دووڕیانە سەختەکەی سعودیە: ئایا دەچێتە شەڕەوە؟
  2026-07-30       100       
محەمەد بن سەلمان - ترەمپ

ئا: ئاوێنە

 

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا پرسیاری سەرەکی بۆ ڕیاز ئەوەیە کە ئایا بەردەوام دەبێت لە تۆڵەسەندنەوە یان هەوڵی کەمکردنەوەی گرژییەکان دەدات.

 

سعودیە لەبەردەم دووڕیانێکی تایبەتی سەختدایە. بەپێی شیکارییەکی بی بی سی، لەوەتەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتەوە هەڵمەتێکی سەربازییان دژی ئێران دەستپێکردووە، ڕیاز هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی لە ململانێکان دوور بکەوێتەوە.

بەڵام دوای ئەوەی لە سێ بەرەی جیاوازەوە هێرشی کرایە سەر، وا دیارە سەرکردایەتی سعودیە کۆتایی بەلێبوردەیی خۆی هێنابێت. هەفتەی ڕابردوو هێزە چەکدارەکانی سعودیە پەیوەندییان بەئەمریکاوە کرد لە هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکاندا دژی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لەعێراق، کە تۆمەتباریان دەکەن بەدەستپێکردنی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شانشینی سعودیە.

پرسیاری سەرەکی بۆ ڕیاز ئێستا ئەوەیە کە ئایا بەردەوام دەبێت لەتۆڵەسەندنەوە ، هەوڵدەدات ڕێگری لە هێرشە نوێیەکان بکات، یان هەوڵدەدات گرژییەکان کەم بکاتەو ، تەنانەت لە ڕێگەی ڕێککەوتنی پشت پەردە یان ئاڵوگۆڕی ئابووری لەگەڵ هەندێک لەڕکابەرەکانی؟.

ماوەی پێنج مانگە ناوچەی کەنداوی فارس و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتر لەناوجەرگەی ململانێیەکدان کە لە نێوان دوو ئۆردوگای سەرەکیدا پەرەی سەندووە.

لە لایەک ئێران و سوپای پاسدارانی ئێران، لەلای تاران، یاخیبووانی حوسی لەیەمەن، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەدا گرت.

ئێران هەروەها پشتگیری لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەعێراق دەکات ، کە گروپێکی میلیشیایەو بەپێی زانیارییەکان نزیکەی ٣٠ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان دژی سعودیە ئەنجامداوەو ئێستاش بووەتە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکاو سعودیە.

هەروەها ئۆردوگای لایەنگری ئێران حزبوڵای لوبنان لەخۆدەگرێت کە تا ئێستاش وەک هێزێکی بەهێز ماوەتەوە، هەرچەندە لەئێستادا تواناکانی روو لەداخورانە.

لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا بە هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی (CENTCOM) و هەروەها – بە پلەی جیاواز – دەوڵەتانی عەرەبی کەنداوو ئوردن . ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی نزیکی واشنتۆن دەمێنێتەوە، بەڵام بەشداری چالاکانە لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستادا ناکات.

لەم دواییانەدا ئێران هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لەسەر ئوردن و کوەیت و بەحرەین چڕکردووەتەوە ، هاوکات ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کردۆتە ئامانج کە هەوڵی تێپەڕین بە گەرووی هورمز دەدەن و سنووردارکردنی نوێی ئێرانی بۆ گەشتکردن بە کەشتیوانیدا تێپەڕاندووە.

بەشداری چالاکتری میلیشیا عێراقییەکان و حوسییەکان پێشهاتێکی نوێیەو تیشک دەخاتە سەر مەترسی فراوانبوونی زیاتری ململانێکان، مەگەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی بەردەوام لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هەبێت.

 

بۆچی سعودیە خۆی لە شەڕی سەرتاسەری دەپارێزێت؟

هۆکاری زۆر هەیە کە ڕیاز هەوڵدەدات خۆی بەدوور بگرێت لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لە شەڕێکی بەرفراواندا.

شازادەی جێنشین و سەرۆکی دیفاکتۆی وڵات، محەمەد بن سەلمان، بەرنامەی چاکسازیی دیدگای ٢٠٣٠ی جێبەجێ کرد .

ئامانجی سەرەکی پلانەکە ئەوەیە کە ئابووری کەمتر پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت و پەرەپێدانی کەرتی بەرهەمهێنانی سەردەمیانە کە هەلی کارێکی کوالیتی بۆ ئەو سەدان هەزار گەنج دەڕەخسێنێت ساڵانە دەچنە ناو بازاڕی کارەوە.

پایەیەکی سەرەکی دیدگای ٢٠٣٠ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانییە، هەروەها پەرەپێدانی ژێرخانی تەکنەلۆژیای بەرز، وەک ناوەندەکانی داتا، کە، بەڵام ئێستا بەرەوڕووی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان مووشەک دەبنەوە.

پێناچێت ئەم پلانە سەرکەوتوو بێت ئەگەر سعودیە ڕووبەڕووی هەڕەشەی بەردەوامی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان بێتەوە کە لە باشوورەوە یان لە مووشەکەکانی بالیستیکەوە کە ڕاستەوخۆ لە ئێرانەوە هەڵدەدرێن.

