2019-11-18   2501     
ئا: ئاوێنە
لەهەیینی رابردوەوە خۆپیشاندانو ناڕەزایی زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتوەتەوە، ئەم ناڕەزاییە بەدوای ئەوەدا هات كە دەوڵەتی حەسەنی روحانی نرخی بەنزینی بەرێژەی 200% بەرز كردەوە.
هەرچەندە هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا سەرۆكی رێكخراوی بەرنامەو بودجەی ئێران رایگەیاند كە 100% پارەو داهاتی ئەم بەرزكردنەوەی نرخی بەنزینە وەك هاوكاریو یارمەتی دەدرێت بە18 ملیۆن خێزان كە 70% كۆی دانیشتوانی وڵات پێكدەهێننو لەهەلومەرجێكی دژواری ئابوریدانو بەشێوەی نەقدی بەسەریاندا دابەش دەكرێت، بەڵام ئەمەش دادی نەدانو ناڕەزایی هاوڵاتیانی دانەمرکاندەوە.
ناڕەزایی بەرامبەر بەکۆماری ئیسلامیو گەمارۆ ئابورییەکانو قەیرانی داراییو بێكاریو هەڵئاوسانی بەردەوام هەرچی زیاتر ئاگری ناڕەزایی چینە پەراویزخراوەکانی بەرامبەر بە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین گەورەتر كردوە.
زۆرێك لەئابوریناسان پێیانوایە مەبەست لەبەرزكردنەوەی نرخی بەنزین بەو ئەندازەیە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەیە كە حەسەنی روحانی رایگەیاندوە كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵی ئێران 300 هەزار ملیار تمەنە.
روحانی راشیگەیاندوە لەئەنجامی گەمارۆ ئابورییەكانی سەر ئێراندا هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی 80% كەمی كردوەو دانی بەوەشدا ناوە كە بەهۆی نەبونی پارەوە نازانێت چۆن وڵات بەڕێوە ببات.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەو ساڵەی شۆڕشی گەلانی ئێران لەدژی رژێمی پاشایەتی هەڵگیرساو كۆماری ئیسلامی دامەزرا لە1979دا، نرخی لیترێك بەنزین تەنها 1 تمەن بو لەئێران، بەڵام ئێستا لەهەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراودا نرخەكەی كراوە بە 3000 تمەن.
لەیەكەم ساڵی هاتنە سەر كاری كۆماری ئیسلامیدا بڕی بەرهەمهێنانی بەنزین نزیكەی 14 ملیۆن لیتر بو رۆژانە لەئێراندا، هەر لیترێك بە 1 تمەنو نرخی هەر دۆلارێكیش 7 تمەن بو، بەڵام ئێستا نرخی هەر دۆلارێك نزیكەی 12 هەزار تمەنو نرخی هەر لیترێك بەنزینیش 3000 تمەنە.
سەرباری ئەوەش نرخی بەنزین لەئێراندا لەئاستی جیهاندا هەرزانترین نرخە لەدوای وڵاتی فەنزوێلاوە، تەنانەت هێشتا نرخی لیترێك بەنزین لەتوركیا 13 هێندەی نرخی لیترێك بەنزینە لەئێران.