بۆچی شازادەی جێنشینی سعودیە، ترەمپی رازیکرد هێرش نەکاتە سەر ئێران؟
  2026-08-03       81       
ترەمپ

ئا: ئاوێنە

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەبوو ڕێگە بە "گەورەترین هێرشی سەربازی لەدوای جەنگی جیهانی دووەم" بدات، بەڵام وڵاتانی هاوپەیمان ڕازییان کردووە پلانەکانی ڕابگرێت.

 

دوای چەند ڕۆژێک لەهەڕەشەی توندی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەوڵدەدات لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەوە بەدەستبهێنێت کە تا ئێستا لەڕێگەی فشاری سەربازییەوە نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا وڵاتانی عەرەبی کەنداو کە پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ واشنتۆن دەپارێزن، دەتوانن لەچەند ڕۆژی داهاتوودا بەشداری بکەن لەکردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا، تەنانەت بەشێوەیەکی کاتی، زەمینە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دروست بکەن، بەپێی شیکارییەکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەوڵەکانی پێشوو ماوەی چەند مانگێک بوو شکستیان هێنابوو، هەرچەندە دوێنێ یەکشەممە، یەکەم نیشانەکانی پێشکەوتن تۆمارکرا، چونکە هەردوو وڵاتی عومان و ئێران ڕاپۆرتیان دا کە دانوستانەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا دەڕوات.

ترامپ بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە گەڕی نوێی دانوستانەکان دەستپێدەکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامادەیە ڕێگە بە"گەورەترین هێرشی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە" بدات، بەڵام هاوپەیمانەکانی ڕازییان کردووە پلانەکانی ڕابگرێت.

وتیشی "ئێمە بەتەواوی ئامادەبووین بەرەو پێشەوە بچین، بەڵام کاتێک هاوپەیمانان داوای دواخستنی کرد، ناچار بووین بڵێین 'با بزانین شتەکان چۆن دەڕۆن'".

بەڵام ئەگەر دانوستانەکان هەرەس بێنن، وەک ئەوەی لەڕابردوودا ڕوویداوە، ئەوە ڕەت ناکرێتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا بەم زووانە بگەڕێتەوە سەر هەڕەشەکانی هەنگاوی سەربازی.

بەپێی وتەی وەلی نەسر، مامۆستای زانکۆی جۆنز هۆپکینز، "ترەمپ ئێستا هەوڵدەدات چارەسەرێکی دیپلۆماسی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە پەرەسەندنی سەربازی دووربکەوێتەوە، بەڵام هیچ ڕێگایەکی ڕوون نییە، چ لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە یان لەڕێگەی هێزی سەربازییەوە، کە ڕێگەی پێبدات سەرکەوتن ڕابگەیەنێت".

ترەمپ دانوستانە نوێیەکانی لەگەڵ ئێران لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات

 

تێچووی شەڕ لە هەڵکشاندایە

گۆڕانکاری بەردەوامی نێوان هەڕەشەو دانوستانەکان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیری کردووەو کارنامەی سیاسی ناوخۆیی ئیدارەی ترەمپی ئاڵۆز کردووە.

لەچەند هەفتەی ڕابردوودا، ئێران هێرشی بۆ سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەناوچەکە دەستپێکردووە، لەوانە ئوردن، بەحرەین و کوێت، هاوکات میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لەعێراق هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر سعودیە ئەنجامداوە.

توانای تاران بۆ بڕینی کاریگەرانەی کەشتیوانی لەگەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی نێودەوڵەتی و ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی ناچار کردووە سوود لەیەدەگی ستراتیژیی نەوت وەربگرن.

لەهەمان کاتدا، ئەندامانی کۆنگرێس و سیناتۆرەکانی کۆمارییەکان، تەنها چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خول، فشار دەخەنە سەر کۆشکی سپی تا ڕوونتر ڕوونی بکاتەوە کە ئامانجەکانی شەڕەکە چین و چۆن پلانی هەیە کۆتایی پێبهێنێت .

نیگەرانییەکان کاتێک توندتر بوون کە سێ سەربازی ئەمریکی لەهێرشێکی مووشەکی ئێران بۆ سەر بنکەکەیان لە ئوردن کوژران و ژمارەی کوژراوانی سەربازی ئەمریکی لە مانگی شوباتەوە گەیشتە ١٨ کەس.

کاتێک ترەمپ لە کۆتایی مانگی شوباتدا فەرمانی یەکەم هێرشەکانی دژی ئێران دەرکرد، پشتیوانی نێودەوڵەتی سنووردار بوو، لەکاتێکدا ڕاپرسییەکان دەریانخست کە بەشێکی زۆری خەڵکی ئەمریکا باوەڕیان بەوە نەبووە کە تاران هەڕەشەی ئەتۆمی دەستبەجێی دروست بکات .

ترەمپ دڵنیایی دابوو کە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کاتی دەبێت و مەزەندەی کردبوو کە لە ماوەی چوار بۆ شەش هەفتەدا ململانێکان کۆتایی پێدێت. بەڵام شەڕەکە ئێستا چووەتە مانگی شەشەمی خۆیەوە و هەم پشتیوانی نێودەوڵەتی و هەم لە ناوخۆ بۆ سەرۆکی ئەمریکا کەم بووەتەوە .

 

دەستێوەردانی سعودیە

بەپێی وتەی هاوکارانی ترەمپ کە لەلایەن WSJ ئاماژەی پێکراوە، هۆشدارییە بەردەوامەکانی ڕواڵەتی پرۆسەی دیپلۆماسی خێراتر کردووە کە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە ململانێکان .

ترەمپ ڕۆژی شەممە لە سۆشیال میدیا نووسیویەتی ئێران و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان لێکردووە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەم پۆستە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بڵاوکراوەتەوە.

وەک سەرۆکی ئەمریکا خۆی ئاشکرای کردووە، پرسیاری لەشازادەی سعودیە کردووە کە ئایا هێرشکردنە سەر ئێرانت پێ باشترە یان ڕێککەوتن.

ترەمپ وتی: پێیوتم کە بە ڕوونی رێککەوتنێکی پێ باشترە، چونکە کەس نازانێت هێرشێکی سەربازی بەرەو کوێمان دەبات .

لە بەرامبەردا پەیوەندی بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە نەکردووە کە بەردەوامە لەداکۆکیکردن لەستراتیژی سەربازی توندتر لەدژی ئێران.

 

یەکەم نیشانەکانی کەمبوونەوەی پەرەسەندن

ڕۆژی یەکشەممە یەکەم نیشانەکانی ئەگەری کەمبوونەوەی دۆخی خراپتر تۆمارکرا.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ عومان سەبارەت بەدروستکردنی میکانیزمێک بۆ تێپەڕاندنی سەلامەتی کەشتیەکان بەناو گەرووی هورمزدا ​​"لە قۆناغی کۆتاییدایە".

بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا تاران ئامادەیە بۆ هەمیشە دەستبەرداری داواکارییەکەی بێت بۆ سەپاندنی پارە بەسەر کەشتییە بازرگانییەکان کە بەگەرووەکاندا تێدەپەڕن .

وەزیری ئێران هەروەها پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان سەبارەت بەڕێوشوێنی زیادەی کەمکردنەوەی دۆخەکە ئەنجامدا.

 

ڕەخنە لە تاکتیکەکانی ترەمپ

ڕەخنەگرانی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێن گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی لەهەڵوێستەکانیدا بەشێک نییە لەستراتیژییەکی یەکگرتوو، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بێتوانایی ئەوە لەدۆزینەوەی چارەسەرێکی سەربازی یان دیپلۆماسی کاریگەر.

دانیال شاپیرۆ، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لەئیسرائیل و بەرپرسی باڵای پێشووی پنتاگۆن دەڵێت "ئەم پاشەکشەیە بە شێوەیەکی جددی هێزی متمانە بەئەمریکا لاواز دەکات".

ناوبراو جەختی کرد "نە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و نە نەیارانی ئێرانی ئیتر باوەڕ بەو قسانەی ئەمریکا ناکەن".

قۆناغی ئێستای قەیرانەکە لەمانگی حوزەیران دەستیپێکرد، کاتێک واشنتۆن و تاران دانوستانیان لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن کرد، کە بەهۆی لێکدانەوە جیاوازەکانەوە لەسەر چۆنیەتی کردنەوەی گەرووی هورمز داڕما.

دوابەدوای ئەو هێرشانەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، گەڕاندنەوەی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا، بەهێزکردنی گەمارۆی دەریایی و سنووردارکردنی هێرشە ئاسمانییەکان، لەهەمان کاتدا ترەمپ تەنانەت هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ژێرخانە گرنگەکانی وەک پرد و دامەزراوەی وزەی کرد.

هەرچەندە پێدەچێت بۆ ئێستا کردەوەی سەربازی لەپشتەوە بێت، بەڵام ڕێگای دیپلۆماسی تا ئێستا لەڕادەبەدەر نادیارە.

سوزان مالۆنی، پسپۆڕی ئێران لەدامەزراوەی بروکینگز دەڵێت "گەیشتن بەڕێککەوتنێک کە ئازادی کەشتیوانی مسۆگەر بکات، نە خێرا بەدەستدێت و نە ئاسان دەبێت".

 

سەرچاوە: وۆڵ ستریت جۆرناڵ

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×