ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ سێ سیناریۆی سەربازی دژی ئێران دەکات
  2026-09-23     

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە ئەنجامدا. ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاراستەی ئێرانی کردووە، هەروەها لەکاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی، بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە پێشبینی دەکەن بەم زووانە شەڕ لەگەڵ ئێران سەرهەڵبداتەوە.

ئاوێنە: ​پێشتر لە میانی وتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە پێشبینی دەکات دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمدا، بتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دا کە ڕووبەڕووی "بڕیارێکی گەورە" دەبێتەوە لەسەر ئەوەی ئایا هەوڵی ڕێککەوتن دەدات لەگەڵ تاران، یان کار بۆ لەناوبردنی دەکات.

​لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی لە زاری ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە کە سوپاکەیان ئامادەکاری بۆ سێ سیناریۆی جیاواز دەکات:

​١. ئیسرائیل ڕووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی ببێتەوە و بە هێزێکی گەورەوە وەڵامی هێرشەکە بداتەوە.

٢. سیناریۆی "نەڕەی شێر ٢"، کە خۆی لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی دژی ئێران بە پاڵپشتی ئەمریکا دەبینێتەوە.

٣. سوپای ئیسرائیل بە تەنیا و بەبێ بەشداریی لایەنی دیکە هێرش بکاتە سەر تاران.

​پێشتریش لەم مانگەدا، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ژێرخان و دامەزراوەکانی وزەی ئێرانی کرد، ئەگەر بێتو تاران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. کاتز هۆشداری دا کە هێرشێکی لەو شێوەیە وا دەکات ئیسرائیل ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ "سەردەمی بەردین و تاریکی".

​وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕوونیشیکردەوە کە نیشانەکان دەریدەخەن فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران، شانبەشانی ترسی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری و ڕووخانی ڕژێمەکەیان، ڕەنگە هۆکار بن بۆ ئەوەی تاران هەنگاوی گرژیئامێز بگرێتەبەر. کاتز جەختی لەوەش کردەوە: "هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئێمە لە هەموو کۆتوبەندەکان ئازاد دەکات و سەرجەم ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە، بەتایبەت کەرتی وزە، دەپێکین و دەیگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەردین."

​جێی باسە، لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر ئێران، لە بەرامبەریشدا تاران بە ژمارەیەک هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو شوێنانەی کە بە پێگەی ئەمریکی لە ناوچەکەدا ناوی بردن، وەڵامی دایەوە.

زۆرترین بینراو
لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا؛ ١٨ کۆچبەری کورد بەهۆی تێکشکانی یەختەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا
هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بە مانگرتنی پێنجوێن هێنا و دەیان کەس دەستبەسەر کران
مەرجەکانی ناردنی بەنزینی 450 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کران
ئەمریکا مەرج بۆ عەلی زەیدی دادەنێت: دوورخستنەوەی لایەنەکانی سەر بە ئێران یان سزای دارایی قورس
گەرمترین ڕۆژی مانگی ئەیلوول بەڕێوەیە؛ کەشناسیی هەرێم پێشبینییە نوێیەکانی بڵاوکردەوە
بەڵگەنامەکان لەنێو ئاو و پوشدا شاردرابوونەوە؛ دەستەی دەستپاکی تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی دەستگیرکرد
تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی: فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەگەری هێرشکردنە سەر حوسییەکان دابەشبوون
ئەردۆغان: کۆتایی بە شەڕی حوسییەکان و سعودیە دەهێنین
کۆمەڵەی پەنابەران: هەواڵی خنکانی کۆچبەرانی ڕاپەڕین لە دەریای ناوەڕاست ڕاست نییە
پێشنیازێک کارمەندانی بەرگری، ناوخۆ و دژەتیرۆر سەرپشک دەکات لە گۆڕینی میلاکەکەیان بۆ مەدەنی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×