ئەوەی نەوەى برێژنێڤ لەبەرەی ئۆکرانیا بینی
  2026-07-10       575       
ئەنتۆن میلایڤ نەوەى لیۆنید برێژنێڤ

ئا: ئاوێنە

 

ئەنتۆن میلایڤ بۆ دانەوەی قەرزەکانی پەیوەندی بە سوپای روسیاوە کرد. ناردیان بۆ بەرەکانی جەنگی ئۆکرانیاو بەدیل گیرا، هەرچەندە ئەو ناوێکی مێژوویی بەمیرات هەڵگرتووەو نەوەی "لیۆنید برژنیڤ"ی سەرکردەی پێشووی یەکێتی سۆڤیەتە.

 

کاتێک ئەنتۆن میلایڤ بڕیاریدا بچێتە ناو سوپای ڕووسیا کە لە ئۆکرانیا شەڕیان دەکرد، خۆی لە باسکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو پیاوە بەدوور گرت کە نزیکەی دوو دەیە حوکمڕانی یەکێتی سۆڤیەتی دەکرد. بەڵام کاتێک لەبەهاردا لەناوچەی خێرسۆن به دیل گیراو گواسترایەوه بۆ کەمپێکی دیلەکانی جه نگ. سەری سوڕما کە ڕۆژنامەنووسێکی ئۆکراینی لێی پرسی: چۆن نەوەی لیۆنید برێژنێڤ بەدیک گیرا لە یەکێک لە سەختترین هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ. بەپێی ڕۆژنامەی تایمز، وەڵامی داوەتەوە “لێرەش منیان دۆزیەوە".

میلایڤی تەمەن 45 ساڵ ڕوونیکردەوە کە ساڵی ڕابردوو گرێبەستێکی لەگەڵ سوپای روسیا واژۆ کردووە، چونکە ویستویەتی قەرزەکانی بداتەوە کە نزیکەی ملیۆنێک ڕۆبڵ بووە. بە وتەی ناوبراو، بەرپرسانی سەربازی بەڵێنیان پێداوە وەک شۆفێر لە شوێنێکی ئارام لە پشت بەرەی جەنگەوە کار بکات. لە کۆتاییدا وەک خۆی دەڵێت "ئەم بەڵێنە تەڵەیەک بوو".

میلایڤ، ئەندازیارەو ئاماژە بەوە دەکات، ئەو و زۆرێک لە ڕووسەکانی دیکە بە پڕوپاگەندەی کرێملین سەبارەت بەئۆکرانیا گێلکراون. ئەو بە ڕۆژنامەنووسە ئۆکراینییەکەی وتووە "پێشبینیمان دەکرد نازییەکان ببینین، بەڵام هیچمان نەبینی"، ڕوونیکردەوە کە تەنها کاتێک لەواقیعەکە تێگەیشتووە کە دەستگیرکراوە.

بەپێی تایمز، میلایڤ وتویەتی "تەنها نزیکەی بیست سەرباز لەلیواکەی بەزیندووی ماونەتەوە کاتێک دەستگیرکراوە". ئەو شەڕە بە تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ مانەوە وەسف دەکات‌و لەیەکێک لە پێکدادانەکاندا، ئەوەندە بە سەختی بریندار بووە کە نزیک بوو قاچی ببڕدرێت.

میلایڤ دەڵێت "شەڕ دەوهاڕێت، مەحاڵە بژیت". بە وتەی ناوبراو، "زۆرێک لە سەربازەکان تەنانەت کە دەکوژرێن بەخاک ناسپێردرێن‌و تەرمەکانیان لەبەرەکانی شەڕدا بەجێدەهێڵرێت".

ڕۆژنامەی تایمز بە بیری دێنێتەوە، لیۆنید برێژنێڤ، لە ساڵی ١٩٦٤ تا مردنی لە ساڵی ١٩٨٢ فەرمانڕەوای یەکێتی سۆڤیەتی کردووە، لە شاری کامیانسکی لەدایکبووە، کە شارێکە لە ناوچەی ئێستای ناوەڕاستی ئۆکرانیادا هەڵکەوتووە، هەرچەندە برژنێڤ بە ڕەچەڵەک ڕووسی بووە، بەڵام لە هەندێک بەڵگەنامەی سۆڤیەتدا بە ئۆکراینی ناودەبرێت. هەر لەوێ بوو کە لە ساڵی ١٩٣٠دا دەستی بەکاری سیاسی کرد لەناو حزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتدا. لە ساڵی ١٩٦٨دا “دۆکترینی برێژنێڤ”ی بەناوبانگی داڕشت، کە بەپێی ئەو دۆکترینە وڵاتانی ژێر کاریگەری سۆڤیەت مافی دوورکەوتنەوەیان لە مۆسکۆ نەبووە. ئەو دۆکترینە وەک بیانوویەک بۆ داگیرکردنی چیکۆسلۆڤاکیا لەهەمان ساڵدا بەکارهێنرا. زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە کە سیاسەتی ئێستای ڤلادیمێر پوتین بەرامبەر بە ئۆکرانیا درێژەپێدەری ئەم لۆژیکەیە.

