووریا خۆی ڕادەست کردووە؛ لە بڕیارێکی مرۆییشدا، بەرپرسانی ڕژێمیان وەک "میوان" هێشتووەتەوە و دواتر بە سەلامەتی ڕادەستی خێزانەکانیان کردوونەتەوە.
گەڕانەوە بۆ جلی مەدەنی
لە کۆتاییدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کە سەرەتا بە جلی مەدەنییەوە کاری سیاسی کردووە و لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە بە ناچاری جلوبەرگی سەربازی دەپۆشێت، هیوای خواست کە لە داهاتوودا چیدی پێویستیان بە شەڕ نەبێت و بتوانێت بە جلی مەدەنییەوە بگەڕێتەوە ناو کایەی سیاسی.