ئا: ئاوێنه
حه‌سه‌ن كوردی، ئه‌و بازرگانه كورده كێیه كه ده‌وترێت له دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی په‌یوه‌ست به عه‌دنان جومه‌یلی، بریكاری پێشوی وه‌زاره‌تی نه‌وتدا ناوی هاتوه‌و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د كوردی برای به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵاتون.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیا عه‌ره‌بییه‌كان، حه‌سه‌ن كوردی و محه‌مه‌د كوردی برای كه له‌دایكبوی 1992و 1994ن و زیاتر له كه‌رتی خانوبه‌ره‌و پاڵاوگه‌دا كاریان كردوه‌و ده‌وترێن دوای ده‌ستگیركردنی عه‌دنان جومه‌یلی له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه خۆیان گه‌یاندۆته ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
مسته‌فا سه‌نه‌د، وه‌زیری گه‌یاندنی عێراق رایگه‌یاندوه، هه‌ردو براكه كه له‌سه‌ر دۆسیه‌كانی "گرێبه‌ستی پاوڵاتگه‌كان" تۆمه‌تباركراون، به‌ره‌و فه‌ره‌نسا هه‌ڵاتون و نزیكه‌ی نیو ملیار دۆلاری ئه‌مریكییان پێ بوه.
وه‌زیره عێراقییه‌كه جه‌ختی كردۆته‌وه كه فالح زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیران سوره له‌سه‌ر راوه‌دونانیان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خۆیان و پاره براوه‌كان له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی عه‌ره‌بییه‌ش، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراق، یادداشتی ده‌ستگیركردنی بۆ هه‌ردو براكه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رپوله‌وه ده‌ركردوه.
به‌گوێره‌ی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، حەسەن کوردی، کە بەوە وەسف دەکرێت نزیکە لە کەسایەتییەکی سیاسی لە پارێزگای سەڵاحەدین و نزیكه له موسه‌ننا سامه‌ڕائی، دوای ماویه‌ه‌كی كه‌م له جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بریکاری وەزیری نەوت عەدنان جەمیلی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵاتوه.
ئه‌و دو برایه زیاتر له‌نێوان به‌غداو پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین هاتوچۆیان كردوه به‌ڵام نیشته‌جێی هیچ یه‌ك له‌و دو پارێزگایه نه‌بون. به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی روداو، زاری قسه‌كردنی حه‌سه‌ن كوردی زیاتر له زای سنوری هه‌ولێر و كۆیه‌وه نزیك بوه.
ئەو زانیارییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە "کوردی بەرپرس بوە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی عموله‌ی گرێبەستەکانی پاڵاوگەکان، هەروەها وەک نوێنەری ئابووری یەکێک لە حیزبە سوننییەکان کاری کردووە، لە هەمان کاتدا هاوبەشی عەدنان جەمیلی بووە لە چەندین دۆسیەی ئابووریدا، جگە لەوەی خاوه‌نی په‌یوه‌ندیی بوه له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئابووریییه‌كانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی نێو حوكمڕانی."
ئەمیر دەعمی، شارەزای یاسایی لە لێدوانێکدا دەڵێت: "حەسەن کوردی نوێنەرایەتی ئه‌ڵقه‌ی پەیوەندی دەکات لە نێوان تۆڕی گەندەڵی پەیوەست بە عەدنان جەمیلی"، بەو پێیەی "ڕۆڵەکەی زۆر لەوە گەورەترە کە سەبارەت بە بریکاری دەستگیرکراوی وەزیر دەوترێت و ئەگەر دەستگیربکرێت پرۆسەی سیاسی داده‌ڕوخێنێت."
هەروەها دەڵێت: "کوردی، کە لەدایکبووی ساڵی 1992ه، تۆڕێکی بەرفراوانی بەڕێوەدەبرد کە پەیوەندی بە دۆسیەی گرێبەستەکان و دارایی سیاسییەوە هەیە"، ئاماژەی بەوەشکرد "پارەکان بۆ دابینکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و پشتیوانیکردنی کەسایەتی و حیزبە سیاسییە جیاوازەکان لە سوننە و شیعە و کورد بەکاردەهێنران".
