عەبدوڵا ئۆجەلان لە نوێترین پەیامیدا ئاماژە بەوەدەکات کە مێژووی ئەرکی پەکەکە کۆتایی هاتووە، دووپاتیشیکردەوە کە کۆتایهێنان بە کار و چالاکییەکان تەڤگەرەکەیان بە واتای کۆتایی یان "خۆبەدەستەوەدان" نییە، بەڵکو گواستنەوەیە بۆ قۆناغێکی نوێی مێژوویی.
ئاوێنە: عهبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی بۆ كۆنفرانسی ئاشتی و ئەنتێگراسیۆنی دیموكراتیك لە لەندەن بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "ئاشتی تەنیا بە ڕێککەوتنامەیەک یان بە یاسایەک نایەتە ئاراوە. دانانی چەک تەنیا دەستپێکێکە. تێپەڕین لە شەڕی چەکدارییەوە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی سیاسی، یاسایی، دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتیی درێژخایەنتر هەیە".
ئاماژەی بەوەشدا، "شۆڕش گۆڕینی دەسەڵات نییە، بەڵکو شۆڕش گۆڕانکارییە لە ڕێگەی بونیادنانەوە. ئەو ئازادییەی لە ڕێگەی توندوتیژییەوە بەدەست دێت، لە ماوەیەکی کورتدا دەبێتە دژبەری ئەو بەهایانەی کە لە پێناویدا شەڕ کراوە".
وەک ئۆجەلان دەڵێت "بەبێ ئاشتییەکی بەشکۆ، دیموکراسی و ئازادی بەردەوام نابن؛ نە دیموکراسی و نە ئاشتی کۆمەڵایەتی ناتوانن لەژێر سێبەری چەکدا ڕەگ داکوتن".
رونیشیکردەوە "پەیوەندیی کورد لەگەڵ تورک، فارس، عەرەب و گەلانی تری سەر ئەم خاکە بە کێشانی سنور چارەسەر نابێت. بە ملیۆنان کورد لە مێترۆپۆل و شارە گەورەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا دەژین".
سەبارەت بە کۆتاییهێنانی مێژووی پەکەکەش، ئەو وتی "پەکەکە کە من داممەزراند، وەک 'تێکۆشانێکی هەبوون' بەپێی هەلومەرجی سەردەمی خۆی سەریهەڵدا. پەکەکە بوونی کوردی سەلماند و زنجیری نکۆڵی پساند. لە جیهانی ئێستای 2026دا، گەلی کورد ڕاستییەکی مێژووییە و چیتر نکۆڵی لێ ناکرێت. لەبەر ئەوە، ئەرکە مێژووییەکەی تەڤگەرەکەمان کۆتایی هاتووە".
وتیشی "کۆتایهێنان بە کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکەدا بە واتای کۆتایی یان خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکو گواستنەوەیە بۆ قۆناغێکی نوێی مێژوویی. ئەگەر ئێمە لەسەر شێوازە کۆنەکە پێداگری بکەین، گەورەترین زیان بەر گەلی کورد دەکەوێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئۆجەلان رایدەگەیەنێت "نابێت چیتر ستایشی چەک بکرێت؛ دەبێت کۆمەڵگە بونیاد بنرێت. سیاسەتی دیموکراتیک جێگەی ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی گرتووەتەوە. بەهێزترین چەکی ئێمە گوتار، یاسا و کۆمەڵگەی ڕێکخراوە".
ئەمە بەشێکی دیکەی قسەکانی ناوبراوە:
ـ ئەو تورکیایەی کە کورد بە هۆشیارییەکی دیموکراتیکەوە بەشداری تێدا بکات، بە ڕاستی دەبێتە کۆمارێکی دیموکراتیک. لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامانج پارچەکردن نییە، ئامانج پێکەوە بونیادنانی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەیە.
ـ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕێگەی دەربازبوون لە قەیرانەکان لە دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی نوێدا نییە کە سنوورەکان وێران بکەن، بەڵکو لە زیندووکردنەوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان گەلاندایە.
ـ پێویستە ئەو کەسانەی خەباتی چەکدارییان کردووە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ژیانی سیاسی و مەدەنی، دەرفەتی ئەوەیان هەبێت لەناو سیاسەتی دیموکراتیکدا بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
ـ پرسی کورد چیتر تەنیا کێشەی گەلێک نییە؛ بەڵکو پرسی داهاتووی هاوبەشی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ـ گەر پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەحاڵ دەبێت بۆ هەر کەسێک داهاتوویەکی ئارامتر، بێوەیتر و شیاوتر بۆ ژیان بونیاد بنرێت.
ـ ئەم پرۆسەیە دژی هیچ گروپێک نییە و بۆ گروپێکی تایبەتیش نییە. بۆ هەموو ئەو کەسانەی لایەنگری چارەسەری، ئاشتی و بەها دیموکراتیکەکانن، بانگەوازی دەستپێشخەری و جوڵانەوەی هاوبەشە.