شاندێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکەن کە لە میانی کۆبوونەوەیەکاندا لەگەڵ بانکی ناوەندی، جەخت لە کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار و پابەندکردنی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە بۆ وەرگرتنی قیستی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە نرخی فەرمی.
ئاوێنە: ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار، بە هاوبەشی لەگەڵ د. غاڵب محەمەد و د. باسم ئەلغرابی سەردانی بانکی ناوەندیی عێراقیان کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا بە تایبەت تیشک خراوەتە سەر پشکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی دۆلار بۆ مەبەستەکانی گەشتکردن، خوێندن و چارەسەری پزیشکی.
لە بارەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران و هاوڵاتیان، بانکی ناوەندی بە شاندەکەی ڕاگەیاندووە کە چەندین جار نوسراویان ئاراستەی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی پێویستیان پێنەگەیشتووە. لە هەمان کاتدا، بانکی ناوەندی جەختی لەوە کردووەتەوە کە نوسراویان بۆ هەرێم کردووە و پێویستە بڕیاری وەرگرتنی قیستی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بە نرخی فەرمی، لە هەرێمی کوردستانیش وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
سەبارەت بە جیاوازی نرخی دۆلار، بانکی ناوەندی ئاماژەی بە هەوڵەکانی کردووە بۆ نزیککردنەوەی نرخی فەرمی و بازاڕی ئازاد، ئەویش لە ڕێگەی خستنەڕووی بڕی زیاتری دۆلارەوە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر بازاڕ. هاوکات تاوتوێی سیستەمی "ئەسیکۆدا" کراوە، کە پێشنیار کراوە دۆلار بۆ مەبەستی هێنانی کاڵا بەکاربهێنرێت و تەنها دوای پشتڕاستکردنەوەی گەیشتنی کاڵاکان بۆ ناوخۆی وڵات، دۆلار بە بازرگانان بدرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاشکرا کراوە کە بڕی ٢.٥ ملیار دۆلار بۆ کەرتی عەقارات و ١.٥ ملیار دۆلار بۆ بانکی نیشتەجێبوون (ئیسکان) تەرخان کراوە بە مەبەستی پێدانی قەرزی خانوو و پشتگیریکردنی هاوڵاتیان. شاندە پەرلەمانییەکە داوایان کردووە هەماهەنگییەکی تەواو لە نێوان حکومەتی هەرێم و دامەزراوە فیدراڵییەکاندا هەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی هەرێمیش لەو قەرز و ئاسانکارییانە سودمەند بن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی نرخی دۆلار کەم بکرێتەوە.
جێگەی باسە، لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا، نرخی فەرمی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە ١٥٠ هەزار دینار جێگیر کراوە، لە کاتێکدا پێشتر ١٣٢ هەزار دینار بوو. بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراق، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە ١٥٠٠ دینارە، نرخی فرۆشتنی بە بانکەکان ١٥١٠ دینارە و بۆ مستەفیدی کۆتایی (هاوڵاتیان و بازرگانان) بە ١٥٢٠ دینار دەبێت بۆ هەر دۆلارێک. بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانە و نادڵنیایی بازاڕەوە، لە ئێستادا بەهای ١٠٠ دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکان و بۆرسەکاندا بەرزبووەتەوە و لە نێوان ١٦٠ هەزار بۆ ١٦٣ هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.