ئا: ئاوێنە
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی بە ئاشکرا هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی بۆ رەوتی جەنگی سەر ئێران دەخەنە روو، جەی دی فانس، جێگری سەرۆک لە پشت پەردەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی هەڵسەنگاندنی راشکاوانەترە لە فەرماندە سەربازییەکان لەبارەی ئاراستەی ململانێکە، تێچووەکانی و ئاسۆی بەدیهێنانی ئامانجەکانی.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان ئەنجام داوە، بە مەبەستی وەرگرتنی دید و بۆچوونی بێپەردەی ئەوان سەبارەت بە جەنگەکە، پێش ئەوەی ئەو هەڵسەنگاندنانە لە دیدگای گشتیی وەزارەتی بەرگریدا دابڕێژرێنەوە. فانس کە لە سەرەتاوە دژی هەڵگیرسانی جەنگەکە بوو و دواتریش لەلایەن ترەمپەوە راسپێردرا بۆ هاوکاریکردن لە کۆتاییپێهێنانیدا، لە هەوڵی ئەوەدا بووە حوکم و تێڕوانینی تاکەکەسیی فەرماندەکان بە دەستەواژەی خۆیان وەربگرێت.
تەوەرەی سەرەکیی ئەو گفتوگۆیانە بریتی بوون لە ئامانجەکانی جەنگ، تاکتیکە پەیڕەوکراوەکان، خەمڵاندنی زیانەکان، هەنگاوە ئەگەرییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز، توانای خۆگونجاندنی تاران لەگەڵ ململانێکە، و ئەو ئاستەی کە حکوومەتی ئێران دەتوانێت لە بەرامبەر سزاکاندا بەرگەی بگرێت.
هەڵسەنگاندنە نائومێدکەرەکان و قەیرانی جبەخانەکان
لە بەشێکی دیکەی بەدواداچوونەکانیدا، فانس داوای زانیاریی وردی کردووە سەبارەت بەو چەکانەی لە کۆگاکانی فەرماندەکاندا ماونەتەوە، هاوکات کاریگەریی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر توانای ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی چین، رووسیا و کۆریای باکوور.
دابەزینی یەدەگی مووشەکەکانی پاتریۆت کە بڕبڕەی پشتی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکان، لە پێشینەی نیگەرانییەکانی فەرماندە سەربازییەکان بووە؛ بە جۆرێک تا کۆتاییەکانی وەرزی بەهار، کۆگای یەکێک لە ناوچە ئۆپەراسیۆنییەکان بۆ کەمتر لە 100 مووشەک دابەزیوە. جگە لەوەش، جبەخانەی ئەو ناوچەیە لە سیستەمی مووشەکی تاکتیکیی سوپا (ATACMS) کە مەوداکەی دەگاتە 190 میل، لەگەڵ مووشەکەکانی لێدانی ورد (PrSM) کە بڕیار بوو جێگەیان بگرنەوە، تەواو بوون. فەرماندەکان بە فانس-یان ڕاگەیاندووە کە یەدەگی ئەم جۆرە تەقەمەنییە گرنگانە گەیشتووەتە نزمترین ئاستێک کە تا ئێستا بە چاوی خۆیان بینیبێتیان.
بەپێی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز، فانس دوای ئەم کۆبوونەوانە تووشی نیگەرانییەکی قووڵ بووە سەبارەت بە ستراتیژیی گشتی و چانسی سەرکەوتن. هەڵسەنگاندنەکان روونیان کردووەتەوە کە حکوومەتی ئێران ئامادەی بەرگەگرتنی چەندە لە جەنگی مانەوەی خۆیدا، لە بەرامبەردا سنوورداریی جبەخانەی بەرگریی ئەمریکا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە تۆڵەسێنەکانی ئێران یاخود رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان لە ناوچەکانی دیکەی جیهان دەرکەوتووە.
