18 گۆڵی ئەفسانەیی لیۆنێل مێسی لەمۆندیال
  2026-06-22       324       

ئا: ئاوێنە

 

لۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی لە مۆندیالدا گۆڵی بەرامبەر 12 هەڵبژاردەی وڵاتان تۆمارکردووەو ئەمڕۆ بەتۆمارکردنی ١٨ گۆڵ بووە گۆڵکاری مێژووی مۆندیال.

 

لیۆنێل مێسی باشترین یاریزانی جیهانە و لە تەمەنی 39 ساڵی و لە شەشەمین مۆندیالدا دەیەوێت لە ژیانی وەرزشیدا ئەو راستییە بسەلمێنێت.

تا شەوی دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، لیۆنێل مێسی گۆڵکاری مۆندیالەکانی هەموو کاتەکانە، ئەفسانەی ئەرجەنتینی دوو گۆڵی بەرامبەر نەمسا تۆمارکردو ژمارەی گۆڵەکانی بۆ 18 گۆڵ بەرزکردەوەو میرۆسلاڤ کلۆسی تێپەڕاند کە بە 16 گۆڵ لە پلەی دووەمدا مایەوە.

18 گۆڵی ئەو جادووگەرە ئەرجەنتینییە لەمۆندیالدا لەبیر ناکرێت .

یەکەم یاری بەرامبەر سربیا لە ساڵی 2006 بوو، چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی مێسی تەمەنی ببێتە 19 ساڵ، یەکەم گۆڵی لەمۆندیالدا تۆمارکرد، ئەرجەنتین بە ئەنجامی 6-0 سربیای ڕووخاند، ئەمەش یاریزانە ئەرجەنتینییەکەی بەجیهان ناساند.

چوار گۆڵی لەمۆندیالی 2014 تۆمار کرد.

لە مۆندیالی 2018دا مێسی تەنها یەک گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام ئەو گۆڵە شیعرێک بوو بۆ خۆی. گۆڵەکەی بەرامبەر نەیجیریا تۆمارکرد و سەرکەوتنی بە تیپەکەی بەخشی.

بەرهەمدارترین پاڵەوانێتییەکەی، کە تیایدا ئەرجەنتینی بەرەو سەرکەوتن برد، مۆندیالی 2022یە لەقەتەر.

دوو گۆڵی لە قۆناغی کۆمەڵەکان (سعودیە، مەکسیک) و لە سەرجەم یارییەکانی (ئۆسترالیا، هۆڵەندا، کرواتیا) گۆڵی تۆمارکرد، هەروەها دوو گۆڵی لە یاری کۆتایی بەرامبەر فەرەنسا تۆمارکرد. ئەو ٧ گۆڵەی لە قەتەر لەلایەن مێشییەوە تۆمارکرا ئەرجەنتینیان خستە پێشەنگی جیهانەوە.

بە گشتی هەموو شتێکی کرد، سەلماندی بۆچی باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهانە، بەتۆمارکردنی 13 گۆڵ، لیۆنێل مێسی بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە 4 گۆڵ بوو بۆ ئەوەی پێش میرۆسلاڤ کلۆس بکەوێت کە بە 16 گۆڵ لەپێشەنگی گۆڵکارانی مۆندیالدا بوو، پێش مۆندیالی 2026.

ئەم ئەرجەنتینییە توانی لەم مۆندیالەدا تەنها لە 2 یاریدا رووداوێکی مێژوویی تۆمار بکات، ئەرجەنتین بە ئەنجامی 3-0 لە جەزائیر و بەئەنجامی 2-0 لەنەمسای بردەوە، لیۆنێل مێسی هەر 5 گۆڵەکەی (!) تۆمارکردو ژمارەی گۆڵەکانی گەیشتە 18 گۆڵ.

بەم شێوەیە بوو بە گۆڵکاری مێژووی مۆندیال، هەموو جیهانی تۆپی پێی ناچار کرد سەرسام بن بەگەورەیی ئەم یاریزانە ئەفسانەییە.

 

گۆڵکارانی مۆندیال

لیۆنێل مێسی (ئەرجەنتین) – 18 گۆڵ
میرۆسلاڤ کلۆس (ئەڵمانیا) – 16 گۆڵ
ڕۆناڵدۆ نازاریۆ (بەڕازیل) – 15 گۆڵ
گێرد مۆلەر (ئەڵمانیای ڕۆژئاوا) – 14 گۆڵ
کیلیان مباپێ (فەرەنسا) – 14 گۆڵ
جەست فۆنتێن (فەرەنسا) – 13 گۆڵ
پێلێ (بەرازیل) – 12 گۆڵ
ساندۆر کۆچیس (مەجارستان) – 11 گۆڵ
یۆرگن کلینسمان (ئەڵمانیا) – 11 گۆڵ

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×