موزەفەری شافیعی، هاوسەری بەیانی سامی عەبدولرەحمان کێ بوو؟
  2026-08-06       19       
بەیان سامی عەبدولڕەحمان و هاوسەری موزەفەر شەفیعی هاوسەری

ئا: ئاوێنە

 

موزەفەری شافیعی، ئەکتەرو دەرهێنەری شانۆو بێژەری ناوداری کوردی رۆژهەڵات‌و ئەکتەری دەنگی ئێرانی، لەتەمەنی ٧٠ ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لەنەخۆشخانەیەکیی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆچی دوایی کرد، ئەو هاوسەری بەیان سامی عەبدولرەحمانی گەورە راوێژکاری مەسرور بارزانی بوو.

 

موزەفەر شافیعی، ساڵی ١٩٥٦ لە بنەماڵەیەکی کورد لەشاری مەهاباد لەدایکبووەو لە قۆناغی ئامادەییدا ڕووی لە شانۆ کردووە. لەو ساڵانەدا چەندین شانۆنامەی لە شاری مەهاباد نمایش کردووەو لە ساڵی ١٩٧٣ بۆ درێژەدان بەخوێندن چووەتە بەریتانیا.

شافیعی لەکۆلێژی هونەری دارلینگتۆن شانۆی خوێندووەو دوای تەواوکردنی خوێندن، لەسەر شانۆ لەڕۆڵی جۆراوجۆردا دەرکەوتووە. هەروەها لەژمارەیەک فیلم‌و زنجیرە تەلەفزیۆنی بەریتانیدا بەشداری کردووە، زۆرجار ڕۆڵی کارەکتەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گێڕاوە.

موزەفەر لەکاتێکدا کە خوێندکار بوو، پەیوەندی بە کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتەوە کرد، کە ڕێکخراوێکی خوێندکاری چەپ و دژبەری ڕژیمی پەهلەوی بوو.

دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 بۆ ماوەیەک گەڕایەوە ئێران، بەڵام لەگەڵ بەرتەسکبوونەوەی کەشی سیاسی و فەرهەنگی، جارێکی دیکە ئێرانی بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ بەریتانیا.

شافیعی لەکەناڵی بی بی سی فارسی وەک پێشکەشکار و ئەکتەری دەنگی کاری کردووە. نواندنی دەنگی بۆ جێرمی کلارکسن لە وەشانی فارسی دۆبلاژکراوی بەرنامەی ئۆتۆمبێلی "تخت گاز" یەکێک بوو لەناسراوترین و بەردەوامترین بەرهەمەکانی بۆ بینەرانی فارسی زمان.

ئەم بەرنامە تەلەفزیۆنییە بەناوبانگەی بی بی سی لە بەریتانیا تایبەتە بە ئۆتۆمبێل و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی ئیمی و بافتا.

بێگومان "تەخت گاز"یش خاوەنی هەوادارێکی گەورەیە لەوڵاتە جیاوازەکانی جیهان، ئەو هەوادارانەی کە سەیری بەرنامەکە دەکەن لە وڵاتەکانی خۆیان دۆبلاژ کراوە.

شافیعی لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە بەشی فارسی ڕادیۆ ژاپۆن، NHK، بێژەری هەواڵ بووە.

هەروەها بە ڕۆڵ بینین لەبەرهەمەکانی وەک "بیست و دوانزە"، "سێیج" و "پۆیرۆ" ناسرابوو. کاری دیکەی فیلم و تەلەفزیۆنی بریتین لە "تەل"، "ماڵی سەدام"، "ڕۆبنسنەکان"، "کوڕەکە لەپانتەری پەمەیی"، پۆیرۆی ئاگاتا کریستی"، "بارمتەکان"و "فڕینی ١٠٣: چیرۆکی ناوەوە".

موزەفەر شافیعی جگە لەچالاکییە هونەریەکانی، لەچالاکییە فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگەی کورد لەبەریتانیا بەشدار بووەو بەشداری لەپێکهێنانی ناوەندی ڕۆشنبیریی کورد لە لەندەن کردووە.

هەروەها نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەئەمریکا پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی هاوسەرەکەی بەیان سامی عەبدولڕەحمان کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی موزەفەر شافیعی‌و ستایشی داهێنان و میهرەبانی و ڕۆڵی لەبواری هونەرو شانۆدا کرد.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری باڵای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کاروباری دەرەوەو گۆڕانی کەشوهەوا. پێشتر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەئەمریکاو بەریتانیاو پەیامنێری ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بووە.

 

سەرچاوە/ بی بی سی فارسی

موزەفەری شەفیعی

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×