لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە سوپرایزێکی بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام هەبوو، کە دیارییەکی زۆر نائاساییان لەکاتی ماڵئاوایی لەجانتاکانیاندا بینییەوە.
دیارییەکە دەمانچەیەک بوو کە لەلەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەخشرا بەیەک بەیەکی سەرکردەی وڵاتانی بەشداربوو، هەر یەکەو ناوی خۆی لەسەر هەڵکەندرابوو، دەمانچەکە فیشەکی ڕاستەقینە لەگەڵدا بوو، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەمانچەکە تەنها بۆ ڕازاندنەوە نەبووە.
ئەردۆغان ویستی پێشکەوتنی پیشەسازی بەرگری تورکیا پیشان بدات، دیارییەکە دەمانچەیەکی دەگمەنی شەش تەقەی گوموشای ٣٥٧ ماگنۆم بوو (لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا بەرهەم هێنراوە)، کە ناوی سەرکردەکەی لەسەر هەڵکەندرابوو.
لەناو کەیسێکی داردا دانرابوو کە ئاڵای تورکیاو لۆگۆی ناتۆو تابلۆیەکی لەسەر بوو کە لەسەری نووسرابوو "یەکەم چەکی بەرهەمهێنەری وڵاتەکەیە".
لایەنی ئیسپانیا دووپاتیکردەوە کە هەموو سەرکردەکان بەتەواوی هەمان مۆدێلیان وەرگرتووە، کە ناوی خۆیانی لەسەر هەڵکەندراوە، لەکاتێکدا گیتاناس ناوسێدا سەرۆکی لیتوانیا یەکەم کەس بووە کە وێنەی ئەو چەکەی بڵاوکردووەتەوە.
سەرۆکی دەوڵەتان بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دیارییە نائاساییە کردووە، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان بەنیازە ئەو دیارییە بگەیەنێتە مۆزەخانەی جەنگ لەئەسینای پایتەخت، بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز.
لای خۆیەوە کارۆل ناورۆتسکی، وتەبێژی سەرۆکی پۆڵەندا ڕایگەیاند، دیارییەکە لە فڕۆکەخانەی وارشۆ رادەستی پۆلیس کراوەو جەختیشی لەوە کردەوە کە لە شوێنێکی گونجاو و پارێزراودا دەهێڵرێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و سوید چەکی خۆیان بردە باڵیۆزخانەی وڵاتەکانیان لە ئەنقەرە.
لە ئیتاڵیا دەمانچەکەی جۆرجیا مێلۆنی ڕاستەوخۆ لەبارەگای حکومەت (پاڵازۆ چیگی)، لەگەڵ دیارییە فەرمییەکانی دیکەدا هەڵگیرا.
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا وەک سەرۆکوەزیرانی یۆنان بەنیازە بیبەخشێتە مۆزەخانەیەکی سەربازیی.
بە تایبەتی کەیسی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کیر ستارمەر سەرنجڕاکێشە، کە بەپێی سەرچاوەکانی داونینگ ستریت دیارییەکەی کیتێکی پاککەرەوەی تەواوو ٥٠٠ فیشەکی لەگەڵدا بووە.
دیارییەکەی ستارمەر لەتورکیا دەمێنێتەوە، چونکە هاوردەکردنی چەکی ئاگرین بۆ بەریتانیا نایاساییە.
هەروەها فریدریش مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دیارییەکەی لەئەنقەرە بەجێهێشت و نەیانبردەوە وڵاتەکەی.
بەرپرسانی کەنەدا ڕایانگەیاند، مارک کارنی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا حەوت تیرەکەی لەگەڵ خۆی بردووە، بەڵام فیشەکەکانی لەتورکیا بەجێهێشتووە.
هەروەها هەندێک لە سەرکردەکانی ناتۆ دواتر لە سروشتی ئەم دیارییە ئاگادار بوون.
سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا تەنها کاتێک زانی کە فڕۆکەکەی لە برۆکسل نیشتەوە، سروشتی دیارییەکەی زانی. بەرپرسێکی بەلجیکی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، سەرۆکوەزیران بەو دیارییە سەری سوڕماو دەستبەجێ ڕادەستی پۆلیسی فڕۆکەخانەکانی کردووە.

