جـ*ـهمیل بـ*ـایك، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، رایدهگهیهنێت، توركیا یاسای چوارچێوهی بهگوێرهی خواستهكانی خۆی ئامادهكردوهو له بهرژهوهندی ئێمهدا نییه. جهختیش دهكاتهوه كه تـ*ـاوهكو ئۆجـ*ــهلان ئازاد نهبێت، گهریلا چهك دانانێت. دهشڵێت، ئەگەر ڕژێمی ئێران کێشەی کورد چارەسەر نەکات، تێکدەشکێت. ههروهها پێشی وایه كه نهدهبو مهزڵوم عهبدی پۆستی راوێژكاری سهرۆكایهتی كۆماری سوریا وهربگرێت.
ئاوێنه: جهمیل بایك، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، له چاوپێكهوتنێكی تهلهفزیۆنیدا باسی له یاسای چوارچێوهو پرۆسهی ئاشتی له توركیا، دۆخی رۆژئاواو رۆژههڵات و باشوری كوردستان و ناوچهكه كرد.
یاسای چوارچێوهو پڕۆسهی ئاشتی له توركیا
جهمیل بایك ئاماژهی بهوهدا كه ئهو یاسایەی لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کراوە، لەگەڵ داواخوازییهكانی ئێمهدا ناگونجێت و له بهرژهوهندی ئێمهدا نییه. دەوڵەتی تورکیا ئەم یاسایەی زیاتر بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەرکردوە، نەەک بەپێی داواکارییەکانی ئێمە. ئامانجی سەرەکیی ئەم یاسایە، چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی گەریلایە. لە یاساکەدا هەندێک خاڵیان نوسیوە، ئەوە بۆ ئێمە ئەوەندە گرنگ نییە. ئەوە یاسای ئەوانە، ئێمەش یاسای خۆمان هەیە. نە یاساکانی ئەوان جێبەجێ دەبن و نە یاساکانی ئێمەش جێبەجێ دەبن. لە نێوان ئێمە و دەوڵەتی تورکیادا، لەسەر ئەم یاسایە ململانێ و خەبات هەیە.
وتیشی، خاڵی گرنگ بۆ ئێمە ئەوەیە کە مەرج و دەرفەت بدەنە ڕێبەر ئاپۆ تا بتوانێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوە ببات و سەرکەوتووی بکات.
جهختیشی كردهوه، لە کۆی ئەم یاسایهدا كه دهركراوه، بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد بونیادی نییە. ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت کێشەکانی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکات. باخچەلی هەندێک لێدوانی دا، ئەمەش شەرعیەت و فەرمیبوونی بەدەستهێنا، ئەمە بۆ ئێمە گرنگە. ئەگەر ڕێگە لەبەردەمی ڕێبەر ئاپۆ بکەنەوە بۆ کارکردن، دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەسەرکەوتوویی بگەیەنێتە ئامانج. ڕێبەر ئاپۆ بێ ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێت، ڕاو بۆچونی ئێمە وەردەگرێت.
ئاماژهی بهوهشدا، له ئێستادا ڕەنگە ڕاستەوخۆ کۆبونەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ئیمڕاڵیدا نەکەین، بەڵام بۆچونەکانی خۆمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەنێرین. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێت، بڕیار و ڕاکانی ئێمە وەردەگرێت. لە ڕێگەی شاندی دەم پارتییەوە پەیامەکان دەنێردرێن و وەردەگیرێن. ڕێبەر ئاپۆ گەرەنتی لە خۆی، بزوتنەوەکەی و گەلەکەیدا دەبینێت. جگە لەوەش هیچ هیوایەکی بەوانی تر نییە. چۆن دەوڵەت بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتە بنەما، ئێمە و گەلەکەشمان بەرژەوەندیی خۆمان هەیە. یاساکە بنەمایەکە و مرۆڤ دەتوانێت لەسەر ئەم بنەمایە کار بکات و هەندێک ئەنجام بەدەستبهێنێت. ئەگەر دیموکراسی لە تورکیادا گەشە نەکات، کێشەی کورد چارەسەر نابێت. بزوتنەوەکەمان و ڕێبەر ئاپۆش ئەم یاسایە بە کەم دەزانن. ئێمە بە سەبر، هۆشیاری و بەپێی ستراتیژ نزیکی هەنگاوەکە دەبێنەوە.
