نیویۆرك تایمز: با هەمو جیهان بزانێ قاسمی سلێمانی چی لەعێراق دەكات
  2019-11-18       4044       

ئا: ئاوێنە



نیویۆرك تایمز ئاماژە بەوە دەكات لەڕێگەی "ئینتەرسپیت"ەوە سەدان بەڵگەنامەی نهێنی ئیتلاعاتی ئێرانی دەستکەوتوە کە دەیسەلمێنن چەندین سیخوڕیان لەناو دامەزراوە سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و مەزهەبیە گرنگەکانی عێراقدا چاندوەو قاسمی سلێمانی سیاسەتی ئێران بەرامبەر بەعێراق‌و سوریاو لوبنان دادەڕێژێت.


نیویۆرك تایمز ئاماژە بەوە دەکات کە قاسمی سلێمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران، رۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لەو بڕیارە گرنگانەی لەعێراق دەدرێن.


نیویۆرك تایمز باس لەنائارامییەكانی ئەمدواییەی عێراق‌ دەکات کە قاسمی سلێمانی بەپەلە گەیشتوەتە عێراق‌و کاری لەسەر مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لەپۆستەکەیدا کردوەو پێی وابوە کە خۆپیشاندانەكان هەڕەشە لەپێگەی ئێران دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ هاوپەیمانكانی لەپەرلەمانی عێراق كۆبونەوەی كردوەو نەیهێشتوە گوشار لەعادل عەبدولمەهدی بکرێت بۆ ئەوەی دەست لەپۆستەكەی بکێشێتەوە.


راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز ئەوە روندەکاتەوە کە چەندین وەزیرو کاربەدەستی باڵای عێراق لەگیرفانی قاسمی سلێمانی‌و ئیتیلاعاتدایەو گەورەترین راوێژكاری سەلیم جبوری سەرۆكی پێشوی پەرلەمان عێراق، پلەدارێکی سەر بەئیتلاعاتی ئێران بوە.


قاسمی سلێمانی‌و ئیتیلاعات توانیویانە تۆڕێك لەسیخوڕ‌و كاربەدەستی بالا لەدامەزراوە گرنگە سیاسی‌و ئابورییەكان‌و تەنانەت مەزهەبیەكانیی عێراقدا بچێنن‌و قاسمی سلێمانی رۆڵێکی كاریگەری هەیە لەبەهێز كردنی پێگەی ئێران لەعێراقدا.


ئەم بەڵگەنامانە کە 700 لاپەڕەن، لەسەرچاوەیەكی نەناسراوەوە بۆ ئینتەرسپیت رەوانە كراوە، پاش ئەوەی لەفارسییەوە وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، ئەو کەسەش لەئیمەیلێکدا بەئینتەرسپیت-ی وتوە "لێگەڕێن با هەمو جیهان بزانن ئێران چی لەعێراق دەكات".


ئەم بەڵگەنامانە سەدان راپۆرت‌و نامەگۆڕینەوە لەخۆدەگرێت کە لەنێوان ساڵانی 2014‌و 2015 لەلایەن ئەو بەرپرسانەی وەزارەتی ئیتیلاعاتەوە نوسراون لەعێراق كاریان كردوە.
ئەم بەڵگەنامانە ئاماژە بەوە دەكەن كە قاسمی سلێمانی داڕێژەری سیاسەتی ئێرانە لەعێراق‌و لوبنان‌و سوریا‌و باڵوێزەكانی ئێرانیش لەعێراق‌و سوریا‌و لوبنان پلەداری بالای سوپای پاسدارانن.


بەپێی بەڵگەنامەکان هەمیشە بەرپرسانی ئیتیلاعات ویستویانە لەڕێگەی پێشکەش کردنی دیاریی وەك بستەو بۆن‌و زەعفەران‌ بەكاربەدەستانی عێراق بیانکەن بەدۆستی خۆیان، هەندێکجاریش بەرتیلیان داونەتێ وەك دانی 87 یۆرۆ بەفەرماندەیەكی كورد.


بەڵگەنامەکان باس لەوە دەکات چەندین سەرکردەی عێراقی کاریان بۆ ئێران کردوە، لەوانە عادل عەبدولمەهدی کە لەسەردەمی دورخراوەییەوە لەکاتی حوکمڕانی سەدام پەیوەندی نزیكی لەگەڵ ئێران هەبوە، بەتایبەتتر لە2014ەوە كە وەزیری نەوت بوە.


نیویۆرك تایمز دەڵێت هیچ سیاسەتمەدارێك لەعێراق ناتوانێ‌ بەبێ‌ پشتیوانی ئێران ببێت بەسەرۆك وەزیر‌و عادل عەبدولمەهدی لە2018دا بوە كاندیدی هاوبەشی ئێران‌و ئەمەریكا.
لەم بەڵگەنامانەدا ناوی چەندین سیاسەتمەداری عێراقی هاتوە كە كاریان بۆ ئێران كردوە لەوانە نوری مالكی، حەیدەر عەبادی كە لەكاتی پێكهێنانی كابینەكەیدا حەسەنی دانایی فەر-ی باڵوێزی ئەوکاتی ئێران لەبەغدا لەكۆبونەوەیەكدا ناوی ئەندامانی كابینەكەی عەبادی یەك بەیەك خوێندوەتەوەو قسەی لەسەر پەیوەندی ئەوان لەگەڵ ئێران كردوە. هەروەها ناوی ئیبراهیم جەعفەری هاتوە كە پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ ئێران هەیە.


نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات کە ئێران پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بەتەواوی شوێنی ئەوی لەعێراق گرتوەتەوەو چەندین پڕۆژەی گەورە دراوە بەکۆمپانیا ئێرانییەکانی سەر بەسوپای پاسداران. هاوکات ئێران تەنانەت كاری لەسەر ئەوەش كردوە سیخورەكانی پێشوی سیا بكات بەسیخوڕی ئیتیلاعات.


نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوەش دەکات نێچیرڤان بارزانی لەدوای کۆبونەوەی لەگەڵ عەبادی‌و ئەمریکییەکان راستەوخۆ بەرپرسێکی ئێرانیی بینیوەو هەمو شتێکی بۆ باسکردوە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە حکومەتی هەرێم بازرگانیی نەوتی لەگەڵ ههێزی قودسی سوپای پاسداران کردوە.


نیویۆرک تایمز ئەوەش روندەکاتەوە کە بەرنامە‌و ستراتیژی ئێران لەعێراق بریتییە لەرێگرتن لەپارچە بونی عێراق، دورخستنەوەی چەكدارانی سوننە لەسنوری ئێران، پاراستنی شیعە لەتوندوتیژیی، رێگەنەدان بەدامەزرانی كوردستانێكی سەربەخۆ كە هەڕەشە لەئاسایشی ئێران دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×