لەتیف بێوار
هەنووكە لە زەمەنی سادەگەرایی هزر و ڕووکەشپۆشیدا دەژین، نەك تەنیا لە جل و بەرگ و شێوازی ژیان و بیروبۆچوون و کەمی شارەزایی و مەعریفەت و ڕۆشنبیرێتی تاکەکاندا، بەڵکو لە بوارە باڵاکانی وێژەو فەلسەفەو هونەر و ئاستی زانکۆکان و بگرە زۆر سەکۆو جومگەی ئەدەبی و هونەری و ڕۆشنبیری و مەعریفی وا هەن، کە لەبەر دەستی سەرە نەزانەکاندان و هیچ شارەزاییەکی ئەوتۆیان نییە لەو بوارانەی کە خۆیان کردووەتە دەم ڕاست تێیدا، ئەوانە زۆرجار تەنیا لەوێدا لەگەڵ جەماوەردا بەرکەوتنیان دەبێت (بۆ ئەوەی ڕای خەڵك سەبارەت خۆیان بزانن) لە شوینە سەرپێیەکانی وەك تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبوکدا، لەوێشدا نووسینی کۆمێنتیان بۆ بێجگە لە هاوڕێکانی خۆیان بلۆك کردووە، واتا هێندە لە ڕەخنە دەسڵەمنەوە، چونکە لە ناواخندا دەزانن لە ناو قەوارەیەکی بۆشدا بانگەوازی کاری گەورە کردن شتێکی ئاسان نییە تا بەسەر هەموو کەسێکدا تێپەڕێت. ئەوان نەك شارەزایی ئەکادیمی و زانستییان لە بوارەکانی خۆیاندا نییە، نەك هیچ زمانێك جگە لە زمانی کوردی نازانن و لەسەر بناغەی فەرهەنگێکی کۆڵەواری پر جنێو و وشەی بازاڕیی کۆشکی داهێنانی خۆیان بنیات ناوە، بەڵکو ناتوانن وتارێکی ڕەوان و پوخت بە کوردی بنووسن، کاتێك بشینووسن پڕ لە هەڵەو ناتەواوی دەبێت و تەنانەت پەڕتووکەکانیش گەر چاپی بکەن دەیدەن بە هەڵەبڕی زمانەوانی تا پێداچوونەوەی بۆ بکەن.
کێشەی ئەوانە ئەوەیە کاتێك دەسەڵات و بازنەیەکی خەیاڵی لە دەوروبەری خۆیان بكێشن، وا دەزانن بەو بەڵێ بۆ کردنەی کەسانی کەم ئاستی دەوروبەری خۆیان، ئەوا دەبنە شاکارنووس و بیردۆز داڕێژ، بەڵام تەنیا بە دوور کەوتنەوەیان لە گرتنە دەستی ئەو بنکەو سەکۆو دەزگاو چاپەمەنییانە، قەوارەیان دەگەڕیتەوە ئاستی سروشتی خۆی و کەس حسابی نووسەرێکی ئاساییان بۆ ناکات و وردە وردە ناوی قەبەو ڕەونەقداریان بەرەو پوکانەوە دەچێت، کە لە وێنە بڵاوکراوەکانیان لە فەیسبوك و سۆشیال میدیاو و سەکۆو بڵاوکراوەکانیاندا بۆ خۆیان کێشاوە، لەو بارەوە زۆرمان بینی.... بۆ وێنە، کاتێك ئەدیبێك سکرتێری ڕۆژنامەیەکی وێژەیی بوو یەك بە دوای یەکدا لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەمەکانی دەنووسران، بەڵام دوای ئەوەی لەو شوێنگەیەدا نەما ئیدی کەس باسی نەکرد و لە کولەکەی تەڕیشدا ناوی نەما.
ئەوانە نەك خۆیان هیچ داهێنان و بەرهەمێکی نوێی شایستەی خوێندنەوەیان لە هەگبەدا نییە، بەڵکو کاتێك دەنگێكی ڕەسەن لە دەرەوەی بازنەی خۆیان ببیستن، خێرا هەوڵ دەدەن بە جۆرەها شێوە پلاری تێ بگرن و سوکی بکەن و گومانی بۆ بدۆزنەوە، هەرچەندە ڕەنگە ئاستی تێگەشتنیان نەگاتە ئەو ڕادەیەی لەگەڵ ئەو بەرهەمانەدا سەرودەر بکەن، بەڵام چونکە لەوێدایە کە هەست بە بەتاڵیی دەکەن؛ کاتێك بەرهەم و تێگەشتنی خۆیان لە ئاست ئەو بەرهەمانەدا دادەنێن و بۆیان دەردەکەوێت کە تا چەند کۆڵەوارن و حەقیقەتی خۆیان جارێکی تر بۆ ئاشکرا دەبێت، کاتێك پەردە هەڵخەڵەتێنەکانی سەر بەشە تاریکەکەی دەروونیان لا دەدرێت و ڕووبەڕوو دەبنەوە لەگەڵ ئەو پرسیارە گرنگەی: کە ئایا بە ڕاستی من چیم پێشکەش کردووەو چیم لە ئارادایە؟ جگە لە لاف و گەزاف و کۆکردنەوەی جەماعەتی ئەشهەدوو.... لە دەوری خۆم، لە هەمان کاتیشدا ئەو بابەت و بەرهەمانەی کەسانی دی، کە لەبەر ناوی خاوەنەکانیان سوکایەتیان پێ دەکەن و ڕەفزی دەکەن، ئەگەر ناوی خانمێکی بخرێتە سەر ئەوا نەك بڵاوی دەکەنەوە، بەڵکو دەکەونە پیاهەڵدان و ستایش کردنی.
