ترەمپ بە"دیارییەوە" دەگاتە ئەنقەرە
  2026-07-03       603       

ئا: ئاوێنە

 

سەرکردەکانی ناتۆ لە لوتکەیەکدا کە بڕیارە لە ٧-٨ی تەموز لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت، باس لە پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە داهاتووی هاوپەیمانییەکە دەکەن، ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ (هاوڕێ باشەکەی) رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوەو گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ سەر ڕێڕەوی کڕینی فڕۆکەی ئێف ٣٥ ئەو دیارییە بەنرخەیە کە پێشکەشی تورکیای دەکات.

 

رۆژنامەی "یەدۆعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەکات کە لەلوتکەی گرژییەکانی نێوان تورکیاو ئیسرائیلدا، لەکاتێکدا نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی تورکیا هەوڵی سنووردارکردنی نفوزی ئەنقەرە لەناوچەکەدا دەدات و لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت "ئیسرائیل بۆتە کێشەیەک بۆ هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی"، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەردۆغانی هاوڕێی لەلوتکەی ناتۆ کۆدەبێتەوەو گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ سەر ڕێڕەوی کڕینی فڕۆکەی ئێف ٣٥ی لەبەرمنامەی کاردایە.

دۆناڵد ترەمپ، گرنگی زۆرێک لەهاوتا ئەوروپییەکانی کەم کردەوە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە لوتکەی ناتۆ لەتورکیا بەشداری بکەن، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی میواندار سوودی لە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا وەرگرتووە بۆ ئەوەی ئامادەبوونی خۆی لە چالاکییەکەدا لەئەنقەرە مسۆگەر بکات - ئامادەبوونێک کە تەنانەت ڕەنگە لەگەڵ "دیاری"یەکی بەرچاویشدا بێت کە پەیوەندی بەدامەزراوەی ئەمنی تورکیاوە هەیە. لە پاشخانی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان قودس و ئەنقەرە، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە چاوەڕوان دەکرێت ڕەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی تورکەکان بۆ سەر ڕێگای کڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥ پەسەند بکات .

ئەمە رووداوێکی گرنگە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەئەوروپا و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەمریکا لەناتۆ کردووە، لە ژێر ڕۆشنایی ڕەتکردنەوەی پشتیوانیکردنیان لە شەڕی دژی ئێران.

نزیکایەتی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ دەسەڵاتدارە بەهێزەکان لە مێژە وایکردووە سەرسامی ئەردۆغان بێت کە ١٣ ساڵە دەسەڵاتدارە. فیلیپ گۆردۆن کە وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کامالا هاریس جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بوو،دەڵێت "ترەمپ پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەردۆغان بەهێزە، زۆرجار ستایشی سەرۆکی تورکیای کردووەو بەسەرکردەیەکی گەورەو دۆستێکی باش ناوی بردووە. هەفتەی ڕابردوو وتی: نەەدەچووم، بەڵام ئەو (ئەردۆغان) تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی من میوانداری لوتکەکە دەکەم لە تورکیا، دەبێت تۆ لەوێ بیت".

ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی ئەمریکا دەبێت لە دوای هاتنی باراک ئۆباما بۆ تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥، بە پێچەوانەی ئۆباما، ئیدارەی جۆ بایدن بە هۆی پاشەکشەی ئەردۆغان لە تەڵەکانی دیموکراسی و پەیوەندییە نزیکەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ڕووسیا، دووری خۆی لە ئەردۆغان پاراست.

سۆنەر سێگێفتای لە پەیمانگای واشنتۆن ئاماژەی بەوەدا کە ئەردۆغان و ترەمپ لە ئاستی کەسیدا لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا "بە باشی پێکەوە بوون". کاتێک بایدن لە ساڵی ٢٠٢٤دا بانگهێشتی ئەردۆغانی کرد بۆ سەردانی ئەمریکا - دوای ئەوەی تورکیا ئەندامێتی فینلاند و سوید لە ناتۆی پەسەند کرد - ئەردۆغان بڕیاریدا نەچێت.

سێگێفتای دەڵێت "ئەوە شێوازی ئەردۆغان بوو بۆ ئاماژەدان بە ترەمپ، پێدەچێت تۆ لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەویت'". ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێموایە ترەمپ وەک ئاماژەیەکی گەورە سەیری کردووە".

ترامپ لە میانی دیدارەکەی هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ مارک ڕوتی سکرتێری گشتی ناتۆ ئاماژەی بەوەدا کە هەنگاوەکانی ڕێگەدان بە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی بە تورکیا بەرەو پێشەوە دەچێت. پەیامنێرێک پرسیاری لە ترەمپ کرد کە ئایا "دیارییەکی گەورە بۆ ئەردۆغان" دەهێنێت، ئاماژەی بەوە کرد، ئەنقەرە ئارەزووی بزوێنەری فڕۆکەی F110 و فڕۆکەی جەنگی F-35ی هەیە. ترەمپ لەوەڵامدا وتی "بەڵێ، من پێموایە. بەڵێ، ڕەنگە شتێک بکەم کە زۆر دڵخۆشی بکات". هەروەها لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا ترەمپ ئاماژەی نارد کە ڕەنگە بەم زووانە ئەمریکا فڕۆکەی ئێف-٣٥ بە تورکیا بفرۆشێت.

ئەنقەرە لە ساڵی ٢٠١٩ لەبەرنامەی پەرەپێدان و دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس-٤٠٠ی دروستکراوی ڕووسیای کڕی. بەرپرسانی ئەمریکا لەو کاتەدا نیگەران بوون لەوەی کە بەکارهێنانی سیستەمی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە ڕێگە بە مۆسکۆ دەدات زانیاری هەواڵگری لەسەر تواناکانی فڕۆکەی ئێف ٣٥ کۆبکاتەوە. 

دژایەتی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات هەیە بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف ٣٥ بە تورکیا تا ئەو کاتەی ئەنقەرە سیستەمی بەرگری ڕووسیا بپارێزێت. دوو سەرچاوە بەئاژانسی ئەی پییان ڕاگەیاندووە "وەزارەتی دەرەوە هەفتەی ڕابردوو هەنگاوێکی بەرەو پێشخستنی فرۆشتنی بزوێنەری فڕۆکەی ئێف-١١٠ بە تورکیا ناوە، پەیامێکی بۆ یاسادانەرە سەرەکییەکان ناردووە کە بەنیازە دژایەتی کۆنگرێس بۆ ئەو ڕێککەوتنە بەدەر بکات، کە بەهاکەی زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە".

ئەردۆغان و ترەمپ زۆرجار لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان کردووە و لەنێوان شتەکانی دیکەدا باسیان لە پێشهاتەکانی سوریا و کەرتی غەززە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی کردووە. تەنانەت ئەنقەرە پەیوەندی بە"ئەنجوومەنی ئاشتی"ی ترەمپەوە کردووە، کە بڕیارە پێشهاتەکانی غەززە لەسەر ڕێگای چەکداماڵینی حەماس بەڕێوەببات. سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە داوای لە ئەردۆغان کردووە خۆی لە شەڕی دژی ئێران بەدوور بگرێت.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەمریکا هیوای خواستبوو کە پشتیوانی ترەمپ بەدەستبهێنێت بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی تورکیا لە سوریا، بەڵام لەبری ئەوە خۆی بینیەوە کە ڕووبەڕووی ستایشی سەرۆکی ئەمریکا بووەوە بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا. ساڵی ڕابردوو دوای دیدار لەگەڵ ترەمپ لە لوتکەی ناتۆ لەلاهای، ئەردۆغان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "سەرۆکی ئەمریکا بەدەستپێشخەری خۆی پەلە دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×