چارهسهركردنی كێشهی كورد له ناوچهكه
بایك له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا وتی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد هێزێکە. هەندێک هێز دەیانەوێت ئەم هێزە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاربهێنن. بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەم هێزە بخەینە خزمەتی تەواوی گەلی کوردەوە. کات و زەمینەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد هاتوە. کاتێک جەنگی سێیەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی پێکرد، ئەو کاتە کێشەی کورد کەوتە ڕۆژەڤەوە. کات و زەمینەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد هاتووە. ئەوەی تر لەسەر یەکێتیی کورد دەمێنێتەوە. چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە یەکێتیی کوردان بەدی دێت.
پێویسته سهردانی عهبدوڵا ئۆجهلان بكرێت
ئهو له بهشێكی دیكهی چاوپێكهوتنهكهدا باسی لهوه كرد كه پێویستە لە قسەکردن زیاتر، هەنگاوی کردارەکی لە بواری سیاسی و یاساییدا له توركیا بنرێت و پێویسته ڕۆژنامەنووسان و ڕاوێژکاران بچن دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ساز دەکەن. پێویستە هەندێک سیاسی و ئەکادیمیست بچنە ئیمڕاڵی.لە ڕۆژانی داهاتوودا پێویستە ئەمە ئەنجام بدرێت. گومانێکی زۆر لە لای کۆمەڵگەی کوردی و تورکی هەیە، وتاری ڕێبەر ئاپۆ ئەم گومانانە دەڕەوێنێتەوە. هەڵسوکەوت و هەڵوێستی تورکیا لای ئێمەش گومان دروست دەکات. پێویستە کەسانی کەجەکەش سەردانی ئیمڕاڵی بکەن. ئێمەش دەچێنە ئیمڕاڵی. ئەم هەنگاوە زیاتر لە کورد، بۆ تورکیا پێویستە، چونکە باری دەوڵەتی تورکیا باش نییە.
جهنگی ناوچهكه گوشاری لهسهر توركیا دروست كردوه
بایك له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا وتی، ئەو جەنگەی لە جیهاندا بەڕێوە دەچێت، گوشارێكی زۆر دەخاتە سەر تورکیا. تورکیا ویستی بە تەواوی تواناکانی خۆی پەکەکە تێکبشکێنێت، بەڵام نەیتوانی ئەم ئامانجە بپێکێت. هێشتا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئیمڕاڵیدا دروست نەبووە. پەیوەندیمان لهگهڵ ئۆجهلان هەیە، بەڵام نە بە ڕاستەوخۆ. لە ڕێگەی هەندێک لایەنەوە پەیوەندی هەیە.
ناوهڕۆكی یاساكه پڕۆسهكه دوادهخات
بایك ههروهها وتی، پێویستە پرۆسەکە بە خێرایی بگاتە ئەنجام. سەرۆککۆماری تورکیاش بەم دواییانە گوتی پێویستە پرۆسەکە خێراتر بکرێت. هەندێک لایەن لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا کار دەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەکە تێکبدەن. ناوەڕۆکی ئەو یاسایەی کە دەرچووە، پرۆسەکە دوا دەخات. بە کەمتەرخەمی و خاوی لە هەنگاونانی تورکیادا، ئەگەری هەیە پرۆسەکە نەک تەنها تا مانگی 11، بەڵکو تا ساڵێکی تریش درێژە بکێشێت.
