سیمۆن تیسدال لە شیکارییەکانیدا لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا دەنووسێت "دۆناڵد ترەمپ بە ناکارامەیی و بێ پلان لە ئێراندا ون بووە ، ناتوانێت ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەو شەڕە وێرانکەرەی کە خۆی دەستیپێکردووە بدۆزێتەوە".
ئاوێنە: تیسدال پرسیاری ئەوە دەکات کە چەند جار ترەمپ و پیت هێگسێت ئاهەنگیان گێڕاوە بۆ سەرکەوتنێکی نەبوو؟ سەرۆکی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا ئیدیعای کرد کە "سەردەکەوێت"، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە کەس باوەڕی پێناکات. لە کاتێکدا جیهان تێچووی گەورەی مرۆیی و ئابووریی ململانێکان دەدات، سەیری ئەمریکا دەکات کە بێتوانا دەردەکەوێت لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی.
کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز کە بەهۆی پەرەسەندنی سەربازی ئەمریکاوە داخراوە، بووەتە ئامانجی قورسی کۆشکی سپی. لەبەرامبەردا ئامانجە بەرفراوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و لاوازکردنی ڕێکخراوە لایەنگرەکانی ئێران و هێنانەدی گۆڕانی ڕژێم لە هەموو کاتێک دوورتر دەردەکەون.
ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا بێکاریگەر دەکات، بەپێی شیکارییەکان، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی نییە، بەڵکو سەرکردایەتی بەناو ترسنۆکانەی ترەمپە.
ئەگەر ئێران بەڕاستی ئەو هەڕەشە وجودییە بێت کە سەرۆکی ئەمریکا باسی دەکات، ئەوا هەنگاوی لۆژیکی داهاتوو لەشکرکێشییەکی تەواو دەبێت. کاتێک جۆرج بوش عێراقی بەهەڕەشەیەکی قبوڵنەکراو زانی، بە ١٧٠ هەزار سەربازەوە هێرشی کرد. کارەسات بوو، بەڵام لانیکەم ئەو ئیرادەیەی هەبوو کە ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت.
تیسدال پێیوایە ترەمپ هەرگیز ناوێرێت شتێکی هاوشێوەی ئێران بکات، کە وەک تاکە پێشهاتێکی ئەرێنی تایبەتمەند دەکات، بەڵام دەشڵێت، دان بەوەدا نانێت کە هەڵە بووە لە دەستپێکردنی ململانێیەک کە ناتوانێت کۆتایی پێبهێنێت.
لەبری ئەوەی لە ڕێگەی دانوستانەکانی ئاشتیەوە بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسیدا بگەڕێت، پێی باشترە خەڵکی مەدەنی و سەربازانی ئەمریکی بخاتە بەر شەڕێکی بێکۆتاییەوە، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەکەنداو بخاتە مەترسییەوە، زیان بە ئابووری جیهانی بگەیەنێت، مەترسی برسێتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا زیاد بکات، ڕووسیا و چین بەهێز بکات، یاسا نێودەوڵەتییەکان تێکبدات، زیان بە ئاسۆی هەڵبژاردنەکانی پارتی کۆمارییەکان بگەیەنێت.
ئەو ستوونینووسە دەڵێت، ئەوە ئێران نییە بەڵکو خۆپەرستی ترەمپە کە گەورەترین مەترسی لەسەر جیهان لەمڕۆدا پێکدەهێنێت و بە "چەکێکی تاکەکەسی و کۆمەڵکوژی" وەسفی دەکات.
ترەمپ بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە کۆنگرێس و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکا بکات، شەڕەکەی دەستپێکرد. ئەو هیچ پلانێکی ڕوون و ستراتیژێکی درێژخایەنی نەبوو، متمانەی بەدڵنیاییەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەبوو سەبارەت بەسەرکەوتنی خێراو هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانی لەبارەی مەترسییە سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەکانەوە پشتگوێ خست.
لە ڕاستیدا چاوەڕوانی ئەوە بوو ئێران پێش داخستنی گەرووی هورمز تەسلیم بێت و سەری سوڕما لەتۆڵەسەندنەوەی ئێران لەبنکەکانی ئەمریکا لەکەنداوی فارس، پێشهاتێک کە بە گوتەی تیسدال کەسی دیکە بە دووری نەزانیبوو.
هەمان خۆبەزلزانین بەپێی شیکارییەکان، تایبەتمەندی پلانی ٢٠ خاڵیی ترەمپ بوو بۆ غەززە لە ساڵی ڕابردوودا. هیچ کام لەڕەگەزە سەرەکییەکانی وەک ئاوەدانکردنەوەو هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی و داماڵینی سەربازی بەرەو پێشەوە نەچوون، لە کاتێکدا خۆی بەرژەوەندییەکەی لەدەستدا.
