ئا: ئاوێنە
ترەمپ داوا لەفۆلەوەرەکانی دەکات 100 هەزار دۆلار بدەن بۆ ئەوەی یەکەم کەس بن بزانن کە شەڕ هەڵدەگیرسێت یان نا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەوی ڕابردوو (شەممە لەسەر یەکشەممە) جارێکی دیکە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی بە ناوی "ڕاستی کۆمەڵایەتی" بەکارهێنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێرشە بەرفراوانەی کە بە وتەی خۆی پلانی بۆ دانراوە دژی ئێران، ناوبراو لە ڕێگەی پۆستەکانی لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆیەوە، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێرشانەی کە پلانی بۆ دانابوو یان هەڕەشەکانی هێرشکردنە سەر ئێران، لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار، لەگەڵ کۆمەڵێک ڕاگەیاندنی دیکەدا سەبارەت بە پرسە سیاسی و ئابوورییەکان، ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانەی کردووە. بۆیە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەکاونتەکەی دەکرێت لەلایەن وەبەرهێنەرانی بازاڕەکانەوە لەبەر ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کە تویتەکانی ترەمپ لەبازاڕەکاندا دروستی دەکەن، لەکۆتایی ئەم هەفتەیەشەوە، ترەمپ خۆی دەست دەکات بە چنینەوەی قازانج لە پۆستەکانی: ئەو کۆمپانیایە کە تۆڕەکە بەڕێوەدەبات، ترەمپ میدیاو تەکنەلۆجیا، دوێنێ (شەممە) خزمەتگوزارییەکی نوێی خستە بازاڕەوە کە بۆ وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی وۆڵ ستریت داڕێژراوە، کە "خێراترین"یان پێدەبەخشێت دەستڕاگەیشتن" بە تویتەکانی سەرۆک - بە بڕی 100 هەزار دۆلار لەمانگێکداو بەدانی ئەم پارەیە زووتر تویتەکانی ترەمپ دەبینن.
خزمەتگوزارییەکە ناوی "Truth API"یە، ئەو بزنسمانانەی کە ناویان تۆمارکردووە، پلاتفۆرمێکیان بۆ دابین دەکات کە پێشوەخت ئاگاداریان دەکاتەوە، کە جیاوازە لەپۆستە "دەستی دووەکان". ئەکاونتی ترەمپ، یەکێکە لەەناوبانگترین ئەکاونتەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth Social کە نزیکەی ١٣ ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە.
زۆرێک لە کۆمپانیا بازرگانییەکان لە ئێستاوە ئەو خزمەتگوزارییانە بەکاردەهێنن کە پۆستەکانی سەرۆک سکان دەکەن و کڕیارەکانیان ئاگادار دەکەنەوە. بەڵام ڕەنگە خزمەتگوزارییە نوێیەکەی تروت سۆشیال ڕێگە بە کۆمپانیاکان بدات خێراتر دەستیان پێ بگات و لەم سەردەمەدا کە وەبەرهێنەران زیرەکی دەستکردیش بەکاردەهێنن بۆ بڕیاردانی خێرا سەبارەت بە فرۆشتن یان کڕینی پشکەکان، پێشبینی دەکرێت تەنانەت بەشێکی کەمی جیاوازی چرکەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەریان هەبێت.
خزمەتگوزاری هاوشێوە لەلایەن کۆمپانیاکانی تری میدیاییەوە پێشکەش دەکرێت، بەڵام کەیسی سۆشیالی ڕاستی ڕەخنەی گەورە لە ئەمریکادا دروست دەکات، بەو پێیەی ئیستغلالکردنی دەسەڵاتە گەورەکەی وەک سەرۆک لەلایەن ترەمپەوە - لەم حاڵەتەدا، بۆ گۆڕینی بازاڕەکانی جیهان لەگەڵ هەر لێدوانێکی بچووکدا- بۆ ئەوەی سامانی خۆی دروست بکات، لەکاتێکدا تەنها لەم دواییانەدا ئاشکرا بوو کە لە یەکەم ساڵیدا لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، کارە جیاوازەکانی قازانجێکی گەورەیان بەدەستهێناوە بە بڕی ٢ ملیار دۆلار .
ڕێنی جۆنز، مامۆستای کۆلێژی بۆستن و بەرپرسی پێشووی SEC بە NPRی ڕاگەیاندووە، خزمەتگوزارییە نوێیەکە دەتوانێت یاساکانی بازرگانی ناوخۆیی و یاساکانی ساختەکاری پێشێل بکات، کە بریتین لە خراپ بەکارهێنانی زانیارییە ناگشتیەکان بۆ ئەوەی سوودێکی نادادپەروەرانە بە بازرگانێک بدرێت. جۆنز دەڵێت "ئەگەر پۆستەکانی سەرۆک لەسەر تۆڕی سۆشیال بە پارە دەکرێت، و ئەگەر هەندێک کەسیش دەستیان بە تایبەتی دەستیان پێ بگات، ئەوە زانیارییە کە بە شێوەیەکی نایاسایی بەدەست هاتووە".
دیموکراتەکان لە کۆنگرێسدا ئیدعای "گەندەڵی ئاشکرا"یان کردووە و دەڵێن لێکۆڵینەوە لە ترەمپ و کۆمپانیاکەیان دەکەن ئەگەر لە مانگی نۆڤەمبەردا کۆنترۆڵی یەکێک لە ئەنجومەنی نوێنەران یان ئەنجومەنی پیران بەدەستبهێنن، ئەمەش کۆنترۆڵێک کە توانای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوەیان پێدەبەخشێت.
ڕۆژی چوارشەممە، سیناتۆر ئەلیزابێس وارن و ئادەم شیف , تاڵترین نەیارانی ترەمپ لە کۆنگرێس، نامەیەکیان بۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان نارد و داوایان کرد دەزگاکە لێکۆڵینەوە بکات کە ئایا خزمەتگوزارییە نوێیەکە پێشێلکردنی یاسای ئەمریکایە یان نا. ئەوان نووسیویان: "پێدەچێت ئەمە خراپ بەکارهێنانێکی دەسەڵاتی سەرۆک بێت بۆ قازانجی کەسی خۆی، کە کارەکانی وەبەرهێنەرانی ڕۆژانە و یەکپارچەیی بازاڕەکانمان تێکدەدات، لە هەمان کاتدا وۆڵ ستریت و کەسانی دیکەی دەوڵەمەندی ناوخۆیی دەوڵەمەندتر دەکات".
ئیرێن ئالدریج، بەرپرسی کۆمپانیای ئەبڵ ئەلفا ترێدینگ کە بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی وتووە کە هیچ نیازێکی نییە ناوی خۆی تۆمار بکات بۆ ئەو خزمەتگوزارییە، دەڵێت "ئەگەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی گشتی بوایە، ئەوا بە زیندان کۆتایی دەهات، سەرۆکێکمان هەیە کە دەسەڵاتی یەکەمە بۆ هەموو شتێک کە ڕوودەدات، هەموو بڕیارەکان دەدات و ئەویش پێشوەختە ئەم زانیاریانە بۆ گروپێکی هەڵبژێردراو ئاشکرا دەکات".
تا ئێستا ڕوون نییە چەند وەبەرهێنەر پێشتر ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەو خزمەتگوزارییە خێرایە کە ئێستا تروت سۆشیال پێشکەشی تویتەکانی سەرۆک دەکات، بەڵام ئەسۆشێتد پرێس ئاماژە بەوە دەکات کە تەنانەت ئەگەر تەنها سێ کۆمپانیا مانگانە 100 هەزار دۆلار بدەن بۆ ئەو خزمەتگوزارییە، ئەوا داهاتی ترەمپ میدیا نزیکەی دوو هێندە دەکات، کە ساڵی ڕابردوو 3.7 ملیۆن دۆلار بووە.