داواكارییهكانی ئێوه له توركیا چین؟
بایك له وهڵامی ئهوهدا وتی، ئێمە بە ڕێبەر ئاپۆمان وتوە بە ناوی بزوتنەوەکەوە، ئەو دەتوانێت پرۆسەکە بەڕێوە ببات، ئەم ئەرکەمان پێداوە، لەبەر ئەوەش دەوڵەت ئەوە دەکاتە بنەما. ئەگەرچی دەسەڵات و دەستپێشخەری لای خۆیەتی، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بزووتنەوەکە و گەل دەکاتە بنەما. ڕا و داواکاری و ڕەخنەکانی ئێمە لە بەرچاو دەگیرێن. لە پرۆسەکەدا ڕێبەر ئاپۆ ئەرکێکی گرنگ جێبەجێ دەکات.
وتیشی، ئێمە ئەرکمان پێداوە تا بە ناوی بزووتنەوەکەوە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتدا بباتە پێشەوە، نەک بە سەربەخۆیی و لەلایەن خۆیەوە هەنگاو بنێت.
ئهوهشی خستهڕو، داواکارییەکانمان دیارن، لە ماوەی ٥٠ ساڵدا خەباتمان کرد، قوربانیمان دا و ئازاری گەورەمان چەشت. لە ئەنجامدا گەلی کوردمان هەستاوی کرد. کورد دەیانەوێت بە ناسنامە، زمان و کلتوری خۆیان قسە بکەن و بە ئازادی لەسەر خاکی خۆیان بژین. ئەمە مافی سروشتیی ئێمەیە، ئێمە شتێکی زۆر لە دەوڵەتی تورکیا ناخوازین. ئێمە ناخوازین دەوڵەتی تورکیا پارچە بکەین و دەوڵەتێک دروست بکەین. دەوڵەت بۆ کورد ئازادی دروست ناکات، بەڵکو پەستان دروست دەکات. تا ئێستا لە دەستووری تورکیادا هیچ شتێک بۆ کورد نییە. لە دژی کورد سیاسەتی فەرامۆشکردن و ئینکارکردن بەڕێوە دەچێت. ئێمە دەمانەوێت گۆڕانکاری لە یاساکانی تورکیادا بێتە ئاراوە. لە تورکیادا کورد لە دەرەوەی یاسا و دادپەروەری هێڵدراونەتەوە. ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی مافەکانی کورد لە دەستووری تورکیادا شوێنیان ببێتەوە.
ئهوهشی وت، تورک بە هاوکاریی کورد لە تەنگانهو زەحمەتی دەرچون، هەر پێشکەوتنێکیان دروستکردبێت بە هاوکاریی کورد بووە، ئەمە لە مێژوودا بەڵگەدارە بەڵام ئەوان ئەو مێژووەیان شاردووەتەوە. ئێمە لە ئێستادا ئەو مێژووە دەردەخەین.
هێمای بۆ ئهوهش كرد، کاتێک ئێمە کۆنگرەی ١٢مان بەست و پەکەکەمان هەڵوەشاندەوە، بڕیارمان دا کە دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بە شێوازی حزبی کار بکات.
جهختیشی كردهوه، تا ئۆجهلان لە ڕووی جەستەیییەوە ئازاد نەبێت، یاسای دەوڵەت جێبەجێ نابێت. زەمینەکەی ئامادەیە و کاتی هاتووە. دەبێت دەوڵەت خاوەنداری لە قسەکانی خۆی بکات. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، ئێمە چەک دانانێین و ناچینە تورکیا. ئەگەر چەکیش دابنێین دەبێت مافی خەباتی سیاسیی بۆ ئێمە هەبێت. هەروەها دەبێت یاساکان بگۆڕدرێن.
هێمای بۆ ئهوهش كرد، لە یاسای تورکیدا کورد نییە، ئەگەر گۆڕانکاری ڕوونەدات دەستبەسەرداگرتن و سڕینەوەی کورد هەر بەردەوام دەبێت. ئەگەر تورکیا بەم عەقڵییەتەوە بەردەوام بێت، زیان دەکات. ئێمە باوەڕمان بە دەوڵەتی تورکیا نییە و بە گومانەوە ڕووبەڕووی دەبینەوە. تا ئێستا زیندانییە سیاسییەکان ئازاد نەکراون، لە نێوانیاندا گەلێک نەخۆش هەن. دەبێت زیندانەکان چۆڵ بکرێن. لە لسیتی تیرۆریشدا دەوڵەت تا ئێستا کەسی دەرنەهێناوە.