فانس ئەم دەرئەنجامانەی گەیاندووەتە گفتوگۆ تایبەتەکانی لەگەڵ ترەمپ و بازنەی نزیکی بڕیاربەدەستان. لە هەمان کاتدا ژەنەراڵ دان کین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش لە ڕێگەی کورتەزانیارییەکانەوە ترەمپی لە کەمبوونەوەی کۆگاکان و خۆڕاگریی هێزەکانی ئێران ئاگادار دەکردەوە، ئەوەش ئەو زانیارییانە بوون کە ترەمپ لە سەرەتادا باوەڕپێکردنیانی بە لاوە سەخت بوو.
راپۆرتەکە ئاماژە بە دروستبوونی جیاوازییەکی بەرچاو دەکات لە نێوان ئەو هەڵسەنگاندنە ناوخۆییە نائومێدکەرانە و لێدوانە ئاشکراکانی بەرپرسانی ئیدارەکە؛ لە کاتێکدا ترەمپ بەردەوام جەختی دەکردەوە کە واشنتن جەنگەکەی بردووەتەوە، سوپای ئێران تێکشکێنراوە و هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی چەکدا نییە، هاوکات فانس-یش بە ئاشکرا هەوڵی دەدا گرنگیی ئەو پرسە کەم بکاتەوە کە ئەمریکا لە بنەڕەتدا لە جەنگێکی وا گەورەدایە.
کاردانەوەی ترەمپ و لێکەوتە نێودەوڵەتییەکان
رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ترەمپ لە پەردەی نهێنیدا بە توندی لەو راپۆرتە میدیاییانە تووڕە بووە کە باسیان لە دابەزینی جبەخانەکان دەکرد، تەنانەت ڕۆژنامەنووسانی بە "ناپاک" ناوبردووە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانە. بەدوای ئەو هەواڵانەشدا، لێکۆڵەرانی حکوومەت دەیان ئەفسەری باڵای سەربازییان لە پنتاگۆن خستووەتە ژێر پشکنینی ئامێری پۆلیگراف (دۆزینەوەی درۆ). لە بەرامبەردا، بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا نیگەران بوون لەوەی ئەم کەمبوونەوەیەی چەک وەک پەیامێکی لاوازی بگاتە چین و رووسیا، کە لە نزیکەوە چاودێریی کۆگاکانی ئەمریکا دەکەن.
پەیوەندییەکانی فانس لەگەڵ فەرماندەکان بە ئاگاداریی ترەمپ، پیت هێگسێت وەزیری بەرگری، ژەنەراڵ کین، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، و سوزی وایڵز سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی بووە. لەم بارەیەوە شۆن پارنێل، وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاندووە کە هێگسێت رێگەی خۆش کردووە بۆ گەیشتنی جێگری سەرۆک بە سەرکردەی هێزە شەڕکەرەکان تا زانیاریی تەواو لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان وەربگرن. هەروەها جۆزێف هۆڵستید، وتەبێژی ژەنەراڵ کین دووپاتی کردەوە کە "هیچ بۆشاییەک لە راوێژی سەربازیی پێشکەشکراو بە سەرۆک، جێگری سەرۆک و وەزیری بەرگریدا نییە."
هەوڵەکانی فانس بۆ وەرگرتنی زانیاری لە چەند رۆژی یەکەمی جەنگەکەوە دەستی پێکردووە. لە کاتێکدا ژەنەراڵ کین ئەرکی خۆی لە خستنەڕووی بژاردە سەربازییە بێلایەنەکاندا دەبینییەوە بە بێ لایەنگری بۆ هیچ بژاردەیەکی دیاریکراو، فانس بەدوای ئەفسەرێکدا دەگەڕا کە تێڕوانین و پێشنیازی راشکاوانەی دەستکەوێت تا بیخاتە چوارچێوەی راوێژەکانی بۆ سەرۆک.
