لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان لەسەر نادیاریی موجتەبا خامنەیی و داڕمانی ئابووری ئێران روو لە زیادبوونە، دەسەڵاتدارانی تاران لە ڕێگەی دەسەڵاتی فراوانی سوپای پاسدارانەوە پێداگری لەسەر یەکڕیزیی سیاسی و سەربازیی وڵات دەکەن.
ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز، لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە،لە نێو ئەو چین و توێژانەی ئێرانی کە دژایەتی پێکهاتەی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیان دەکەن یان داوای چاکسازیی بەرفراوان دەکەن، دەنگە ناڕازییەکان ڕاشکاوانەتر لە جاران دەبیسترێن. شەهرۆخ، کە بازرگانێکی لایەنگری چاکسازییە لە تاران و بەهۆی پاراستنی ئاسایشی خۆیەوە نەیویست ناوی تەواوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: "ئێمە چۆن بزانین کە موجتەبا نەکوژراوە؟ ئەوە بە هیچ شێوەیەک لۆژیکی نییە کە تەنانەت یەک نیشانەش نییە بیسەلمێنێت ئەو لە ژیاندایە، چ جای ئەوەی بەڵگەیەک هەبێت لەسەر بەشداریکردنی لە بڕیارداندا."
ئێران دوای شەش مانگ لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ بەهێزترین نەیارەکانیدا، گەرچی زیانی بەرکەوتووە بەڵام توانیویەتی پێگەی خۆی ڕابگرێت. سیستەمی سیاسی وڵاتەکە بەردەوامە و هێزە سەربازییەکانیشی هێشتا خاوەنی ئەو توانایەن کە گەرووی هەناردەکردنی وزەی جیهانی دابخەن و هێرش بکەنە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو.
دەسەڵاتی ئایینی تاران نیشانیدا کە دەتوانێت لەدەستدانی ڕابەری باڵا و فەرماندە باڵاکانی هەرس بکات بەبێ ئەوەی بە تەواوی دابڕمێت، هاوکات توانیویەتی زنجیرەی فەرماندەیی سیاسی و سەربازیی کە پابەندی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتەکەن، بە پارێزراوی بهێڵێتەوە.
لە بەرامبەردا، ئابووریی ئێران لە ژێر بارگرانیی تێچووی جەنگ و گەمارۆی چەند مانگەی سەر هەناردەی نەوتەکەی داڕماوە، کە بووەتە هۆی دابەزینی توندی بەهای ڕیاڵی ئێرانی. ئەم دۆخە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی زیاتر کردووە، هەمان ئەو خۆپیشاندانانەی کە دەسەڵاتداران لە مانگی یەکی ڕابردوودا بە کوشتنی هەزاران ناڕازی سەرکوتیان کرد.
هاوکات دەسەڵاتی دەسەڵاتدار لەسەر بنەمای پێویستییەکی ڕوون خۆی ڕێکخستووەتەوە: پاراستنی دەوڵەت، گێڕانەوەی توانای بەرپەرچدانەوە، و ڕێگریکردن لەوەی لێکەوتە ئابوورییەکان سەقامگیریی وڵاتەکە تێکبدەن.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، سوپای پاسداران کە لە مێژە هێزێکی باڵادەست بووە، لە سەرەتای جەنگەوە پێگەکەی بەهێزتر بووە و وەک تەوەرێکی سەرەکیی بیرکردنەوەی ستراتیژی لە ترۆپکی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی نوێدا ماوەتەوە، بە تایبەت لە دەوری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی. ئەم بازنە باڵایە هەریەکە لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و کەسایەتییە باڵا سیاسییەکانی وەک مەسعوود پزیشکیان و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان لەخۆدەگرێت.
چەند سەرچاوەیەکی باڵا لە ئێران کە پەیوەندییان پێوەکراوە، ڕایانگەیاندووە کە خامنەیی لە ڕاستیدا کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسە باڵایانە ئەنجام دەدات، بە تەواوی بەشدارە لە تاوتوێکردنەکاندا و بڕیاری کۆتایی لەسەر هەموو پرسە سەرەکییەکان لای ئەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنها ژمارەیەکی کەم لە بەرپرسان پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوویان لەگەڵ خامنەییدا ماوە، و هیچ زانیاری و وردەکارییەک لەسەری بڵاونەکراوەتەوە لە ترسی دزەکردنی زانیارییەکان کە ڕەنگە ڕێگە بە ئەمریکا بدات بیکاتە ئامانج.
لە هەمان کاتدا، کەسێکی نزیک لە بازنەی دەسەڵاتی خامنەیی دەڵێت باری تەندروستیی ناوبراو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو باشبوون دەچێت، و وەک کەسێکی بەئاگاو ورد لە بڕیارداندا وەسفی کردووە.
بەرپرسێکی دیکە لەوبارەیەوە وتوویەتی: "سەرەڕای هەموو فشارەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە خەڵک نەوەستاوە. هێڵی سیاسەتی دەرەوەمان یەکگرتووە و بڕیارەکانمان کۆدەنگن. هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن کە ڕابەری باڵا لە سەرکردایەتیکردندایە."
تەنانەت پێش جەنگیش، خامنەیی پێی باشتر بوو لە پشت پەردەوە وەک یاریدەدەری باڵای باوکی کار بکات و خۆی لە سەرنجی ڕاگەیاندنەکان بەدوور بگرێت. بەپێی وتەی سەرچاوە باڵاکان، برینداربوونی ناوبراو لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ٢٨ی شوبات، کاتێک ئیسرائیل و ئەمریکا جەنگەکەیان بە هێرشی ئاسمانی دەستپێکرد و بووە هۆی کوژرانی باوکی، سیمای دەموچاوی شێواندووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە کاتێکدا ئەو ئێستا بەرزکراوەتەوە بۆ پێگەیەک کە وەک سەرچاوەی ڕێنمایی ئیلاهی سەیر دەکرێت، و لە سەردەمێکدا کە وڵاتەکە لە گەورەترین قەیرانی خۆیدایە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە، ئەو پاساوانە لە ڕوانگەی چاودێرانەوە کەمتر جێگەی بڕوان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە: "ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە لەگەڵ واشنتن پێویستی بە ڕەزامەندیی تەواو و بێ گومانی موجتەبا هەیە، و هەروەها هەر بڕیارێک بۆ بەردەوامبوون لە ململانێیەکی درێژخایەن و پڕ تێچوو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هەمان ڕەزامەندیی دەوێت."
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "دیارنەمانی درێژخایەنی ئەو، دۆخێکی مەترسیداری دروستکردووە کە تێیدا باڵە ڕکابەرەکان دەتوانن هەموویان ئیدیعای ئەوە بکەن کە دەزانن ڕابەر بە ڕاستی چی دەوێت."