ئا: محەمەد هاوژین
هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربان، خەڵکی موسڵمانی کوردستان ئامادەکاری دەکەن بۆ قوربانیو بەجێهێنانی سونەتێکی ئایینی، خاوەن ئاژەڵەکان چاوەڕوانی فرۆشتنی ئاژەڵەکانیانن، قەسابەکان چەقۆتیژ دەکەنو هەژارانیش خۆشحاڵن بە بەخشینەوەی گۆشتی قوربانی، چالاکوانێکی مافی ئاژەڵان دەڵێت "من دژی لۆژیکی قوربانیدانم، پەرستش بەڕشتنی خوێن ئەنجام نادرێت، بەڵام زۆر قورسە لەکۆمەڵگەیەکی وەک کوردستاندا بانگەشەکردن بۆ قوربانی نەکردن".
مام مەغدید، كه لهمهیدانی ئاژهڵفرۆشانی هەولێر، خەریکی مەڕو نۆبەن فرۆشتن بوو، ئاماژەی بەوە دەکرد ئهو ئاژهڵانهی دهفرۆشرێن باشترین جۆری ئاژهڵن، ئەو بەئاوینەی وت "بۆ قوربانی کردن دهبێت ئاژهڵهكه سهقهت نهبێتو گوێی نهتهقیبێتو دهستو قاچهكانی ساخ بن، ههروهها گۆشتی باشی ههبێو لهڕ نهبێت، ئهگهر وهها نهبێت ئهو كهسهی خێرهكه دهكات، خێرهكهی سووك دهبێت".
ههرچهنده ئهو پیاوه بهتهمهنه ئهوهش ناشارێتهوه کە لهمهیدانهكهدا ههیه گوێ بهو مەرجانەش ناداتو خهڵكی نهشارهزا ههڵدهخهڵهتێنن، مام مەغدید وتی "هیچ ساڵێک بەئەندازەی ئەمسال مەیدانی ئاژەڵانم چۆڵو بێ بازاڕ نەبینیوە، مەگەر ساڵی پەتای کۆرۆناکە، ، لە کۆی ٢٥ ئاژەڵی بچوک تەنها پێنجم فرۆشتووەو کڕیار نییە، ساڵان لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، مەیدانی ئاژەڵ فرۆشان جمەی دەهات، ئەمسال نرخی گۆشتو ئاژەڵ زۆر گران بوو، بەراورد بەساڵی رابردوو لە١٠٪ زیادی کردووە، بۆیە بازاڕ وەستاوەو تاکوتەرا ئاژەڵ دەفرۆشرێ".
بەپێی ساڵنامەی قەمەری، کۆتا مانگی ساڵ، مانگی زولحیجەیە، واتە مانگی حەج کردنە. لەڕۆژی نۆیەمی زولحیجەدا خەڵک لەهەموو وڵاتانی جیهانەوە دەچن بۆ حەجو کە لەکێوی عەرەفە دەوەستنو پاشان تەواف بەدوری کەعبەدا دەکەن، جهژنی قوربان دەستپێدەکات، لەم کاتەدا ساڵانە ژمارهیهكی بێشومار ئاژهڵ سهردهبڕدرێ لەلایەن ئهو خهڵكانهی شوێنكهوتووی ئایینی ئیسلامن، بهنیازی ئهوهی لهسۆزو بهزهیی یهزدان بێبهش نهبن.
ئارام ئیبراهیمی تەمەن ٣٢ ساڵ، هاتووە بۆ مەیدانی ئاژەڵانو دەیەوێ نۆبەنێک بکات بەخێر بۆ دایکی کە ئێستا پشکنینی بۆ کراوەو چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی ئەنجامەکەیەو گومانی ئەوەی لێدەکرێ تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بووبێت، ئەو وتی "زۆر خەممە، زۆر دڵم لای دایکمەو کە پزیشک ناردی بۆ پشکنین یەکسەر نۆبەنێکم کرد بەخێر کە خوایە ئەو نەخۆشییەی نەبێت، ئێستا هاتووم دەیکەم بەخێر بۆ دایکمو باوکیشم کە رەحمەتی خواتی کردووە".
وتیشی "خۆم باوەڕی تەواوم بەوەیە کە خوای گەورە دەمانخاتە بەر رەحمی خۆیو دڵی هیچ ئیماندارێکی راستەقینە ناشکینێو ئەم خێرەش جێی خۆی دەگرێت".
قوربانی کردن نەریتێکی کۆنە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکانو پاشان لەئایینی ئیسلامیشدا پەیڕەو کراوەو لەبنەڕەتدا بەمەبەستی یارمەتیدانی هەژارانو لءخۆشبوونە لەهەڵەو گوناحەکانی مرۆڤ.
محەمەدی قەساب، کە لهماڵی یهكێك لهخاوهنی قوربانییهكان بهر لهچهقۆهێنان بهملی نۆبهنهكهدا، خەریکی خوێندنەوەی ناوی ئهو كهسانه بوو كه خێرهكهیان بۆ كراوه، بەئاوێنەی وت "ئەم ناو هێنانە نەریتێکە بۆ قوربانی کردن، بەو پێیەی كه لهو دنیا ئهوانهی خێریان بۆ دەکرێت ههر ههموویان سواری كۆڵی ئهو ئاژهڵه دهبنو له پردی سیراتی نێوانی دۆزەخو بهههشت دهپهڕنهوه".
وتیشی "نۆبهن بۆ شهش كهسهو مهڕو شەک بۆ دوو كهسهو گا بۆ زیاتره".
ئەمە لەکاتێکدایە کە كوشتارگەی هەولێر ئەوە رووندەکاتەوە ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان، بۆ ئەوەی پرۆسەی قوربانیكردن دوور لەهەموو نەخۆشییەك بەڕێوە بچێت.
هەڵمەت هەمزە بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێر، پێشبینیی ئەوە دەكات ئەمساڵ رێژەی قوربانی بەراورد بەساڵانی رابردوو دابەزێت، ئەو دەلێت "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لەم چەند رۆژەی پێش جەژندا رێژەی كڕین زۆر كەم بووەتەوە، هۆکاری سەرەکیش خراپی دۆخی دارایی خەڵکو بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵە، کە هەر کیلۆیەک ئاژەڵ زیاتر لەهەزار دینار بەرز بووەتەوە".
بەگوێرەی ئامارەكانی كوشتارگەی هەولێر کە دەست ئاوێنە کەوتووە، لەڕۆژانی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠٢٣، هەزارو ٨٧٢ ئاژەڵ سەربڕاونو لەساڵی ٢٠٢٤ هەزارو ٢٨ ئاژەڵو لەساڵی ٢٠٢٥ هەزارو ٤٦١ ئاژەڵ لەو كوشتارگەیە بۆ قوربانی سەربڕاون. ئەم ئامارە تەنیا ژمارەی ئەو ئاژەڵانەیە براونەتە سەربڕخانەکان بۆ قوربانی، لەدەرەوەی سەربڕخانەکانو لەناو شارو شارۆچکەو گوندەکانیش ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ دیسان دەکرێنە قوربانی.
لەم ساڵانەی دواییشدا وردە وردە ئەو دەنگانە بەرز دەبنەوە کە قوربانی کردن بەو شێوە بەربڵاوە، ئازار بەئاژەڵان دەگەیەنێتو پێویستە سنورێکی بۆ دابنرێتو بەشێوەیەکی یاسایی رێکبخرێت.
رێبوار عەبدولکەریم، یەکێکە لەو چالاکوانانەی مافی ئاژەڵو رووەکخۆرانەی بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە پێویستە بارودۆخی قوربانی کردن باشتر بکرێت، نەک ئەوەی هەرچی هەستاو لەم مەیدانو لەو قەراغ شارو شارۆچکەیە ئەم کارە ئەنجام نەدات، ئەو بەئاوینەی وت "من ڕووەکخۆرم، من دژی لۆژیکی قوربانیدانم، هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە کوشتنی زیندەوەر شتێکی خراپە، کەواتە کوشتنی ئاژەڵ چۆن دەبێت شتێکی باش بێت؟ تەنانەت سەیرکردنی سەربڕینی زیندەوەریش دوورە لەمرۆڤایەتی".