لهگهڵ ئهوهش وتی، ئێمە ئامادەین چەک دابنێین، ئێمە ئاشقی چەک نین، ئێمە بۆ پاراستنی گەلەکەی خۆمان چەکمان هەڵگرت. ئێمە جارێکی تر جەنگمان ناوێت. ئەمەمان بۆ جیهان ڕاگەیاندوە، بەڵام ئێمە گەرەنتی دەخوازین. دەوڵەتیش دەترسێت و بە گومانەوە مامەڵە دەکات.
وتیشی، پەکەکە لە ڕوی ڕێکخستنەوە هەڵوەشێندرایەوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە گیانی پەکەکە ڕووخاوە. پەکەکە گیانێکی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا ئافراند و زیندووی کردەوە. لە پرۆسەی ٥٠ ساڵیدا هەڵەشمان کرد، ئەمەش وایکرد ئەو ئەنجامانەی دەمانەوێت بەدەستی نەهێنین. ئێمە بینیمان ئەگەر بەم ڕێگەیە بەردەوام بین، ڕەنگە مەترسی دروست بێت. ئێمە دەستمان لە خەبات هەڵنەگرتووە، ئێمە بزووتنەوەیەکی خەباتکارین. هەندێک کەس ئەمەیان قبوڵ نەکرد، هەندێک کەس کەوتنە دوودڵییەوە، گەلیش کەوتە گومانەوە، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند. ئێستا پەکەکە بە شێوازێكی سیاسی کار دەکات. هیچ کاتێک ئێمە دەست لە ئازادی و لە گەلەکەمان هەڵناگرین. ئێمە بۆ تەواوی گەلان خەبات دەکەین. ئەندامانی پەکەکە دوای چهكدانان خزمەتی گەلەکەی خۆیان دەکەن.
دۆخی باشوری كوردستان و پهیوهندییان لهگهڵ پارتی و یهكێتی
لهبارهی دۆخی باشوری كوردستان و پهیوهندییان لهگهڵ پارتی و یهكێتی، جهمیل بایك وتی، بۆ یەکێتیی کورد دەرفەتێکی مێژوویی دروست بوە. بۆ یەکێتیی کورد ئێمە بێ مەرج لەسەر مێز دادەنیشین.
ههروهها وتیشی، دانەمەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەترسی دروست دەکات. پێویستە هەموومان دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بپارێزین. دەوڵەتان دەیانەوێت قەوارەی باشوور تێکبدەن.
ئهوهشی خستهڕو، ڕێبەر ئاپۆ ویستوویەتی لەگەڵ سەرۆکەکانی پارتی و یەکێتیدا دیدار بکات. هەندێک دیداری ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی باشوور ڕوویانداوە و ڕا و بۆچوونی یەکتر وەرگرین.
دۆخی رۆژئاوای كوردستان و ههڵوهشانهوهی ههسهده
لهوهڵامی ئهوهدا كه ئێوە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێکەڵبوونیان چۆن دەبینن؟ وتی، تێکەڵبوونی دیموکراسیانه بە واتای ئەوە نایەت کە تۆ هەموو شتێک ڕادەستی دەوڵەت بکەیت. دەبێت خۆبەڕێوەبەریی ناوچە کوردییەکان هەبێت. دەوڵەتی سوریا دەیەوێت لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک ڕژێمی بەعس ڕەفتار بکات. دەبێت کورد بیرۆکە و عەقڵییەتی بەعس جارێکی تر قبوڵ نەکانەوە. دەبێت کورد عەقڵییەتی بەعس جارێکی تر قبوڵ نەکەن.
وتیشی، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ ڕووداوی کوشتنی سیپان حوزنی و روداوهكهی زیندانی کۆبانی کرد.
