کۆمپانیای نەوتی تورکیا (TPAO) پشکی لەسەدا 15ی کۆمپانیای بی پی ئینێرجی سەر بە کەرکوک لیمیتەد (BP ECKL)ی بەدەستهێناو عێراق ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ تورکیا دابین دەکات، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەدا وت "ئەم ڕێککەوتنەی ئەمڕۆ واژۆ کراوە هەنگاوێکی مێژووییە".
ئاوێنە: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کۆشکی سەرۆکایەتی بەفەرمی پێشوازیی لە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، دوابەدوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی و لەسەر ئاستی شاند، ئەردۆغان و زەیدی مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە وزە بوارێکی گرنگی هاوکاری نێوان هەردوو وڵاتەو وتی "دوێنێ ڕێککەوتننامەی بۆری نەوتی خاوی عێراق و تورکیا کۆتایی پێهات. ئێستا ئامانجمان واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی هاوکاری ووزەیە بەزووترین کات کە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت، تورکیش پترۆلیۆم هاوبەشییەکی پێدراوە لە کێڵگەی بەرهەمهێنانی کەرکوک کە لەلایەن بریتیش پترۆلیمەوە بەڕێوەدەچێت. ئەو ڕێککەوتنەی ئەمڕۆ واژۆ کراوە، ئەمە هەنگاوێکی مێژوویی لەڕووی هاوبەشی لە کەرتی وزەدا”.
وتیشی "ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی وزەمان لەگەڵ عێراق واژۆ کرد وەک دوو وڵاتی دراوسێ کە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوامان لەسەرە، ئیرادەمان بۆ هاوکاریکردن لە بواری بەڕێوەبردنی ئاودا ڕوونە".
لەبەرامبەریشدا، عەلی زەیدی وتی "دەتوانین نەوتی تورکیا دابین بکەین رۆژانە بەیەک ملیۆن بەرمیل، پشت بەکەسی تر مەبەستن، بەڵێ جەنابی سەرۆک وەزیران، پێویست ناکات پشت بە کەسانی دیکە ببەستیت".
هەر لەمبارەوە، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا "ئەلپ ئەرسلان بایراکتار" بەوەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە لەسەرەتای ساڵی 2026ەوە ڕێککەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان واژۆ کردووە بۆ فراوانکردنی تورکیش پوترۆلیۆم و کاریگەرترکردنی لە جوگرافیا جیاوازەکانی جیهاندا، وتی "ئێمە یەکێک لە دەرئەنجامە کۆنکرێتییەکانی ئەو ڕێککەوتنانەمان لەگەڵ بی پی واژۆکردووە. بەم ڕێککەوتنە تورکیە بووەتە هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیای بی پی لە کێڵگەکانی کەرکوک".
وتیشی "لەگەڵ ڕێککەوتنەکەدا، کۆمپانیای تورکیش پوترۆلیۆم 15%ی پشکی دەبێت، ڕێککەوتنەکە گرنگییەکی زۆری هەیە لە بەهێزکردنی ئابووری وڵاتدا، کۆمپانیای تورکیش پترۆلیۆم پڕۆژەو هاوبەشی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات بۆ زیادکردنی کاریگەرییەکەی لەئاستی نێودەوڵەتیدا. پرۆژەکە دەکەوێتە بابا گوڕ گوڕو کەرکوک کە یەکێکە لە ناوچە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی هایدرۆکاربۆن لە عێراق. گرێبەستەکە ناوچەی ئاڤانا دۆمز و کێڵگەکانی بای حەسەن و جەمبور و خەباز دەگرێتەوە. ڕووبەری گرێبەستەکە لە سەرەتادا زیاتر لە ٣ ملیار بەرمیل نەوتی هاوتای لە سەرچاوەی هایدرۆکاربۆنەکاندا مەزەندە دەکرێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت کە ناوچەکە توانای گەڕانی زیادەی بەرچاوی هەبێت".
ئاماژەی بەوەش کرد ئەم وەبەرهێنانە بەرچاوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نەک تەنها پۆرتفۆلیۆی بەرهەمهێنانی TPAO فراوانتر دەکات بەڵکو هێزی تەکنیکی و ئەزموونی کارکردن و توانای پەرەپێدانی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ کەرکوک دەهێنێت کە یەکێکە لە ناوچە پێشەنگەکانی هایدرۆکاربۆنی جیهانو وتی "ئەم هەنگاوە کە هاوتەریب لەگەڵ دیدگای تورکیایەکی تەواو سەربەخۆ لە وزە، بەشدار دەبێت لە ئاسایشی دابینکردنی وزەی تورکیاو ئامانجە درێژخایەنەکانی وزەی عێراق، لە هەمان کاتدا پێگەی TPAO لە کەرتی وزەی جیهانیدا زیاتر بەهێز دەکات".