بزووتنەوەی حەماس چەکداماڵینی نەکردووە، هێزەکانی ئیسرائیل نەکشاوەتەوە، هاوکارییە مرۆییەکان لە بەردەم ئاستەنگدان و لە دوای ئاگربەستی مانگی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لەهەزار فەلەستینی کوژراون. غەززە لە دۆخێکی نەئاشتی و نە\شەڕدا گیری خواردووە.
ڕەخنەی هاوشێوە لە ئۆکرانیا دەگیرێت. ترەمپ هەرگیز باسی لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ململانێکان و پاڵنەرەکانی ڤلادیمێر پوتین نەکردووە. بەڵکو پشتگیری ئەو کەسەی هەڵبژارد کە بەهێزتری دەزانی و هەوڵیدا ڤلادیمیر زێلێنسکی ناچار بکات بۆ فۆرمێکی نیمچە تەسلیمبوون. کاتێک ئەوە شکستی هێنا، لەکیێڤ کشایەوە، لەکاتێکدا هەوڵی دڵخۆشکردنی پوتین دەدات.
ئێستا هەمان نەخشەی نابەرپرسیارێتی لە ئێراندا دووبارە دەبێتەوە.
لە دڵی پەرەسەندنی نوێدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیرانە، کە بڕیار بوو ململانێکان بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ رابگیرێت تاوەکو دانوستانە جەوهەریەکان دەستپێبکەن. ترەمپ وەک سەرکەوتنێکی شەخسی پێشکەشی کرد ، بەڵام دەرکەوت کە بە قووڵی کەموکوڕی تێدابوو، چونکە ئاماژەی بەوەدا کە بە شێوەیەکی کاریگەر دان بە کۆنترۆڵی ئێراندا دەنێت بەسەر گەرووی هورمز.
پێدەچێت زیانەکانی قەیران لەگەڵ ئێران بێسنوور بێت. هەروەک تیسداڵ دەنووسێت، تا زیاتر بۆمبباران بکات، ململانێکان زیاتر فراوانتر دەبێت و چارەسەرێک بۆ پرسی ئەتۆمی دوورتر دەبێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی خەرجییەکانی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ڕاگەیاند و دواتر لە ماوەی ڕۆژێکدا کشایەوە، سەرپەرشتی هێرشەکانی سەر ژێرخانی مەدەنی دەکات کە ڕەنگە ببێتە تاوانی جەنگ، لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی مەترسی گەمارۆدانی دەریای سوور دەبێتەوە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە.
هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بەبێباوەڕیەوە سەیری دەکەن، نەیارانی واشنتۆن ئاهەنگ دەگێڕن، بازاڕەکان نیگەرانن و نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە. لەگەڵ هەر مووشەکێکی نوێدا، شکۆ و کاریگەریی ئەمریکا بچووک دەبێتەوە.
کۆنگرێس داوای لە ترەمپ کردووە یان کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت یان داوای مۆڵەتی فەرمی بکات، بەڵام ئەو پشتگوێی خستووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕاپرسییەکان دەریدەخەن زۆرینەی ئەمریکییەکان دژی ئەو ململانێیەن کە تێچووی زۆری دەوێت، بەڵام سەرۆک گوێ لەو دەنگانە ناگرێت .
ڤلادیمێر پوتین بەپێی شیکارییەکان، ڕازییە بە سەیرکردنی ئەمریکا کە سەرچاوەکان لە شەڕێکی دیکەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەمژێت، کە خزمەت بەڕووسیا دەکات، بەتایبەتی ئەگەر پلانی تەحەدای تێکەڵاوی بەرفراوانی لەپۆڵەندا یان دەوڵەتانی باڵتیکدا بێت.
بەم پێیەش جینپینگ بەوردی سەیری ئەو "شانۆی ئاژاوەگێڕی"یە دەکات کە ترەمپ دروستی کردووە، چین لە ئێستاوە سوودی بەرچاوی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی دەچنێتەوە.
لە کۆتاییدا، سیمۆن تیسدەیل دەڵێت چارەسەرکردنی "مەتەڵۆکەی ترەمپ" پەیوەستە بەخودی گەلی ئەمریکاوە. بەوەرگێڕانی جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمریکا، بەو ئەنجامە دەگات کە لەبری ئەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە گەورە بکاتەوە، ترەمپ بچووکترو توندترو ناخۆشترو دابەشکراوترو گۆشەگیرترو کەمتر خۆشەویستی دەکات لای جیهان، بەو پێیەی ئەوەی ئەمڕۆ بەپەلە پێویستە "بەیاننامەیەکی نوێی سەربەخۆییە لەترەمپ".