لە کاتێکدا پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران لە ئێستاوە لە خاڵێکی ئاڵۆزی تایبەتدا بوون، میلیشیایەکی لایەنگری ئێران لە عێراق هێرشێکی بەرفراوانیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی دامەزراوە نەوتییە گرنگەکانی ستراتیژی لە ئەبقائیق و خورەیس دەستپێکرد .

ئەو هێرشە نزیکەی نیوەی هەناردەکردنی نەوتی سعودیەی بۆ چەند ڕۆژێک لەناوبرد و بیرهێنانەوەیەکی توند بوو بۆ لاوازی ژێرخانی وزەی وڵاتەکە.

ڕۆژی دووشەممە، وێنەی مانگی دەستکرد هێرشێکی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دامەزراوەکانی عەبقائیقیان گرتووە، کە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراقەوە.

دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی شوباتدا، ئێران وەڵامی دایەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر سنووردارکردنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز ، ئەو ڕێڕەوی دەریاییە گرنگە لە ڕووی ستراتیژییەوە کە نزیکەی ٢٠%ی هەناردەکردنی نەوت و گازی سروشتی شلەی جیهانی تێیدا تێدەپەڕێت.

لە بەرامبەردا سعودیە ڕۆژانە تا پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی ئەو بۆرییەوە پەمپ دەکرد کە ناوچە بەرهەمهێنەرەکانی ڕۆژهەڵاتی نەوت بە بەندەری یانبو دەبەستێتەوە ، لە کەنارەکانی دەریای سوور .

لەوێشەوە نەوتەکە دەخرایە سەر تانکەرەکان کە بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا دەڕۆیشتن.

بەڵام دۆخەکە لە ١٣ی تەموزەوەە خراپتر بوو، کاتێک سعودیە فڕۆکەخانەی سەنعای، لە نزیک پایتەختی یەمەن بۆردومان کرد.

حکومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە و لەلایەن ڕیازەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ گرت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی.

لە بەرامبەردا حوسییەکان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەکانی سعودیە لە ئەبها و جیزان.

جێگەی نیگەرانی زیاتر بۆ ڕیاز ئەوەیە کە ئێستا حوسییەکان دەستیان کردووە بە هێرشکردنە سەر کەشتییە سعودییەکان لە دەریای سووردا، ئەمەش وایکردووە تێپەڕین بە گەرووی باب ئەلمەندەب، لە کۆتایی باشووری دەریاکەدا، بە تایبەتی مەترسیدار بێت.

ئەم پێشهاتە بەشێوەیەکی بەرچاو توانای سعودیە بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی ئاسیا سنووردار دەکات.

سعودیە حەوت ساڵ لە هەوڵی ملکەچکردنی حوسییەکاندا بوو لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

شەڕی یەمەن بووەتە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی مرۆیی دەیان ساڵی ڕابردوو و لێکەوتەکانی تا ئێستاش هەست پێدەکرێن.

لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕیاز ڕازی بوو بە ئاگربەست لەگەڵ حوسییەکان، هاوکات ڕاپۆرتی ڕێککەوتنی ئابووریش هەبوو کە ئامانج لێی ڕاگرتنی هێمنییە.

به ڵام ئەمڕۆ دەوڵەمەندترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر ڕووبەڕووی مەترسی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی هه ڕدوو وڵاتی یه مەنی دراوسێ لەباشوورو بەرەی عێراقی دراوسێی لەباوکورەوە دەبێتەوه.

شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگری سعودیە، دوای هێرشەکانی عێراق، دیدارێکی بەپەلەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدا، بەگوتەی بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەی دووەمی ئاگاداری گفتوگۆکان، کە ماڵپەڕی هەواڵی ئەمریکی، ئەکسیۆس ئاماژەی پێکردووە، ئەم دیدارە دوای دیدارەکەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس هات، کە بەپێی زانیارییەکان، ڕیاز لەگەڵ کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ ئێراندایە، سەرەڕای بەشداریکردنی لەهەڵمەتە هاوبەشەکانی ئەمریکاو سعودیە دژی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لەعێراق.

ناوبراو بۆ ڤانس جێگری سەرۆک کۆمار ڕوونی کردەوە کە هێرشەکانی میلیشیا عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر دامەزراوە وزە و ژێرخانە گرینگەکانی سعودیە "هێڵێکی سووری بەزاندووە" و شانشینی پادشا پابەندە بە وەڵامدانەوە.

هەمان سەرچاوە دەڵێت: شازادەی جێنشین ویستویەتی بەڕوونی بۆ ڤانس بڵێت کە لێدانەکان لە عێراق بەو مانایە نییە کە سعودیە بەدوای پەرەسەندنی شەڕەوەیە، بەڵکو لەکاتی پێویستدا ئامادەیە بەرگری لەخۆی بکات.

سەردانەکەی شازادە خالید بۆ کۆشکی سپی ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هات. بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، هەردوو سەرکردەکە باسیان لە دۆخی سعودیە کردووە، "لە چوارچێوەی تەحەدای بەرفراوانتری ناوچەکەدا".

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، وەزیری سعودیە بە ڤانسیشی ڕاگەیاندووە، ناتانیاهۆ پاڵپشت بۆ پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران دەکات، لە کاتێکدا ڕیاز پێی وایە کە کەمکردنەوەی توندوتیژی باشترین بژاردەیە.

سەرچاوە: بی بی سی، ئەکسیۆس

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×