ئا: ئاوێنە
دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئامانجی بەرفراوانی خستەڕوو، لەناوبردنی تواناکانی مووشەکی بالیستیکی ئێرانەوە بگرە تا دڵنیابوون لەوەی کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.
دوای زیاتر لە سێ مانگ و بەو پێیەی هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی کاتیی، ترەمپ چی بەدەست هێناوە؟
بەر لە جەنگ، ئێران خاوەنی گەورەترین کۆگای مووشەکی بالیستی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە نێوان دوو هەزار و ٥٠٠ بۆ شەش هەزار مووشەک لە جۆرە جیاوازەکاندا مەزەندە دەکرا.
هەندێکیان توانای گەیشتنیان بە ئیسرائیل هەبوو، مەودایان تا ٢٠٠٠ کیلۆمەتر بوو، هەندێکیشیان توانای ڕێگریکردنیان قورستر بوو.
هەروەها ئێران بەرهەمهێنەری سەرەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوور مەودا بوو، بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشی شەهد کە ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا بەکاریهێنا و تارانیش بەکاریهێنا.
سەرچاوە ئەمریکییەکان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە سێیەکی ئەو جبەخانەیە لەناوچووە، لەکاتێکدا پێدەچێت سێیەکی دیکەشیان زیانیان پێگەیشتبێت، یان تیاچووبن.
لە 14ی ئایاردا، ئەفسەری مارێنز، براد کوپەر کۆنگرێسی ئاگادارکردەوە کە توانای ئێران بۆ دروستکردن و کۆکردنەوەی مووشەکی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە.
ڕاشگەیاند، سوپای ئەمریکا 161 کەشتی دەریایی ئێرانی لەناوبردووە و لەسەدا 82ی سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لەکارخستووە.
ئاماژه ی به وه شدا، هێزی ئاسمانی ئێران که بەر له جەنگ ڕۆژانه تا 100 فەرمانی ئه نجام دەدا، ئێستا سەرجەم جموجۆڵی ئاسمانی پەکخراوە.
سەرەڕای ئەمەش ئێران توانی لە کاتی شەڕەکەدا بە شێوەیەکی کاریگەر گەرووی هورمز دابخات و بە کەڵک وەرگرتن لە کەشتییە هێرشبەرە خێراکان، مین، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەلەمی مووشەکی ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بکات کە یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی نەوت و گازی سروشتی جیهانیان هەڵگرتبوو.
سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی
ترامپ چەندین جار ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێگریکردنە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران. لای خۆیەوە تاران بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە هیچ نیازی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نییە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیانەیە.
بەڵام شەڕەکە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران نەکرد.
هەواڵگری ئەمریکا مانگی ڕابردوو مەزەندەی کردبوو کە تاران پێویستی بە کەمتر لە ساڵێک دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بەگروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێران
ترەمپ لە 2ی ئازاردا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ناتوانرێت ڕێگە بە تاران بدرێت بەردەوام بێت لە پڕچەککردن و پارەدارکردنی کوتلە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، لوبنان، غەززە و یەمەن- ئەو گروپانەی کە ئێران بۆ دەیان ساڵە پشتی پێبەستووە بۆ پرۆژەکردنی هەژموونی بەسەر ناوچەکەو هەراسانکردنی دوژمنەکانی.
ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە هیچ ئامادەیییەکی نیشان نەداوە بۆ وەستاندنی پشتیوانییەکانی بۆ ئەم گروپانە، بەڵام هەڵسەنگاندنە سەربازییەکانی ئەمریکا دەریانخستووە کە تۆڕی بریکارەکانی ئێران زۆر بێ کاریگەرتر بووە لەوەی بەروارد بە پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە.
بەشێکی زۆری ئەم بێ کاریگەرکردنە پێش دەستپێکردنی شەڕ ڕوویداوە.
ئیسرائیل ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە باڵاکانی حەماس و هەزاران چەکداری ئەوانی لەغەززە کوشت، دوای هێرشەکەی گروپەکە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ بۆ سەر ئیسرائیل، هەروەها چەندین سەرکردەی حزبوڵای لەلوبنان کوشت.
هەروەها ئێران بە ڕووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا ڕێگایەکی چارەنووسساز بۆ دابینکردنی حزبوڵای لوبنانی لەدەستداو سزاو سەختی ئابووری توانای ئێرانی زیاتر کەمکردووەتەوە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئەم گروپانە.
کوپەر لە مانگی ئایاردا بە کۆنگرێسی گوت کە "ئێران چیتر توانای ئەوەی نییە بەچەکی پێشکەوتوو بۆ ئەو گرووپانە دابین بکات"، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستەڕوو.