ئا: ئاوێنە
ڕێکخراوێکی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، کە دایک و کچێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەڵایەن بەرپرسێکی ناوخۆیی بزووتنەوەی تاڵیبانەوە لە وڵاتی ئەفغانستان کوژراون. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕووداوەکە بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوایەکی هاوسەرگیریی زۆرەملێ بووە.
تۆڕی هەواڵی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بۆکان بە ناوی "چیمەن حسەینزادە"، کە دانیشتووی ئەفغانستان بووە، لەگەڵ کچە تەمەن ١٥ ساڵانەکەی بە ناوی "سارا یووسفی"، بە دەستی بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبان کوژراون. سەرچاوەی هەواڵەکە هۆکاری ڕووداوەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو بەرپرسە هەوڵی داوە بە زۆر لەگەڵ سارای کچی هاوسەرگیری بکات.
سەبارەت بە پاشخانی نیشتەجێبوونی ئەم خێزانە لە ئەفغانستان، ڕێکخراوەکە پشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە: "چیمەن حسەینزادە نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ پیاوێکی بەڕەگەز ئەفغانستانی هاوسەرگیریی کردبوو و لە گوندی 'غەلدووری' سەر بە شاری کووهستانات لە ویلایەتی سەرپۆل نیشتەجێ بوو. ناوبراو لەو ناوچەیەدا بە ناوی 'بێبێ چەمەنگوڵ' دەناسرا و وەک مامانێکی سوننەتی کاری دەکرد".
بەپێی زانیارییەکان، لایەنی تۆمەتبار لەم ڕووداوەدا کەسێکە بە ناوی "موفتی محەمەدوڵا"، کە پۆستی بەرپرسی ئیدارەی حەج و ئەوقافی تاڵیبانی لە شاری کووهستاناتی ویلایەتی سەرپۆل هەیە و پێشتر داوای هاوسەرگیریی لە کچە تەمەن ١٥ ساڵەکەی چیمەن حسەینزادە کردبوو.
راپۆرتی ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ٢١ی نیسانی ڕابردوودا، ئەو بەرپرسەی تاڵیبان چووەتە بەردەم ماڵی ئەو بنەماڵەیە بە مەبەستی بردن و گواستنەوەی زۆرەملێی سارا، بەڵام کاتێک لەلایەن چیمەنی دایکییەوە ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگریی لێ کراوە، دەسڕێژی تەقەی لێکردوون و لە ئەنجامدا دایک و کچەکە گیانیان لەدەستداوە. بەپێی دوایین زانیارییەکان، بکوژەکە دوای ڕووداوەکە لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستبەسەر کراوە.
کەسوکاری ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای چەند هەفتەیەک و لە ٣١ی ئایاری ڕابردوودا لە ڕووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە. لە دوای گەیشتنی هەواڵەکەش، لە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگەدا لە گوندی "کارێزە سەردار" مەراسیمی پرسە و سەرەخۆشییان بۆ داناون.