دژایەتیکردنی فانس بۆ جەنگ لە ناو کۆشکی سپیدا نهێنی نەبوو؛ ئەو لە هەفتەکانی پێش 28ی شوبات لە ئۆڤاڵ ئۆفیس و ژووری ئۆپەراسیۆنەکاندا دژی هەڵمەتەکە دەوەستایەوە، بەڵام دوای یەکلابوونەوەی بڕیارەکەی ترەمپ، لە بەردەم رای گشتیدا بەرگریی لێکرد. دواتریش بووە سیمای هەوڵەکانی ئاشتی و زنجیرەیەک گفتوگۆی بەڕێوەبرد کە لە حوزەیراندا گەیشتە لێکتێگەیشتنێک، بەڵام پێش ئەوەی وادە 60 رۆژییەکەی لە مانگی ئابدا بێ رێککەوتن کۆتایی بێت، هەوڵەکان بێ ئەنجام مانەوە.
جەنگەکە زۆر زیاتری خایاند بەراورد بەو شەش هەفتەیەی کە سەرەتا پنتاگۆن پلانی بۆ دانابوو. لە مانگی نیساندا، ترەمپ هەستی کرد کە دۆخەکە بەو ئاراستەیەدا ناڕوات کە چاوەڕێی دەکرد، بۆیە دەسەڵاتی دایە تیمەکەی، لە نێویاندا فانس، جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، تا دەست بە دانوستان بکەن بۆ دۆزینەوەی چوارچێوەیەک لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە.
گەڕان بەدوای دەرچەیەکدا و خەمڵاندنە سەربازییەکان
هاوکات ژەنەراڵ دان کین بە ئاشکرا نیگەرانیی خۆی گەیاندووەتە راوێژکارانی ترەمپ و ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە ئەمریکا دەرچەیەک بۆ کشانەوە بدۆزێتەوە، چونکە بژاردە سەربازییەکان بۆ پەرەپێدانی جەنگ ئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت و بە تەنیا هێزی ئاسمانی ناتوانێت ئامانجەکانی سەرۆک بپێکێت. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، ژەنەراڵ کین خۆی بەدوای دەرچەیەکدا گەڕاوە و ئەم پرسەشی لەگەڵ جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، مارکۆ روبیۆ و جەی دی فانس تاوتوێ کردووە.
پەیمانگەی لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان (CSIS) لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە پێش جەنگ ئەمریکا 2330 مووشەکی پاتریۆتی هەبووە، بەڵام ئەو ژمارەیە بۆ 759 تا 827 مووشەک کەمی کردووە. هەروەها مووشەکەکانی سیستەمی "ساد" (THAAD) لە 452 مووشەکەوە بۆ 234 تا 278 مووشەک دابەزیون.
گۆڕینی سیستەمی ژماردنی زیانەکان لە پنتاگۆن
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "زە ئینتەرسێپت" لەسەر زاری بەرپرسێکی حکوومەتی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە وەزارەتی بەرگری میکانیزمێکی نوێی بۆ ئەژمارکردنی کوژراو و بریندارانی سوپای ئەمریکا لە جەنگی ئێران پەیڕەو کردووە، بە جۆرێک کە ئامانج لێی "شاردنەوەی ژمارەی راستەقینەی زیانەکانە" لە رای گشتی.
لە سەرەتای جەنگەکەوە، پنتاگۆن پشتی بە سیستەمی شیکاریی زیانەکانی بەرگری (DCAS) بەستووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئاماری فەرمیی قوربانییان، کە سیستەمێکە بۆ چاودێریکردنی سەربازانی گیانلەدەستداو، بریندار و نەخۆش و گەیاندنی زانیارییەکان بە کۆنگرێس و سەرۆک. سەرەڕای ئەوە، سیستەمەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە سەبارەت بە وردیی داتاکانی؛ ماڵپەڕی "زە ئینتەرسێپت" لە بەڵگەنامەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارە فەرمییەکان زۆر لە ژمارەی راستەقینەی قوربانییەکان کەمترن، ئەوەش وای لە بەرپرسە ئەمریکییەکە کردووە پرۆسەکە وەک "هەوڵێک بۆ پەردەپۆشکردنی زیانەکان" وەسف بکات.