وردەکاری هەوڵی تیرۆرکردنی کوڕە گەورەکەی نەتانیاهۆ لەلایەن ئێرانەوە
  2026-08-26       68       
یایر نەتانیاهۆ

ئا: ئاوێنە

 

شانەیەکی ئێرانی دوای یایر نەتانیاهۆدا کەوتن کە لە ویلایەتی فلۆریدا دەژیا. کاتێک پیلانەکە ئاشکرا بوو، ڕێنمایی کرا کە دەستبەجێ بڕوات و کەلوپەلەکانی بەجێبهێڵێت و بەپەلە بگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل.

 

پیلانی تیرۆرکردنی بایر لەلایەن ئێرانەوە، کە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئێران لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا باسی کرد، ئامانجی کوڕە گەورەکەی بوو، یایر نەتانیاهۆ.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە کە لەتۆڕی ئەمریکی نیوزماکس بڵاوکراوەتەوە، بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو هەوڵێکی ئێرانیان ئاشکرا کردووە بۆ زیانگەیاندن بەناتانیاهۆی کوڕ، لەکاتێکدا ئەو لە فلۆریدا دەژیا. هەرچەندە تەواوی چیرۆکەکە زۆر دراماتیکترە - بەڵام لەئێستادا بڵاوکردنەوەی قەدەغەیە.

بەگوێرەی هەواڵی نیوزماکس، نێردراوەکانی ئێران لەناوچەی میامی بوون و چاودێری شوێنی نیشتەجێبوونی یایر نەتانیاهۆیان لەکەناری ئۆلاندێل کردووە، هەروەها ڕۆتینی ڕۆژانەی یایر نەتانیاهۆیان لەنزیکەوە خستوەتە ژێر چاودێرییەوە. دوابەدوای ئەو زانیارییانەی دەست مۆساد کەوتووە، ئاگادارییەکی بەپەلە بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا گواستراوەتەوە. نەتانیاهۆی کوڕ کە لەو کاتەدا لەسایەی پاراستنی مۆسادی ئیسرائیلدا بوو، ڕێنمایی کرا دەستبەجێ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بەجێبهێڵێت. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پەلە کردنەکە ئەوەندە زۆر بووە، ناچار بووە بەشێک لەکەلوپەلەکانی بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە ئیسرائیل. ئێستا لەئیسرائیل نیشتەجێیە.

بنیامین نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکرد، ئێران یەکێک لەکوڕەکانی کردووەتە "ئامانج"و هەوڵی تیرۆرکردنی داوە، بەڵام دیاری نەکردووە کام لەدوو کوڕەکەی بووە؟ کەی هەوڵی تیرۆرکردنەکە ڕوویداوە؟ یان پلانەکە تا چەند بەرەوپێشچووە؟

تا ئێستا زانیاری لەبارەی نیازی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە و هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە بەرپرسانی باڵا لەمیدیاکان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام نەتانیاهۆ بڕیاریدا خۆی وردەکارییەکانی ئاشکرا بکات.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە ئێران هەڕەشەکانی لە دژی بنەماڵەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل پەرە پێدەدات. لەم هەفتەیەدا تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە بارۆن ترەمپ کوڕی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای کردە ئامانج. لە گرتە ڤیدیۆییەکەی ئێراندا مانشێتی "بارۆن ترەمپ لە کوێ و چۆن بکوژرێت؟"، لەگەڵ بانگەشەی ئەوەی کە پاداشتێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ کوشتنی دانراوە. دەزگای نهێنی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ئاگاداری ئەو گرتە ڤیدیۆییەن و مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەکانی لەم جۆرە دەکەن.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەوڵ دەدەن بازنەی هەڕەشەکان لە دەرەوەی خودی سەرکردەکان فراوان بکەن و ئەندامانی بنەماڵەکانیان بگرێتەوە. لە دۆسیەی یایر نەتانیاهۆدا، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نیگەرانیەکە ئەوەندە ڕاستەقینە بووە کە بووە هۆی بەجێهێشتنی خێرای لەئەمریکا و گەڕانەوەی بۆ ئیسرائیل.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×