مه‌زڵوم عه‌بدی له‌باره‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی سه‌ر ئاواره‌كانی سه‌رێكانی له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی حكومه‌تی سوریا كۆبوه‌وه‌
  2026-08-14       38       

مه‌زڵوم عه‌بدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە، لەگەڵ وه‌فدێكی حکومەتی کاتیی سووریا بارودۆخی ئاواره‌كانی سەرێکانی و هێرشەکانی سەر کاروانی ئاواره‌كانی ئه‌و شاره‌یان تاوتوێ كرد کە لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان کرایە سەریان.

ئاوێنه‌: مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە، دوێنێ پێشوازی كرد له‌ زیاد عایش، نوێنه‌ری سه‌رۆكی كاتی سوریا بۆ بەدواداچونی بۆ ڕێککەوتنی 29ـی کانونی دوەم و عه‌واد جاسم، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی دوی سوپای سوریا.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌، هه‌ردولا تاوتوێی بارودۆخی ئاواره‌كانی سەرێکانی، کە دەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و ئەو هێرشانەی کرابونه سەریان لە کاتی گەڕانەوەیاندا، هەروەها گرنگیی کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایش و پاراستنی مەدەنییەکانیان تاوتوێ کردون و جه‌ختیان له‌ گرنگیی لێپرسینەوە و سزادانی هێرشبەران کردۆته‌وە.

مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە کۆبونەوەکە له‌ سه‌كۆی ئێكس رایگەیاند: خۆشحاڵ بوم بە پێشوازیکردن له‌ وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تی سوریاو تاوتوێی چەندین دۆسییە و پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە ئاسایش و سەقامگیریی شاری حەسەکە، ڕوبەڕوبونەوەی هێرشەکانی سەر دامودەزگاکانی دەوڵەت، دۆسیەی ئاواره‌ مەدەنییەکان، هەروەها خێراکردن و تەواوکردنی پڕۆسەی یه‌كگرتنی هێزه‌كانمان كرد.

مه‌زڵوم عه‌بدی ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر گەلێک چارەسەر ڕێککەوتین، هەستمان بە کەشوهەوایەکی ئەرێنی و هەنگاوی جدی کرد بەرەو چارەسەرکردنی ئەم دۆسیانە، بە جۆرێک کە خزمەت به‌ ئاسایش و سەقامگیریی حەسەکە بكات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×