ئا: ئاوێنە
رەنگە لەمێژووی دەیان ساڵی رابردووی ئەمریکادا، هیچ کاتێک یاسادانەرو سیاسەتمەدارێکی هاوشیوەی "لیندسی گراهام" شک نەبەین کە خۆشەویستیو دڵسۆزییەکی وا گەورەی بەرامبەر بەکورد هەبووبێت، مەرگی لەناکاوی ئەو، شۆکو زیانێکی گەورەیە بۆ کورد.
بۆ زیاتر لە دوو دەیە، سیناتۆری کۆمارییەکان "لیندسی گراهام" بەیەکێک لەدڵسۆزترینو بەردەوامترین پشتیوانو هاوپەیمانەکانی کورد لەواشنتۆن دادەنرا. تەنانەت لەو قۆناغانەشدا کە پشتیوانی لەکورد لەسیاسەتی ئەمریکادا زیاتر مشتومڕاوی بوو، گراهام هێڵێکی ڕوونو هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی پاراست: پشتگیرییەکی تەواوی لەکورد کرد، راشکاوانە دەنگی لەدژی چەوساندنەوەی کورد بەرامبەر بەئێرانو سوریاو تورکیاو عێراق دەربڕی.
ئەو لەکۆنگرێسی ئەمریکادا، پشتیوانی بەردەوام بوو بۆ هاوکارییە سیاسیو سەربازییەکان، زۆر جار وەک هاوپشتیو داکۆکیکارێکی پۆڵایین هاتۆتە کوردستان، بەتایبەتی لەشەڕی داعشو کاتی توندبوونەوەی ناکۆکیو گرژییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەردەوام پشتگیریی ئەمریکای بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دووپات کردوەتەوەو کاری لەسەر بەردەوام بوونی هاوکاری سەربازی ئەمریکا لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کردووە.
ئەو پێیوابوو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا وا دەخوازێ وەک "هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو" لەکورد بڕوانرێتو پرسی کورد بەشێکی دانەبڕاو بێت لەئەجێندای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
گراهام کە بەهۆی کۆماریی بوونو یاری گۆڵفەوە یەکێک بوو لەهاوڕێ نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپ، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی ئەمریکادا هەبوو. ساڵی ٢٠١٩ کاتێک دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە"رۆژئاوای کوردستان" دا، گراهام یەکێک بوو لەسەرسەخترین رەخنەگرانی بڕیارەكەو ئەم هەنگاوەی بە"کارەساتو خیانەت لەهاوپەیمانێکی دڵسۆزو پەڵەیەکی رەشو شەرمەزاری بەسەر شەرەفی ئەمریکاوە" ناوبرد، لەو رۆژە سەختو تووشانەدا بەهاوبەشی لەگەڵ سیناتۆری دیموکراتەكان کریس ڤان هۆڵن پرۆژەیاسایەکی هاوبەشیان بەناوی (یاسای بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژیی تورکیا) بەئامانجی سزادانی توندی ئەنقەرە ئامادە کرد تا لەسە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان بەردەوام نەبێت.
دواتریش کە هێرشەکانی سوپای سوریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بەپاراستنی کوردی ئامادە کردو پێشکەش بە کۆنگرێسی کردو رایگەیاند "نیگەرانم لەهاوپەیمانیی نێوان دیمەشقو ئەنقەرە بۆ بەکارهێنانی هێز لەدژی کوردەکان، کە بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لەشەڕی دژی داعش، ئابڕووچوونە بۆ ناوبانگو بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئەگەر دەستبەرداری کورد بێت".
گراهام وەک سیاسییەکی پراگماتیک، پێیوابوو کە ئازایەتی كورد لەشەڕی داعشدا وایكردووە كەمترین سەربازی ئەمەریكی گیان لەدەستبدەن، بۆیە ئەمەریكا قەرزارباری گەلی كوردە.
گراهام کە سەرسەختانە داکۆکیکاری بڕیاری روخانی رژێمی بهعس بوو لەعێراقو پاشان لەسوریا، دوژمنێکی سەرسەختی رژێمی ئاتوڵاکانی ئێرانیش بوو، ئەو بەیەکێک لەکاریگەرترین لایەنگرانی ڕێبازی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا لەبەرامبەر ئێران دادەنراو چەندین جار داوای بەکارهێنانی "هێزو گوشاری باڵا"ی کردووە دژی تاران.
ناوبراو چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیرییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی لەحەماس، حیزبوڵا، حەشدو حوسییەکان. لە یەکێک لەوتارەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر ڕژێمی ئایەتوڵا بکەوێت، ئەوە دەبێتە هۆی "گەورەترین دەرفەت بۆ ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی زیاتر لەهەزار ساڵدا، گۆڕینی ڕژێم لەتاران کلیلی ئاسایشی درێژخایەنی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".
گراهام لەکاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، سەرەتای ئەمساڵ داوای لەئیدارەی ئەمریکی کرد هاوکاری بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی خۆپیشاندەران بێتو وتی "وازهێنان لەکوردو ئێرانییەکان، یەک ملیۆن جار لەکارەساتی بەنغازی گەورەترە".
رقی دەسەڵاتدارانی تاران بەرامبەر بەگراهام بەئەندازەیەک ئەستور بوو، کە لەکاتی رێورەسمی بەخاک سپاردنیدا، یەکێک بوو لەو سیاسەتمەدارە ئەمریکیانەی کە پرسەگێڕان داوای کوشتنیان دەکرد لەتۆڵەی کوشتنی عەلی خامنەیدا.
بۆ ئەنقەرەش، لیندسی گراهام وەک "بەربەستێکی بێزارکەر" بوو لەبەردەم پیادەکردنی سیاسەتە دژ بەکوردەکانیو سەرکوت کردنیان لەسەرتاسەری ناوچەکەدا.
ئەم وڵاتانە گراهامیان بەیەکێک لەدۆستەکانی کورد لەکۆنگرێسی ئەمریکا دەبینی کە هیچ یاسادانەرێکی تر نەبوو خۆشەویستی بۆ کورد بەو شێوەیە گەورە بێت، کە لەهەستیارترینو سەختترین کاتەکانیشدا لەسەر کورد بێدەنگ نەبووەو هاودەنگی و پەیامی پشتیوانی خۆی گەیاندووە.
کۆچی دوایی لەناکاوی گراهام، بەمانای لەدەستدانی یەکێک لەدیارترین لایەنگرانی بەردەوامی هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ کورد لەکۆنگرێسی ئەمریکادا دێت، کورد بەهێزترین دەنگی پشتیوانکاری لەدەستدا.