ئا: ئەیھان سەعید، دیمەشق
سەرچاوەیەک باڵا لە بالیۆزخانەی ئیتاڵیا لە دیمەشق بە ئاوێنە نیوز راگەیاند: مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵا دەکات بۆ ئەورووپا، و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئیتاڵیا و ھۆڵەندا کۆببێتەوە.
بەپێی زانیاریەکانی سەرچاوە ئیتاڵیەکە کە بۆ ئاوێنە قسەی کردووە؛ سبەینێ ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) چەندین کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ بەرپرسانی ئیتاڵیا ئەنجام دەدات، لەنێویاندا بەرپرسانی پەیوەندیدار بە پرسی سوریا لە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری.
ئەم گەشتە دیبلۆماسیەی فەرماندەی گشتی ھەسەدە بۆ ئەوروپا یەکەم گەشتی ئەوروپایە لە دوای بەشدارییکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ لە مانگی شوباتدا ئەمساڵدا و بەپێی بەڕنماەی کارەکانی عەبدی ئەم شەو ١٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ دەگاتە ڕۆما و سێ ڕۆژ لە ئیتاڵیا دەمێنێتەوە.
ھاوکات نوسینگەی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) ھەواڵی سەرەدانەکە بۆ ئاوێنەی پشت راستکردەووە و راگەیاند: ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە بریتییە لە گفتوگۆ لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی پرسی سوریا و تاوتوێکردنی پڕۆسەی یەکگرتنی ھێزەکانی ھەسەدە و سوپای نوێی سوریا و پرۆسەی سیاسی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ دەستی پێکردووە.
ھەروەھا جەنەڕال مەزلوم عەبدی سەرەدانی وڵاتی ھۆڵەنداش دەکات، کە تێیدا لەم ھەفتەیە لە لاھای لەگەڵ بەرپرسانی ھۆڵەندی کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیاریەکانی ئاوێنە؛ مەزلۆم عەبدی بەڕنامەی سەرەدانی فاتیکان و کۆبوونەوە لەگەڵ پاپای فاتیکان ھەیە، و ئامانجێکی دیکەی ئەم گەشتە بریتییە لە بەھێزکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگی لە بواری سیاسی و ئاساییش لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و ئەوروپا لە ڕێگەی بەدەستھێنانی پشتیوانی یەکێتی ئەورپا ئەورووپی بۆ ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی دیمەشق و ھەسەدە کە لە کۆتایی مانگی کانونی دووەمی ڕابردوو واژۆ کرابوو.
لە ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٦ سەرکونسۆڵی ئیتاڵیا لەھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزلۆم عەبدی لە شاری ھەولێر، مەزلوم عەبدی بە “سەرکردە و ڕێبەری کوردانی سوریا” ناوبرد. ئەم وەسفە پرسیارگەلێکی زۆری لەسەر بوونی پڕۆژەیەکی ئەورووپی بۆ سوریا دروست کرد بە تایبەتی دوایب بەجێھشتنی ھێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان.
لە ھەمان کاتدا، چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا پێشوازی لە مەزلوم عەبدی بکات و لەگەڵ ژان نۆوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆببێتەوە.
مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی ھەسەدە لە کۆتایی مانگی ڕابردووش سەردانی ھەولێری کردبوو و لەوێ چەندین کۆبوونەوەی فەرمی، لەوانەش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دابوو و لە رێککەوتی ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٦ سەرەدانی کونسۆلخانەی ئیتالیا لە ھەرێمی کوردستان کردبوو و بەڕنامەی گەشتەکە بۆ ئەوروپا دانرابوو.
ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە)، لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و شاندی یاوەری کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، دوایین پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی تاووتوێ کران.