ئا: ئاوێنە
قاچاخچییەکی پلەباڵا کە لە لێکۆڵینەوەیەکی نهێنیی بی بی سی (BBC) سەبارەت بە قاچاخیکردن بە مرۆڤ بۆ بەریتانیا دەستنیشان کرابوو، لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا.
گومان دەکرێت ئەو تۆڕەی کە کاردۆ جاف بە ناوی خواستراوی «کاردۆ ڕانیە» بەڕێوەی دەبرد، لە ساڵانی ڕابردوودا هەزاران کۆچبەری نایاسایی لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە بە نۆکەندی ئینگلیز (کەناڵی مانش)دا گواستبێتەوە بۆ بەریتانیا.
کاردۆ جاف لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بە گومانی تێوەگلان لە تاوانەکانی قاچاخیکردن بە مرۆڤ دەستگیرکرا؛ ئەو ئێستا دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەکانیش هێشتا بەردەوامن.
ئەم پیاوە تەمەن ٢٨ ساڵە کە کوردێکی عێراقە، چەندین ساڵ بە ناوی خواستراوی جیاوازەوە کاری کردووە. بەڕێز جاف بە شاراوەهێشتنەوەی ناوی ڕاستەقینەی خۆی، دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا قورستر کردبوو.
هەفتەی ڕابردوو، ناوی ڕاستەقینەی لەلایەن پەیامنێرانی بی بی سی، سو میشێل و ڕۆب لاورییەوە ئاشکرا کرا و چیرۆکی بەدواداچوون بۆ ئەم قاچاخچییە لە پۆدکاستێکی بەرنامەی ڕادیۆ ٤ـی بی بی سی بڵاوکرایەوە.
کاتێک بەڕێز جاف لەلایەن بی بی سییەوە ڕووبەڕووی ئەم تۆمەتانە کرایەوە، قاچاخچیکردنی خۆی ڕەتکردەوە و وتی کە ئەو تەنها ڕاوێژی بە خەڵک داوە لەسەر چۆنیەتیی جێهێشتنی عێراق. هەروەها وتیشی کە پێی وانییە هیچ تاوانێکی ئەنجامدابێت.
بەڕێز جاف گومانی لێدەکرێت کە ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووبێت لە تۆڕێکی کوردی-عێراقیدا، کە لە ساڵانی دواییدا کۆنترۆڵی زۆربەی گەشتە نایاساییەکانی کردووە لە ڕێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە.
ئەو زیاتر، هەم لای کۆچبەران و هەم لای قاچاخچییەکانی دیکەش، بە ناوی خواستراوی «کاردۆ ڕانیە» ناسراوە. ناوی «ڕانیە» لە شارێکی هەرێمی کوردستانەوە بە هەمان ناو وەرگیراوە، کە ئەو و سەرکردەکانی دیکەی ئەم تۆڕە خەڵکی ئەوێن.