ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لە شاری سلێمانییەوە یەکلاکردنەوەی تەواوەتیی دۆسیەی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕاگەیاند و دووپاتیکردەوە کە سەرجەم هێزەکان بە شێوەیەکی یەکجاری خراونەتە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەوە. هاوکات، ئاماژەی بە بوونی کەشێکی ئەرێنی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
ئاوێنە: لە میانی بەشداریکردنی لە "لوتکەی ئابووریی سلێمانی"، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. ئاشکراشی کرد کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لە ڕێگەی مەراسیمێکی فەرمییەوە، کۆبوونەوەی سەرجەم هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بە شێوەیەکی فەرمی ڕابگەیەندرێت، کە بە وتەی خۆی، ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە و سەقامگیریی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، سەرۆکی هەرێم تیشکی خستە سەر پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان و ڕایگەیاند کە کەشێکی ئەرێنی و گەشەسەندن لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیدا بەدی دەکرێت، بەو هیوایەی ئەم لێکنزیکبوونەوەیە خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی سەرانسەری هەرێمی کوردستان بکات.
سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هەرچەندە ئامادە نەبوو وادەیەکی دیاریکراو ڕابگەیەنێت، بەڵام پشتڕاستی کردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، و هەروەها لەسەر ئاستی هێزە ئەمنییەکان و مەکتەبی سیاسیی هەردوو حزب بەڕێوەچوون. بارزانی پێی وایە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت لەسەر ڕێڕەوێکی دروستن و زەمینەیەکی گونجاو بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی هاتووەتە ئاراوە.
جێی باسە، پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە مەرجێکی سەرەکیی وڵاتانی هاوپەیمانان بووە بۆ درێژەدان بە هاوکارییە سەربازی و داراییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان. لە ساڵانی ڕابردوودا، مانەوەی یەکەکانی 70 و 80 لە دەرەوەی وەزارەت، وەک لەمپەرێک لەبەردەم دروستبوونی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا دەبینرا.
لە لایەکی دیکەوە، دواکەوتنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە، هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی کارگێڕی و دارایی کردووەتەوە. بە بڕوای چاودێران، ڕاگەیاندنی ئەم لێکنزیکبوونەوەیە لە شاری سلێمانییەوە، ئاماژەیەکی بەهێز و ئەرێنییە بۆ کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە ماوەیەکە باڵی بەسەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێمدا کێشاوە.