ڕۆژنامەی تایمز ڕوونی دەکاتەوە، ئەنتۆن میلایڤ، نەوەى یێڤگێنی میلایڤە، کە هونەرمەندێکی بەناوبانگی سێرکی سۆڤیەت بووەو هاوسەری گالینا برێژنێڤا بووە کە کچی سەرکردەی سۆڤیەت بووە. گالینا برێژنێڤا کە بە ئالوودەبوونی مەی ناسراوە، لە ساڵی ١٩٩٨ لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە نزیک مۆسکۆ کۆچی دوایی کرد. ژیانی ئەو ژنە لەلایەن میدیاکانەوە زۆر ڕوماڵ کرا، کە باسیان لە لاوازییەکەی دەکرد بەرامبەر بە شامپاین و خواردنەوە گرانبەهاکان.

هەروەها خودی لیۆنید برێژنێڤ لە دوا ساڵانی ژیانیدا گرفتی تەندروستی و بەدمەستی و خواردنەوەی کحولی هەبووە. بەڵام ڕۆژنامەی تایمز ئاماژە بەوە دەکات، ژیانی ئەنتۆن میلایڤ دوورە لەو شتە گرانبەهایەی کە زۆرێک لە کەسوکاری نوخبەی مۆدێرنی ڕووسی چێژیان لێ وەردەگرن. ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەرگیز نەیویستووە ناوی بنەماڵەکەی بقۆزێتەوەو هەوڵی ئەوەی داوە کە خۆی دروست بکات. ساڵی 1995 ڕووسیای جێهێشت و بۆ ماوەی نۆزدە ساڵ لە نیویۆرک ژیاوە، لەوێ وەک شۆفێری تاکسی و کرێکاری بیناسازی کاری کردووە. دواتر گەڕایەوە مۆسکۆ، چونکە لە ژیانی ئەمریکا و پێویستی خۆگونجاندن بە تەواوی لەگەڵ شێوازێکی ژیانی جیاوازدا بێزار بوو.

بە بۆچوونی ئەو لە ئەمریکا یاسا زۆر بوو کە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیان سنووردار دەکرد. سەرەڕای لەملکردنی خاچێکی گەورە، بەڵام ڕۆژنامەی تایمز ئاماژە بەوە دەکات کە میلایڤ پەشیمانییەکی کەم نیشان دەدات لە کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا لە هێرشەکانی ڕووسیادا. هەروەها دانی بەوەداناوە کە پێش ئەوەی پەیوەندی بە بەرەی جەنگەوە بکات، بەڕاستی لێکۆڵینەوەی لە دۆخی شەڕ نەکردووە.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە کەمپەینی "دەمەوێت بژیم" بڵاویکردووەتەوە، دەردەکەوێت کە پەیوەندی بە هاوسەرەکەی پێشوویەوە دەکات کە ناوی ماریایە. پێیوتووە پێیوایە مردووە و پارەی نەفەقە وەرناگرێت. میلایڤ لە وەڵامدا وتی پێشبینی دەکات بخرێتە نێو ئاڵوگۆڕی دیلەکانەوە، بەڵام دەزانێت ئەگەر بەم زووانە بگەڕێتەوە بۆ ڕووسیا، پێدەچێت ڕەوانەی بەرەی جەنگ بکرێتەوەو وتی "هیوادارم لێرە بمێنمەوە تا شەڕەکە کۆتایی دێت یان تا شتێک دەگۆڕێت".

ڕۆژنامەی تایمز ئاماژە بەوە دەکات، چیرۆکەکەی دژایەتییەکی دڵتەزێنی پیاوێک نیشان دەدات کە ناوێکی مێژوویی بەمیرات وەرگرتووە، بەڵام خۆی بینیوە کە ڕووبەڕووی دەرئەنجامە سەختەکانی شەڕێک بووەتەوە کە بە هەمان نەریتی سیاسی دەستی پێکردووە کە خێزانەکەی نوێنەرایەتیان دەکرد. لەهەمان کاتدا نینا خرۆشۆڤا، نەوەى نیکیتا خرۆشۆف، فەرمانڕەوای یەکێتى سۆڤیەت پێش برژنێڤ، ئێستا بووەتە ڕەخنەگرێکى دەنگدانەوەى شەڕى ئۆکرانیاو لەلایەن کرێملینەوە بە"خائین و بریکارى بیانی" ناوزەد دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×