ئەوە قسەمان لەوانە نییە کە لە ژێر پەردەی ڕۆشنبیریدا بە دوای پلەو پایەو پیس خۆری خۆیاندا دەگەڕێن و پەنا بۆ دەرگاو جومگەو کەسایەتییە حیزبییەکان دەبەن و بە دوای شوێن پێ خۆشکردندا دەگەڕێن تا لەو شوێنگەیەوە خۆیان بکەنە چەق و ئەوانەی لە دەرەوەی بازنە تایبەتەکانی خۆیاندان بیانهاڕن و ئەوانەش کە ڕووپاماییان بۆ دەکەن سوپاسنامەو خەڵاتیان بکەن.
مرۆڤ تا زیاتر ورد بێتەوە لەو سێکتەرە هەستەوەرە فیکری و ئەدەبییانەی لەو واقیعە خواروێچەدا هەن و پەیدابوون، هەر ئەوەی پێ دەکرێ گۆشەگیریی هەڵبژێرێت و دوور بکەوێتەوە لەو هەموو بۆگەناوە، لەهەمان کاتیشدا دانایی ئەو ئەدیب و هونەرمەندە ڕەسەنانەی بۆ دەردەکەوێ کە ئەو ڕێگەیان هەڵبژاردووەو تەنانەت بەرهەمەکانیان بڵاوناکەنەوەو نایخەنە بەر چاوی ئەو ناخ بەتاڵانەی کە گوڵشەن بە دەردەی گوڵخەنی دۆزەخ دەبەن و هەڕ لە بڕ ناکەنەوە. ئیدی جار جار وەك چاودێرێك لە خۆم دەپرسم: دەبێت ئەو دۆخە بە کوێ بگات، لەکاتێکدا یەك یەك نووسەرە ڕەسەنەکان کۆچ دەکەن و هیچ جێگرەوەیەکی هاوشێوەی ئەوان ئەو بۆشاییانە پڕ ناکاتەوە؟ کە بە کۆچکردنیان لە دوای خۆیان جێی دەهێڵن، ئەوە لەو لا بووەستێت و لێرەدا هەر وتوێژی ناکەم کە داهێنان و بەرهەمی ڕاستەقینەی ئەدیب و هونەرمەندی داهێنەر چەند سەریەشە بۆ خاوەنەکەی دروست دەکات؟ هەر لە ڕق و کینەی هاو ڕشتەکەیانەوە بیگرە تا نەیاران و تەنانەت ئەو سیستەمە تەسك و تروسکانەی داهێنانەکان جێیان نابێتەوە لە چوارچێوەکانیاندا و توشی دەردەسەریی دەبن بە هۆیەوە.
بەڵێ ئەمە سەردەمی نامۆ بوونی ڕەسەنایەتی و دەنگی ڕەسەنەو هەر ئەو ڕۆژەیە کە پێشینان گوتویانە، تێیدا شێر لە برساندا دەمرێ و ڕێوی لە کەلاکەکەی دەخوات و دەبێتە پاشای دارستان.
دواجار دەبێت ئەو ڕاستییە باس بکەم کە چۆن لە جیهانیشدا زۆر بلیمەت و بەهرەو دەنگی ڕەسەن هەبوون تا لە ژیاندا بوون فەرامۆشکرابوون و دوای مردنیان جارێکی تر سەریان هەڵدایەوەو تا ئێستاش باس دەکرێن، ئەم سیناریۆیەش تا زۆرانبازی ژیان بەردەوام بێت هەر دەمێنێت.
بۆ نموونە ئێمیلی دیکنسن١٨٣٠–١٨٨٦شاعیر، جان کیتس١٧٩٥–١٨٢١ شاعیر، فرانتس کافکا١٨٨٣–١٩٢٤نووسەر و ڕۆماننووس، ئارتور رامبۆ١٨٥٤–١٨٩١ شاعیر، سۆرین کیرکێگۆر١٨١٣–١٨٥٥ فەیلەسوف و بیرمەند، ڤینسێنت ڤان گۆخ ١٨٥٣–١٨٩٠ هونەرمەند و وێنەکێش، ویلیام بلیک ١٧٥٧–١٨٢٧ شاعیر و هونەرمەند، هێلما ئەف کلینت ١٨٦٢–١٩٤٤ هونەرمەند و وێنەکێش، ژێرار دو نێرڤال ١٨٠٨–١٨٥٥ شاعیر و نووسەر، نیکۆڵای گۆگۆڵ١٨٠٩–١٨٥٢نووسەر و ڕۆماننووس، نیکۆس کازانتزاکیس١٨٨٣–١٩٥٧ نووسەر و فەیلەسوف، ئۆسکار وایڵد١٨٥٤–١٩٠٠ نووسەر و شاعیر، والتەر بنیامین١٨٩٢–١٩٤٠ فەیلەسوف و ڕەخنەگر....تاد.
لەبەر ئەوەی ئەم وتارە کورتە، بواری ئەوەم پێ نادات چیرۆکی هەر یەکەیان لێرەدا باس بکەم، بەڵام خوێنەری بەڕێز گەر ویستی لێ بێت، ئەوا دەتوانێت بە وردی بەدواداچوون بۆ ژیان و بەرهەمی هەر یەکێك لەمانەو سەدان نموونەی تر بکات و ئەو ڕاستییە تاڵانەی باسكران زیاتر بۆی ڕوون بێتەوە.