تاران داوا لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان دەکات سەرکردەی لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتیان رادەست بکاتەوە
  2026-06-27       800       

ئا: ئاوێنە

 

ئێران لە ڕێگەی باڵیۆزی عێراق لەتاران داوای لەحکومەتەکانی عێراق‌و هەرێم کردووە، سەبارەت بە بوونی لایەنە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی دژبەری حکومەتی ئێران، هەنگاو بنێت‌، یان سەرکردەکانیان رادەست بکاتەوە یان لەهەرێمی کوردستان دووریان بخەنەوە.

 

بەپێی میدیاکانی ئێران، نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەڕێگەی یاسر ئەلحەجاج باڵیۆزی عێراق لە تاران گواستراوەتەوەو کۆپییەک بۆ بەغدا و کۆپییەکیشی دیکەش بۆ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان نێردراوە.

تاران داوای کردووە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان یان سەرکردە و ئەندامانی پارتە کوردییەکان ڕادەستی ئێران بکەنەوە یان لە ماوەی دیاریکراودا بیانگوازنەوە بۆ وڵاتی سێیەم.

تا ئێستا بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردییەکانی ئێران کاردانەوەیان بەرامبەر بەم هەواڵە نەبووە.

ئێران و عێراق زیاتر لە سێ ساڵ لەمەوبەر ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە ئامانج لێی دەستەبەرکردنی "ئاسایشی سنوورەکان" بوو.

بەپێی ڕێککەوتنی ئەمنیی مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣، عێراق بەڵێنیدا ڕێگە نەدات گروپە چەکدارەکان خاکەکەی لە هەرێمی کوردستا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن. لەو کاتەدا هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەک حزبی کوردی نەیاری حکومەتی ئێرانی گواستبووەوە بۆ کەمپە "بێ چەکدارەکان لەسورداش".

ئەمە لە حاڵێکدایە کە دوێنێ لە دەوروبەری شاری بانە چەندین تێکهەڵچوونی سەربازی ڕاگەیەندرا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە سوپای پاسداران باسیان لە کوژرانی لانیکەم سێ سەربازو برینداربوونی پێنج کەسی دیکە کرد.

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم تێکهەڵچوونانە، خاڵی پشکنینی دەروازەی بانە لەسەر ڕێگای سەقز بووە.

لە ڕووداوێکی جیادا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان/پژاک ڕایگەیاند، سوپای پاسداران بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی زەویەکانی گوندی شیوی سەر بەبانەیان کردە ئامانج. پژاک هۆشداری دا لە بەردەوامی هێرشەکانی سوپای پاسداران و ڕایگەیاند کە ئەگەر هێرشەکان دووبارە بکرێنەوە وەڵامیان دەدەنەوە.

لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، باس لە هاتنە ناوەوەی لایەنە کوردییەکان بۆ ئەو شەڕە وروژێنرا. چەند ڕۆژێک دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەنیازی ئەوە نییە کورد بچێتە ناو شەڕەوە.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ترەمپی ڕازی کردووە کە لە کاتی شەڕدا کورد بەکارنەهێنێت. تامیر هایمان، بەرپرسی پێشووی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل بە کەناڵی PBSی ڕاگەیاند، هێزە کوردییەکان بەشێکن لەو سیناریۆیەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانویست لە شەڕێکدا لەگەڵ ئێران، کە بەهۆی دەستێوەردانی ئەردۆغانەوە ڕەتکرایەوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی چل ڕۆژە و لە ماوەی ئاگربەستدا، ئێران و میلشیاکانی هاوپەیمانی لەعێراق، زیاتر لە ٧٥٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی لەهەرێمی کوردستان. لەم هێرشانەدا لانیکەم ٢٢ کەس کوژراون کە زۆربەیان پێشمەرگەی حیزبەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانن.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×