ئا: ئاوێنە
هەواڵگرییو بازنەی ئەکادیمی چین گومانیان هەیە کە ئیسرائیل قەیرانی کۆچی بەکۆمەڵی ئەم دواییەی لەناوچەی سبتەی باکوری ئەفریقای ئیسپانیا ڕێکخستبێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئێل مۆندۆی ئیسپانی، ئەو زانیارییانەی لەپەکین بڵاوبوونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو لێشاوە بۆ سنووری نێوان مەغریب و ئیسپانیا ئۆپەراسیۆنێکی بە ئەنقەست بووە لەچوارچێوەی شەڕێکی تێکەڵاودا بەسەرۆکایەتی هەواڵگری ئیسرائیل، مۆسادو لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕەباتەوە پاڵپشتی کراوە بەئامانجی تێکدانی سەقامگیری حکومەتی ئیسپانیا لە "پێدرۆ سانشێز".
هەڵسەنگاندنی ستراتیجی ئەم ڕووداوانە ڕاستەوخۆ بەتێکچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان مەدریدو تەلئەبیبەوە دەبەستێتەوە. ئیسپانیا دوای ڕەخنەی ڕاشکاوانە لەهەڵمەتی سەربازیی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران لەکەرتی غەززەو بە فەرمی ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین، ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی ئیسرائیل بووەوە.
نادیە هێلمی، زانای سیاسی میسری کە تایبەتە بە پەیوەندییەکانی چین و ئیسرائیل، ئاماژە بەوە دەکات کە شرۆڤەکارانی ئەمنی لە پەکین ڕووداوەکانی سبتە وەک هەڵمەتێکی فشاری ئامانجدار سەیر دەکەن کە ئامانج لێی کابینەکەی پێدرۆ سانشێزە.
هێلمی ئاماژە بەوە دەکات "ناوەندەکانی شیکاری هەواڵگری چین لێکۆڵینەوەیان لەپەرەسەندنی گرژییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی نێوان ئیسپانیا و ئیسرائیل کردووە. لەم ڕوانگەیەوە، تێکچوونی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەیتوانی پاڵنەرێک بێت بۆ مۆساد بۆ دەستوەردان لە قەیرانی کۆچبەری نێوان مەغریب و ئیسپانیا، بە توندکردنەوەی دۆخەکە و بڵاوکردنەوەی بریکارەکان بۆ وروژاندنی ناڕەزایی و پشێوی لەنێو دانیشتوانی مەغریبدا".
تەنها هەواڵگریی چین نییە کە ئیسرائیل تاوانبار دەکات، ئەو تیۆرییە هەواڵگرییەی کە لە پەکین خراوەتەڕوو، لە نێو دیپلۆماتکاران و شرۆڤەکارانی سیاسی کە پەیوەندییان بە نوخبەی سیاسی چینەوە هەیە، بە شێوەیەکی چالاکانە باس دەکرێت. ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ئەم بازنانە بەردەوام پرسیار لە کاتی لێشاوی کۆچەکەو پەیوەندیی بە گۆڕانی سیاسەتی ئیسپانیاوە بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.
دیپلۆماتکارێکی کە ناوی نەهێنراوە و ئاگاداری ئەو بابەتەیە، بەڕۆژنامەی ئێل مۆندۆی ئیسپانی راگەیاندووە “لەو کاتەوەی پەیوەندییەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ ئاسایی بوونەوە، مەغریب و ئیسرائیل بوونەتە هاوپەیمان و هاوکارییەکانیان لە بوارەکانی بەرگری و هەواڵگریدا بەهێزتر کردووە”.
ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دەکرێت، لە ئەکادیمیای چینیش تێدەپەڕێت. گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، بە ئاشکرا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی شەپۆلی کۆچکردن بۆ سبتەی ڕێکخستووە. پێترۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە نەتانیاهۆ پارەی گواستنەوەی کۆچبەرانی بۆ ئیسپانیا دابینکردووە، هەروەها ڕەبات تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ملکەچی پلانە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئیسرائیل بووە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر بەو حکومەتانەی کە ڕەخنەیان لەئۆپەراسیۆنەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرن.
لەدەرەوەی کاریگەرییە سیاسییە دەستبەجێیەکان، چین لەچاویلکەیەکی جیۆستراتیژیکی فراوانترەوە سەیری قەیرانی سبتە دەکات. دەریای ناوەڕاستی ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی یەکتربڕینێکی سەرەکی ڕێڕەوی دەریایی و ژێرخانی بەندەر و دابینکردنی وزە دەکات کە بۆ فراوانبوونی ئابووری چین زۆر گرنگن.
ئێستا مەغریب هاوبەشێکی ستراتیژی گرنگە بۆ چین لەئەفریقا. ڕەاەت و پەکین بە خێرایی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان فراوانتر کردووە و مەغریبیان کردووە بە سەکۆیەکی پیشەسازی بۆ دابینکردنی بازاڕەکانی ڕۆژئاوا، بەمەش بەربەستە بازرگانییەکان دەرباز بوون.
رۆژنامەی ئێل مۆندۆ ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمپانیا دەوڵەتییەکانی چین وەبەرهێنانێکی بەرچاویان لە ژێرخانی شەمەندەفەر و وزە و بەندەرەکانی مەغریبدا کردووە، بەتایبەتی لە بەندەری تەنجەر مێد، کە وەک ناوەندێکی سەرەکی لۆجستی بۆ زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی چین کاردەکات .
جێگەی سەرنجە، کە قەیرانی کۆچبەران کە بە خێرایی کۆتایی هات بە گەڕانەوەی نزیکەی هەموو ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی سنوورەکانیان بەزاندووە.