لە سلێمانی دابەشکردنی ئاو بۆ سەرجەم گەڕەکەکان ئاسایی بووەوە
  2026-08-13       36       

​لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، ڕاگەیاند، هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی قەیرانی ئاوی ئەم دواییەی شارەکە، بۆ شکانی بۆری ئاوی (دووکان - سلێمانی) و لەکارکەوتنی یەکجاریی سێ پەمپی کۆنی پڕۆژەکە دەگەڕایەوە.

ئاوێنە: ​سەبارەت بە هەنگاوەکانی چارەسەرکردن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە تیمە پەیوەندیدارەکان توانیویانە بە گوژمەی زیاتر لە 4 ملیار دینار، سێ پەمپی نوێ و پێشکەوتوو دابین بکەن و لە پڕۆژەکەدا جێگیریان بکەن، کە ئەمەش فاکتەری سەرەکی بوو بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە و ئاساییبوونەوەی ڕێڕەوی دابەشکردنی ئاو.

​ئامانج جەلال ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و دیاری کرد کە لە قۆناغی یەکەمدا و لە ماوەی 48 کاتژمێری سەرەتای شکانی بۆرییەکەدا، ئاو بۆ بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی سلێمانی گەڕێندرابووەوە، بەڵام پرۆسەکە لەمڕۆوە بە تەواوی کۆتایی هات و کێشەی ئاوی ئەو گەڕەکانەش چارەسەر بوو کە پێتر دواکەوتنیان تیادا ڕوویدابوو، لەوانەش:

​گەڕەکی کانی با

​گەڕەکی قڕگە

​گەڕەکی سێتوان

​گەڕەکی کازیوە

​سەرجەم ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوەی شەقامی 60 مەتری

​لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە پرۆسەی پێدانی ئاو بە شێوازە ئاساییەکەی خۆی بەردەوامی دەبێت بۆ سەرجەم ناوچەکانی شارەکە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×