وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دۆخی دابینکردنی کارەبا بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاو دەنێت.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، لە ئەنجامی هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەروەها بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز، توانراوە کێشەکانی بەردەم پرۆسەی گواستنەوەی غاز لە کێڵگەی کۆڕمۆرەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا چارەسەر بکرین و پرۆسەکە بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە بەهۆی ئاساییبوونەوەی پرۆسەی گواستنەوەی غازەکەوە، تەنها لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا بڕی 1400 مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی گەڕێندراوەتەوە. ئەم هەنگاوەش وایکردووە دۆخی گشتیی پێدانی کارەبا ڕوو لە باشبوون و ئاساییبوونەوەی تەواوەتی بکات.