ئەم روەکخۆرە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوانەی لەقەسابخانەکاندا کار دەکەن پیشەیەکە، پێویست ناکات خەڵک لەلاکۆڵانو ماڵەکاندا ئەم کارە بکەنو ئازار بەئاژەڵان بگەیەنن، ئەو وتی "سەیرە لەم ڕۆژگارەدا بەردەوام بیت لەپراکتیزەکردنی بیروباوەڕەکانی چەند سەدەیەک لەمەوبەر، قوربانیدان لەبنەڕەتدا هەڵەیەو هەرگیز نابێت لەهیچ بارودۆخێکدا ئەنجام بدرێت، پەرستش بەڕشتنی خوێن ئەنجام نادرێت، پەرستش بریتییە لەخۆشەویستیو یارمەتیدانو کەمکردنەوەی ئازارەکان".
وتیشی "بەڵام زۆر قورسە لەکۆمەڵگەیەکی وەک کوردستاندا بانگەشەکردن بۆ قوربانی نەکردنو قەتلو عام نەکردنی ئەو ئاژەڵانەی بەکۆمەڵ بۆ قوربانیی سەردەبڕدرێن، کەس گوێت لێناگرێت".
لەبەرامبەردا، م.ئیحسان عەبدوڵا، زانای ئایینی ئاماژە بەوە دەکات کە بەدڵنیاییەوە قوربانیکردن عیبادەتێکی شەرعییە کە لەسەر بنەمای ئایەتەکانی قورئانو فەرموودەکانی پێغەمبەر دامەزراوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئیسلام ئایینی خودایە، ئەگەر رەحمو بەزەیی لەدینی خودادا نەبێت، ئەوا کێی تر ڕەحمی دەبێت؟ ئایا هەرگیز خوای گەورە دەیەوێت مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئاژەڵەکاندا بکرێت؟ پێغەمبەرمان فێری کردین بەزەییمان بەئاژەڵدا بێتەوەو دەفەرموێت (ئەو کەسەی هیچ ڕەحمێک بەبوونەوەرەکانی سەر زەوی نەکات، فریشتەکانی ئاسمان ڕەحمەتی پێ ناکەن)".
ئەوەش رووندەکاتەوە کە بۆ ئەوەی مرۆڤ وەک هەموو زیندەوەران ژیانێکی تەندروست بژی، خۆراکی ڕێکوپێکو هاوسەنگی پێویستە، ئەو وتی "مرۆڤ پێویستی بەهەردوو خۆراکی ئاژەڵو ڕووەکە، بۆ ئەوەی جەستەیەکی تەندروستی هەبێت، بۆیە وەک چۆن لەڕابردوودا نەدەکرا ڕەخنە لەمرۆڤەکان بگیرێت بەهۆی خواردنی گۆشتەوە، هەروەها مەحاڵە ئەمڕۆ خواردنی گۆشت بەتەواوی نەهێڵرێت، بۆیە سەربڕینی ئاژەڵ لەبنەڕەتدا هەڵە نییە، جگە لەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دوو لەسەر سێی گۆشتی قوربانی دەبێت بدرێت بەهەژاران، کەواتە گۆشتی قوربانی زیاتر ئەخلاقییە لە جۆرەکانی تری سەربڕینی گۆشت".
وتیشی "مەرجیش نییە موسڵمان گۆشتی قوربانی یان بەرهەمە ئاژەڵییەکان بەگشتی بخوات، ئیسلام شێوازی ژیانی رووەکیی قەدەغە ناکاتو تەنانەت ڕێگەشی پێدەدات".



ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات