بەهۆی فشارەکانەوە؛ تورکیا ڕێگری لە گواستنەوەی سەروەتەکەی فالح فەیاز دەکات
  2026-09-17       43       

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "الحرە"ی ئەمریکی، حکومەتی تورکیا ڕەزامەندی نەداوە لەسەر داوایەکی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق، بۆ گواستنەوەی پارە و موڵکەکانی لە دەوڵەتی قەتەرەوە بۆ شاری ئەنقەرە. ئەم هەنگاوەی تورکیاش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ فشارە داراییەکانی ئەمریکا و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق لێکدەدرێتەوە.

​ئاوێنە: ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، لە ڕێکەوتی ١ی ئایاری ئەمساڵدا، فالح فەیاز لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەتەوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی لەسەر گواستنەوەی سامانەکەی. ئەم هەوڵەی ناوبراو دوای ئەوە هات کە بەرپرسانی قەتەر، بەهۆی نزیکیی فەیاز لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو فشارانەی لەلایەن واشنتنەوە دروستکرابوون، داوایان لێکردبوو سەرجەم موڵک و سامانەکانی لە خاکی قەتەر بباتە دەرەوە.

​سەبارەت بە وەڵامی تورکیا، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ داواکەی ڕەتنەکردووەتەوە، بەڵام دواتر لە ڕێگەی نامەیەکی فەرمییەوە بە فەیاز ڕاگەیەندراوە کە ئەو لە وڵاتی تورکیا "کەسێکی پێشوازی لێنەکراوە" بۆ ئەنجامدانی هیچ جۆرە چالاکییەکی دارایی. ئەمەش وەک بەشێک لە سیاسەتی نوێی ئەنقەرە بۆ دوورکەوتنەوە لەو کەسایەتییانەی کە واشنتن بە "بریکاری تاران" پۆلێنی کردوون، هەژمار دەکرێت.

​بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، بڕیارەکەی ئەنقەرە بۆ ڕەتکردنەوەی داواکەی فەیاز پشت بە سێ هۆکاری سەرەکی دەبەستێت:

​یەکەم: بوونی گومان لەسەر مانەوەی فالح فەیاز لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی حەشدی شەعبی.

​دوەم: کەمبوونەوەی ئاستی هەژموون و کاریگەرییەکانی ناوبراو لە ناو هاوپەیمانیێتییە شیعەکانی عێراقدا.

​سێیەم: پۆلێنکردنی وەک کەسایەتییەکی تەواو نزیک لە تاران.

​ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ توندبوونەوەی ڕێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دژی ئەو لایەن و کەسایەتییانەی کە کارئاسانی دارایی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران دەکەن. ئەگەرچی قەبارەی ڕاستەقینەی سەروەتەکەی فەیاز لە قەتەر و تورکیا بە نادیاری ماوەتەوە، بەڵام ئەم ڕووداوە ئاماژەیە بۆ قورسبوونی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەو سەرکردە سەربازییانەی کە لە ناوچەکەدا بە نزیک لە ئێران دەناسرێن.

​جێی باسە، فالح فەیاز لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە پۆستی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەڕێوەدەبات و بە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی عێراق دادەنرێت. لە ساڵی ٢٠٢١دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوی خستە ناو لیستی سزاکانەوە بە تۆمەتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. ئاستی ململانێ دارایی و سیاسییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە قۆناغێک، کە تەنانەت ئەو وڵاتانەی پەیوەندییەکی باشیشیان لەگەڵ ئێران هەیە، وەک قەتەر، ناچاربوون ڕێکاری توند بەرامبەر بە لایەنگرانی تاران بگرنەبەر بۆ ئەوەی خۆیان لە سزاکانی واشنتن بپارێزن.

زۆرترین بینراو
ئۆجه‌لان: كوشتنی سیپان حوزنی دڕاندانه‌ بو، ده‌بێت ئێران له‌سێداره‌دان رابگرێت
باخچەلی دەنگۆی دروستکردنی ڤێلا بۆ ئۆجەلان ڕەتدەکاتەوە
بافڵ تاڵه‌بانی بۆ پزیشكیان: هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌
حکومەتی هەرێم داوای ١٤٪ی پشکی بودجە دەکات و وردەکارییەکانی لێکتێگەیشتنی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکات
پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان پێیناوەتە قۆناغی کۆتاییەوە
بە دەیان موشەک و درۆن؛ حوسییەکانی یەمەن هێرشکردنە سەر کۆمپانیای ئارامکۆ و بنکەیەکی ئاسمانییان لە سعودیە ڕاگەیاند
مەزڵووم عەبدی: لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ڕووداوەکەی کۆبانی دەکرێت
هاكان فیدان: كردنه‌ ئامانجی سعودیه‌ له‌ یه‌مه‌ن و عێراقه‌وه‌ قبوڵكراو نییه‌
​وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی ٣٣ جۆر بەرهەم بە یەکجاری قەدەغە دەکات
چین هۆشداری لە فراوانبوونی ململانێکان دەدات و داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×