ئه‌و شاره‌زایه كوردی بە "عه‌ڕابی مافیا و دزی و چینی سیاسی" وه‌سف ده‌كات و ئاماژه به‌وه‌شده‌كات كه "دەستگیرکردنی -ئەگەر ڕوو بدات- ڕەنگە وردەکاری بەرفراوان لەسەر تۆڕەکانی گەندەڵی ئاشکرا بکات، چونکە زانیاری لەسەر میکانیزمەکانی دابەشکردنی پارە و پەیوەندییە داراییەکانی نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکان هەیە".
هەروەها ده‌شڵێت"عەدنان جومه‌یلی تەنها بەشێکی دۆسیەکەیە، لە کاتێکدا حەسەن کوردی بە دەروازەی سەرەکی بۆ دەرچوونی پارەکان و میکانیزمی دابەشکردنی دادەنرێت"، داوای لە سەرۆک وەزیران کرد "تەنها بە دۆسیەی جومه‌یلییەوە نەوەستێت، چونکە دۆسیەی نەوت بیرێکی قووڵە و پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر هەیە کە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پلە تایبەتەکان و کەسایەتییە قووڵترەکانی ناو سێکتەری نەوت بگرێتەوە".
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەنووس موئەیەد زاملی "زنجیرەیەک تۆمەتی پەیوەست بە حەسەن کوردی خستۆته‌ڕو كه سه‌رنجی له‌سه‌ر چالاکییەکانییه‌تی لە ناو پاڵاوگەی بەیجی"، بەوەی کە "یەکێکە لە دیارترین ئەو بەڵێندەرە دەسەڵاتدارانەی لە پاڵاوگەکەدان".
بەپێی وتەی زاملی، "پەیوەندی نێوان عەدنان جومه‌یلی و حەسەن کوردی لەو کاتەوە دەستی پێ‌کرد کە جومه‌یلی پۆستەکەی وەرگرت"، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە "کوردی له‌پشت کڕینی پۆستی بەڕێوەبەری پاڵاوگەکانی باکور و بەڕێوەبەری پاڵاوگەی بێجییه‌وه بوەو بە یەکێک لە ڕوکارە ئابورییەكانی په‌یوه‌ست بە حیزبی دەعوە دادەنرێت".
زاملی ئاماژەی بە "بوونی ڕێککەوتنێک کرد کە بریتییە لە پێدانی پڕۆژەکان بە حەسەن کوردی کە پەیوەندییان بە گرێبەستی تانکییەکان و داواکارییەکانەوە هەیە، لە بەرامبەر تێپەڕاندنی گرێبەستەکان لە وەزارەتی نەوتەوە بۆ وەزارەتی پیشەسازی و کانزا‌کان، پاشان جێبەجێکردنەوەیان لە ڕێگەی کۆمپانیا حکومییەکانەوە پێش ئەوەی بگەنە دەست کوردی، ئەمەش لە میکانیزمێکدا کە ئامانج لێی تێپەڕاندنی ئەو سنوردارییه یاساییانەیە کە ڕێگری دەکەن لە ڕاستەوخۆ بەخشینی گرێبەستە گەورەکان بە کەرتی تایبەت".
بەپێی ئەوەی زاملی خستویەتییەڕو، ڕێککەوتنەکە بریتی بووە لە بەخشینی پڕۆژەکان بە بەهایەکی نێوان 14 بۆ 15 ملیار دینار بە کۆمپانیا حکومییەکانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی، لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ڕێژەی دارایی لەلایەن بەرپرسانەوە، پێش ئەوەی کارەکان بە کردەیی بدرێنە حەسەن کوردی وەک جێبەجێکاری ڕاستەقینەی پڕۆژەکان.
هەروەها باسی لە ڕاسپاردنی لیژنەی کڕین لە پاڵاوگەکانی باکوور کرد بۆ ڕادەستکردنی پۆستەی تایبەت بە گرێبەست و داواکارییەکان بە حەسەن کوردی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ. بانگەشەی ئەوەشی کرد کە ژمارەی داواکارییە ڕۆژانەکان دەگەیشتە نزیکەی 250 داواکاری، بەهای هەر دانەیەکیان کەمتر بوو لەو سنوورە داراییەی کە ڕێکارە گرێبەستییە ئاڵۆزترەکان دەسەپێنێت.
هەروەها وتی كه پاڵاوگەکە ڕۆژانە هەزار بۆ هەزار و سەد داواکاری ئەنجام دەدا کە بە وەهمی ناوی بردن، کە لە بودجەی کارگێڕی و وەبەرهێنانی پاڵاوگەکە دابین دەکران"
به‌پێی قسه‌ی زاملی، تۆمەتەکان هەروەها بریتی بوون لە بوونی یاریپێکردن لە گرێبەستەکانی دروستکردنی تانکییە نەوتییەکان کە بەهای یەکێک لە گرێبەستەکان گەیشتوەتە 14 ملیار دینار، لە کاتێکدا تێچووی ڕاستەقینەی تانکییەکە لە نزیکەی سێ ملیار دینار تێپەڕ ناکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە حەسەن کوردی هاوبەشی هەیە لەگەڵ کەسێک بە ناوی هاوکار کوردی لەم دۆسیەیەدا، باسی لە "بونی پەیوەندی خێزانی کرد کە دەبەسترێتەوە بە کەسایەتییە سیاسییەکانەوە، ئەمانەش زانیارین کە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی له‌باره‌یه‌وه نییه.
زاملی وتیشی "هەندێک داواکاری تەنها جارێک ئامادە دەکران، بەڵام پرۆسەکانی خەرجکردنی دارایی چەندین جار بۆ هەمان ماددە و بە هەمان بەروار و ژمارە دووبارە دەبوونەوە"، بانگەشەی ئەوەشی کرد "ئەمە بە هەماهەنگی لەگەڵ عەدنان جومه‌یلی و بەڕێوەبەری نووسینگەکەی ئەنجام دەدرا".
هەروەها باسی لە بونی تۆڕێک بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی عێراق کرد"، بانگەشەی ئەوەشی کرد "بڕە پارەی گەورە لە ڕێگەی بانکەکانی ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق دەگوازرانەوە، پێش ئەوەی بەرامبەر به عموله بگەڕێنرێنەوە بۆ نزیکانی حەسەن کوردی، ئه‌و پرۆسانه‌شی به سپیكردنه‌وه‌ی پاره ناوبردون.
سەرەڕای بەرفراوانی بازنەی ئەو تۆمەتانەی لەسەر حەسەن کوردی بڵاوبوونەتەوە، لایەنە دادوەری و ئەمنییەکان تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی فەرمییان لەسەر سروشتی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە یان ئەنجامی لێکۆڵینەوە پەیوەندیدارەکانی لەسەر ئاشکرا نەکردووە، جگە لەوەی ڕاگەیەندراوە لەسەر بەردەوامی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوت و دەستگیرکردنی بەرپرسان لەسەر بنەمای ئەو دۆسیەیە.
چاودێران پێیان وایە لێکۆڵینەوەکانی ئێستا ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا وردەکاری زیاتر لەسەر تۆڕەکانی گرێبەست و نێوه‌ندگیره داراییەکان لە ناو سێکتەری نەوتدا ئاشکرا بکات، بەتایبەت لەگەڵ جەختکردنەوەی حکومەت لەسەر بەردەوامی هەڵمەتی دژە گەندەڵی و نەبوون بە سنووردار بۆ کەسایەتییەکی دیاریکراو.
لە بەرامبەردا، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی لەسەر حەسەن کوردی بڵاوبوونەتەوە، وەک ئەوەی لەسەر زاری شارەزای یاسایی ئەمیر دەعمی و ڕۆژنامەنووس موئەیەد زاملی هاتوە، دەمێننەوە وەک بانگەشە کە تا ئێستا هیچ حوکمێکی دادوەری یەکلاکەرەوەی لەسەر دەرنەچووە، هەروەها نەتوانراوە وەڵامێک لە حەسەن کوردی یان ئەو لایەنانە وەربگیرێت کە ناوەکانیان لەو تۆمەتانەدا هاتووە، لە کاتێکدا یەکلاکردنەوەیان لە دەسەڵاتی دادگای عێراقی و لایەنە لێکۆڵینەوەییە تایبەتمەندەکاندا دەمێنێتەوە.