ئهو وتیشی، ڕۆژئاوای کوردستان باجی قورسی دا و جیهانی لە دەست داعش ڕزگار کرد. مڕۆڤایەتی قەرزارباری ڕۆژئاوای کوردستانە.
ههروهها ئاماژهی بهوهشدا، "مەزڵوم عەبدی وتی، ئەو هیچ پۆستێک وەرناگرێت و لە ناو گەلەکەی خۆیدا دەبێت. ئەم قسەیە لە جێی خۆیدا بو. بەڵام بەم دواییانە بوە ڕاوێژکاری شەرع. ئەگەر بە ناوی کوردەوە بوایە، ئەو کاتە کێشە نەدەبو. ڕەخنە بونیادنەرەکان لە جێی خۆیاندان. ئێمەش ڕەخنە دەگرین چونکە نەدەبوا ئهو پۆستهی قبوڵ بکردایە."
"تەنها کورد دەتوانن ببنە دۆستی یەکتر"
لهبارهی ئهوهی کێ دۆستی کوردە؟ جهمیل بایك وتی، تەنیا کورد دەتوانن ببنە دۆستی یەکتر. جگه لەوە هیچ هێزێک نییە کە بڵێیت ئەمە دۆستی کوردە. بەڵام ئەمەش بە واتای ئەوە نایەت کە ئێمە پەیوەندی دروست ناکەین.
شهنگال و تێكهڵبونی یهبهشه
لهبارهی رادهستكردنی چهكی یهكینهكانی بهرخۆدانی شهنگال-یهبهشه به عێراق، بایك وتی، کوردی ئێزدی دەیانەوێت لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا بۆ تێکەڵبوونی دیموکراسی هەنگاو بنێن. ئەگەر ئەمە ڕوبدات باشە. دیارە عێراق دەیەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. مەزەندە دەکەم پارتی، تورکیا و ئێران نەیانەوێت ئەمە ڕوبدات.
چارهنوسی كهمپی مهخمور
لهبارهی چارهنوسی كهمپی مهخمور، بایك وتی، ئەگەر پرۆسەکە له توركیا سەربکەوێت، دۆسیەی کهمپی مەخموریش چارەسەر دەبێت. دەوڵەتی تورکیا و عێراق بڕیاریانداوە خەڵکی کامپی مەخمور بگەڕێنەوە بۆ تورکیا. پێویستە گەرەنتی هەبێت بۆ ئەم هەنگاوە.
لهبارهی چارهنوسی قهندیل جهمیل بایك وتی، ئێمە خەڵکی قەندیل ڕادەستی کەس ناکەین، پێویستە بەرگری لە خۆیان بکەن. پاراستنی قەندیل ئەرکی هەموو کوردێکە.
ئێران چارهسهری كێشهی كورد نهكات، تێكتدهشكێت
لهبارهی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جهمیل بایك وتی، ئەگەر ڕژێمی ئێران کێشەی کورد چارەسەر نەکات، تێکدەشکێت. دەبێت کوردی ڕۆژهەڵات خۆیان ڕێکبخەن و ئامادە بکەن. ئەگەر تێکەڵبوونی دیموكراسی سەرنەکەوێت، ئەگەر جەنگیش هەبێت، دەبێت خۆیان بۆ جەنگ ئامادە بکەن.
وتیشی، بۆ پرۆسەی ئاشتی هەندێک هەنگاومان ناوە، زەمینەسازییەكمان بۆ کردوە. ئێمە دەمانەوێت ئەم زەمینەیە بەهێز بکەین و سەرکەوتوی بکەین. ئەگەر پرۆسەکە سەرنەکەوێت، ئێمە بۆ جەنگێکی گەورە ئامادەین. ئێمە بە سیاسهت دەتوانین ئەنجامی زۆرتر و باشتر بەدەستبهێنین. ئەگەر پرۆسەکە سەرنەکەوێت، ئێمە بۆ جەنگێکی گەورەش ئامادەین. تا ئامانجەکانی گەلەکەمان نەپێکین، دەست لە خەبات هەڵناگرین.